لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌ی كه فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌تی له سلێمانی بۆردومانكرد له توركیاوه هاتوه‌ته ناو خاكی عێراقه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌م ده‌ستدرێژییه پێشێلكردنی سه‌روه‌ری و ئاسایش و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه، عێراق مافی خۆیه‌تی كۆتایی به‌م پێشێلكارییانه بهێنێت.
ئاوێنە: لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، كاتژمێر 5:00ی ئێواره‌ی ڕۆژی دوشه‌ممه فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان له‌ودیو سنوری توركیاوه هاتوه‌ته ناو خاكی عێراق و پاشانیش فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌تی له پارێزگای سلێمانی بۆردومانكردوه، كه بوه هۆی شه‌هید بونی سێ قاره‌مانی ده‌زگای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و برینداربونی سێ قاره‌مانی تر.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌م ده‌ستدرێژییه پێشێلكردنی سه‌روه‌ری و ئاسایش و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه، نوێنه‌رایه‌تی پێشێلكاری و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌كات بۆ سه‌ر ئاشتی و ئاسایش له ناوچه‌كه و جیهان، پێشێلكردنی بڕگه‌كانی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها پێشێلكردنی بنه‌ماكان و ئامانجه‌كانی میساقی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه.
وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كان جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌م هێرشه دوباره‌بوانه له‌گه‌ڵ بنه‌مای په‌یوه‌ندیی باشی دراوسێی نێوان وڵاتان ناگونجێن و هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدانی هه‌وڵه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ بنیاتنانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش و هاوسه‌نگی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا.
لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ ده‌شڵێت، "عێراق مافی خۆیه‌تی كۆتایی به‌م پێشێلكارییانه بهێنێت".
پاشنیوه‌ڕۆی دوێنێ دوشه‌ممه فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌تی كرده ئامانج و به‌هۆیه‌وه سێ پێشمه‌رگه‌ی دژه‌تیرۆری كوردستان (CTG) شه‌هیدبون و سێ پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش برینداربون.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دژه‌تیرۆری كوردستان (CTG) له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه، "پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی دوشه‌ممه فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت له سلێمانی له‌لایه‌ن داگیركه‌ران و ناحه‌زانی ئارامی و ئاسایشی هه‌رێم به فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كرایه ئامانج كه به‌داخه‌وه سێ هه‌ڤاڵ و پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی دژه‌تیرۆری كوردستان شه‌هیدبون و 3 پێشمه‌رگه‌ی تریشمان برینداربون".