دەستگیركراوێكی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوی ئێران لە "دۆخێكی گوماناوی"دا گیانی لەدەستدا
  2023-09-01       359       
جەواد روحی، ئەو دەستگیركراوەی خۆپیشاندانەكانی ئێران كە دوێنێ گیانی لەدەستدا

دوێنێ 31ی ئاب، جەواد روحی، یەكێك لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوی ئێران كە لە زیندانی نوشەهەر لە باكوری ئەو وڵاتە دەستگیركرابو، گیانی لەدەستدا. هیومان رایتس ۆوچ دەڵێت، روحی لە دۆخێكی گوماناویدا گیانی لەدەستداوە ئەوەش جێی نیگەرانییەكی زۆرە لەبارەی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵی كراوە.

ئاوێنە: دوێنێ زیندانی نوشەهەر لە پارێزگای مازندەرانی باكوری ئێران، لە راگەیەندراوێكدا وتی، جەواد روحی، بەرەبەیانی پێنجشەممە، لەدوای توشبونی بە "شۆكی مێشك"، بەڵام وێڕای پێدانی چارەسەر، گیانی لەدەستداو داواكاری گشتی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری گیانلەدەستدانی دەكات.

پارێزەری روحی گیانلەدەستدانی ناوبراوی پشتڕاستكردۆتەوەو بەپێی زانیارییەكانی هیومان رایتس ۆوچ، هێزە ئەمنییەكانی ئێران گوشاری لە خێزانەكەی كردوە كە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی سنورداربێت.

تارا سپەهری، لێكۆڵەری باڵای پسپۆڕ لە كاروباری ئێران لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، ئەو تۆمارە قێزەونەی دەسەڵاتداران لە زیندانەكانی ئێران لە ئەشكەنجەدان و مامەڵەی خراپ هەیانەو گیانلەدەستدانی جەواد رۆحی دەخاتە دۆخێكی گوماناوی. دەبێت لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە ئەنجام بدرێت چونكە هیچ باوەڕێك بەوە نەماوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران لێكۆڵینەوەی شەفاف ئەنجام بدەن.

جەواد روحی لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردودا دەستگیركرا، هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاندوە، لەدوای دەستگیركردنی ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە.

لە 13ی كانونی یەكەمی 2022، دادگای ئیران سزای لەسێدارەدانی بۆ جەواد روحی دەركرد، ئەوەش لەدوای دادگاییكردنێكی 45 خولەكی. لە 23ی ماگی ئایاری ئەمساڵ، پارێزەرەكەی روحی وتی، دادگای باڵای ئێران، پێداچونەوە بە سزاكەی روحی قبوڵكردوەو سزای لەسێدارەدانەكەی لەسەر نەماوە دوبارە دادگایی دەكرێتەوە.

بەپێی قسەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2010ەوە تاوەكو ئێستا لانیكەم 72 حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیندانیان لە ئێران تۆماركراوە كە لەوانە 46 كەسیان بەهۆی ئەشكەنجەو مامەڵەی خراپەوە گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×