"پەسەند کردنی یاسای بودجە، رێگە خۆش ده‌كات بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵیی"
  2023-06-17       754       


ئەندامێکی لیژنەی نەوت‌و غازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای پەسەند کردنی بودجەی گشتی، ئێستا رێگە خۆش بووە بۆ پەسەند کردنی ئەو یاسایانەی تاكو ئێستا راگیراون لەپێش هەمویانەوە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵیی.

ئاوێنه‌: لیژنەی نەوت‌و غاز لەپەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر ئامادەسازی بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەکاتەوە، له‌وباره‌یه‌وه‌ زەینەب جومعە، موسەوی ئەندامی لیژنەی نەوت‌و غازی پەرلەمانی عێراق بەئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاندووه‌، دوای پەسەندکردنی یاسای گشتی بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ئێستا رێگە خۆش بووە بۆ پەسەند کردنی یاسا راگیراوەکانی دیکە، لەپێش هەمویانەوە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵیی.

ئاماژەی بەوەش کردووه‌، پەسەندکردنی یاسای نەوت‌و غاز لەکارە لەپێشینەکانەو بەهۆیە نەخشە رێگای نەوت لەعێراق دەکێشرێت.

جه‌ختله‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بەپەسەندکردنی یاسای نەوت‌و غاز کێشەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەر دەکرێن و مافی هەردولا دەستەبەر دەبێت. ده‌شڵێت، ئێستا لیژنەی نەوت‌و غاز لەپەرلەمانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکاری‌و زەمینەسازین بۆ پەسەند کردنی یاسای نەوت‌و غاز لەنزیکترینکاتدا.

ئەندامه‌كه‌ی لیژنەی نەوت‌و غازی پەرلەمانی عێراق نایشارێته‌وه‌ كه‌ دەستتێوەردانە سیاسییەکان لەلایەن هەندێ لایەنەوە، بەربەستی لەبەردەم یاسای نەوت‌و غاز دروستکردووەو کاریگەری لەسەر پەسەند کردنی یاساکە هەیە.

زەینەب جومعە ڕاشیگه‌یاندووه‌، لەگەڵ ئەوەی لیژنەی نەوت‌و غاز هەوڵدەدات سەرجەم بەربەستەکان تێپەڕێنێت تاکو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا چارسەر بکرێن، بەڵام هەندێ لایەنی سیاسی هەن حەز بەچارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان ناکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×