نوسراوێكى به‌په‌له‌ى وه‌زاره‌تى دارایی له‌باره‌ى پاشه‌كه‌وت‌و لێبڕینى موچه‌وه‌
  2023-06-08       1027       

وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی ھەرێم نوسراوێک دەردەکات کە باسی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانیشی تێدایە، ده‌شڵێت، "ده‌بێت سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان زانیاریی پاشەکەوتی موچەو لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی‌و گرێبەست بەجیا لەساڵانی 2015 بۆ 2021، بەکۆی گشتی ڕەوانە بکەن".

ئاوێنە: به‌گوێره‌ى نوسراوێکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی ھەرێم ئاماژە بەوەکراوە، فەرمانگەکان دەبێت هه‌رچى زوه‌ چەند زانیارییەکیان بۆ ڕەوانەبکەن.

جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "زانیاریی پاشەکەوتی موچەو لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی‌و گرێبەست بەجیا لەساڵانی 2015 بۆ 2021، بەکۆی گشتی ڕەوانە بکەن".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى نوسراوەکەى وه‌زاره‌تى داراییدا بۆ وه‌زاره‌ته‌كان هاتوه‌، "کۆی گشتیی قەرزی ئاوو کارەباو کرێی باڵەخانەكانیش بنێرن‌و هەروەها کۆی گشتیی قەرزو پێشینەی خانوبەرەو هاوسەرگیریی‌و کڕینەوەی ئۆتۆمبێلی حکومییش لەگەڵ زانیارییەکان بێت".

به‌گوێره‌ى وته‌ى سەرچاوەیەكى وەزارەتی دارایی كه‌ بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى قسه‌یكردوه‌، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەی وەزارەتی دارایی، داوای ئەو زانیارییانەی کردوەو زانیارییەکانیش تایبەتن بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان‌و زانینی داتاکان‌و ئامادەکردنیان".

بەرپرسەكه‌ى وەزارەتی دارایی جەختیکردۆته‌وه‌، "حکومەت لەبارەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران هەمیشە ئەوەی وتوە، مافێکەو بودجەو ئیمکانیەت هەبێ دەیداتەوە".

پێشتریش د.عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچونی حکومەتی هەرێم ئه‌وه‌ى وتوه‌، "دانەوەی پاشەکەوتی موچە بەشێکە لەپلانی حکومەتی هەرێم‌و لەبودجەی عێراقیش پەسەندمانکردوە، پێویستە گشت پاشەکەوت‌و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێتەوەو جێگیرمان کردوە، دواتر حکومەتی ناوەندی، دیوانی چاودێریی دارایی‌و وەزارەتی دارایی عێراقیش پەسەندیکردوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×