میدیای پارتی بڵاویكردەوە، شەش قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەکاتی بەڕێوەچونی تاقیکردنەوەی وانەی بیرکاری لە چەند قوتابخانەیەکی سنوری پارێزگای هەولێر بە تۆمەتی ئەنجامدانی گزی (غەش) دەستگیركراون.
ئاوێنە: میدیای پارتی، ئەمڕۆ شەممە، لەزاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویكردەوە، لە کاتی بەڕێوەچونی تاقیکردنەوەی وەزاری وانەی بیرکاری، شەش قوتابی لە ژمارەیەک قوتابخانەی سنوری پارێزگای هەولێر ئامێری (بلوتوز)ـیان بەمەبەستی ئەنجامدانی گزی (غەش) بەکارهێنابو، بۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، لەوانەی دەستگیركراون قوتابییەکیان قوتابی قوتابخانەی سەدای هەولێر و قوتابییەکی دیکە قوتابی قوتابخانەیەکی قەزای خەبات و چوار قوتابی دیکەش قوتابی قوتابخانەی شاوێشی هەولێر بون.
رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوەی گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشداری 117 هەزار و 364 قوتابی؛ 75 هەزار و 239 قوتابی بەشی زانستی، 39 هەزار و 113 قوتابی بەشی وێژەیی و سێ هەزار و 12 قوتابی بەشی پیشەیی دەستیانپێکرد.
رۆژێك بەرلەوە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاندبو،"هەر کەسێک وێنەی پرسیارەکان لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەکان بگرێت و بینێرتە دەرەوە، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین و روبەڕوی دادگا دەبێتەوە، چونکە ئەمە بابەتی گزیکردن بەتەنها نییە، بەڵکو قوتابییەکە یان ئەو کەسەی پرسیارەکان دەنێرێتە دەرەوە، دزە بە کۆی پرسیارەکان دەکات و مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا دەکرێت".