سوید مافی مانەوە لە سەلوان مۆمیکا دەستێنێتەوە
  2023-07-27       765       

وتەبێژی فەرمانگەی کۆچی سویدی ڕایگەیاند، فەرمانگەکە دەستی بە لێکۆڵینەوەکان کردووە بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پێدانی مافی مانەوە و دابینکردنی پارێزگاری بۆ سەلوان مۆمیکا.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە 27ـی تەموزی 2023، جەسپەر تەنگرۆس وتەبێژی فەرمانگەی کۆچی سویدی بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: "فەرمانگەی کۆچی سویدی زانیاریی پێگەیشتووە لەسەر ئەو هۆکارانەی پێویستن بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوە و دابینکردنی پارێزگاری بۆ سەلوان مۆمیکا".

پێشتر پۆلیسی سوید باسی لە ئەوەکردبوو دوای سوتاندنی قورئان لەلایەن مۆمیکاوە، 2 یاداشتی دژی ناوبراو بە پاساوی هاندان دژ بە گروپێکی دیاریکراو بەرزکردووەتەوە.

هەروەها لای خۆشییەوە، ڕۆژنامەی " ئێکسپرێسن"ـی سویدی ئاشکرای کردووە، سەلوان مۆمیکا لە مانگی نیسانی ساڵی 2021ـدا مافی مانەوەی بۆماوەی 3 ساڵ لە سوید پێدراوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە ئەوەش داوە، مۆمیکا بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە وتویەتی ئەو هاوڵاتییەکی بێ ئاینی بە ئەسڵ مەسیحیی ئارامییە و پێشتر سەرۆکی پارتێکی سیاسیی نەیاری حکومەتی عێراق بووە و کاری لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی تایبەت بە مەسیحی و ئێزدییەکان لە ناوچە مێژوییەکانیان کردووە.

ئاماژەی بە ئەوەش کردووە حکومەتی عێراق دەستگیری کردووە و ستەمی لێکردووە، هەربۆیە ئەو وڵاتەی جێهێشتووە و پەنای بۆ وڵاتی سوید هێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×