قوباد تاڵەبانی: سوتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتی لە بەغدا جێی قبوڵكردن نییە
  2020-10-17       552       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەمو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق.

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا وتی"سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەمو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق."

وتوشیەتی"بەتوندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەم و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانمان دەكەین لە بەغدا لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستور و سیمای فرەجۆری عێراقەو زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا."

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختیكردۆتەوە"ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی كورد بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەكانی سەرمان کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لەهەمو کات زیاتر پێویستی بەیەکریزی و تەبایی هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×