"هێزەكانی ئاسایش لە بارەگاكانی كۆمەڵەو دیموكرات لە زڕگوێزو كۆیە جێگیركران"
  2023-09-18       1007       

دەنگی ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە، لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بڵاویكردەوە، "هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لە بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە زڕگوێز و کۆیە جێگیرکراون." سەرچاوەكە دەشڵێت: ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە داوای دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی 22 سەرکردەی حزبە کوردییەکان دەکات، لە حاڵەتی ڕادەست نەکردنیشیاندا هۆشداری داوەتە عێراق و هەرێم.

ئاوێنە: سەرچاوەکە كە داوایکردوە ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە"ئێران لەلایەن عێراقەوە ئاگادارکراوەتەوە، ئەگەر ئەو 22 سەرکردە کوردەی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی ڕادەست نەکرێت، خۆی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرش دەکاتە سەریان."

بەوتەی سەرچاوەکان بەشێک لە ناوەکان بریتین لە،"مستەفا هیجری، ڕەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولودی، حسێن یەزدانپەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار و چەند کەسێکی تر."

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە،"من ئاگاداری وردەکاری گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عێراق و هەرێم نیم لە بارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانەوە."

سبەی سێشەمە 19ی ئەیلول، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ئێران دیاریکردبو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، تا حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لە چەک دابماڵن.

سەرچاوە نزیکەکە لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان وتوشیەتی،"هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لە بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە زڕگوێز و کۆیە جێگیرکراون، هیچ چەکدارێک لە ناو بارەگاکاندا نەماون."

سەرچاوەکە وتوشیەتی"بەشێک لە ئۆردوگاکان ژن و منداڵیان تێدایە و هەندێکی تریشیان ئۆردوگاکانیان جێهێشتوە، هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە ئۆردوگای حزبە کوردییەکان نەماوە."

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، شەوی دوشەممە لەسەر سێشەممە، گومانی سوڕانەوەی درۆنی ئێرانی بەسەر ناوچەی زڕگوێز و کۆیە دەکرێت، بۆیە بەشێک لەو خێزانانەی لە ناو ئۆردۆگاکاندا مابونەوە، ئەوانیش ماڵ و حاڵیان جێهێشتوە.

کۆنترۆڵکردنی بنکەو بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی زڕگوێز و کۆیە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردو هێزە چەکدارەکانی سەربەو دو پارتە لە ناوچە سنورییەکانی ئێران کشانەوە.

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بۆ ئەوەی هەرێم توشی گرفت نەبێت، هێزەکانمان لە سنور کشاندوەتەوە، بارەگاکانیشمان تەنها خەڵکی سڤیلی تێدایە."

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا، چیتر ڕێگە بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نادەن، هاوشێوەی جاران چەکداربن، چونکە هەرێم لە ژێر فشاری گەورەدایە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×