‌ھەوڵەکانی ناشرینکردنی کۆمەڵی ئیسلامیی بۆ؟!

محه‌مه‌د حه‌كیم
  2019-04-09     858

ماوەیەکە لەسەر پرسی پێکھێنانی حکومەت، ھەریەکەو بەنیازێک ھەڵوێست و لێدوانی کۆمەڵ لەسەر بەشداریکردنی لە کابینەی حکومەت شی دەکاتەوە، کە زۆرێکی بە مەبەستی لێدانە لە کۆمەڵ و لەقکردنی پێگەیەتی لەناو جەماوەر، وە وێناکردنییەتی بەوەی چاوەڕێی مەرحەبایەکی پارتییە بۆ بەشداریی لە کابینەکە، ھەربۆیە لەم ڕووەوە سەرنجەکانم پەیوەست بەو بابەتە دەخەمەڕوو:

لە بنەڕەتدا کۆمەڵ وەکو حیزبێکی سیاسیی، کرۆکی کاری کۆکردنەوەی خەڵکێکی زیاترە لە جەماوەری کوردستان لە بەرنامەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، جا ئەمە بە بەشداریکردن ھاتەدی یان پێچەوانەکەی، ئەوا ئاساییە کامیان بگرێتە بەر، بۆیە ئەگەر کۆمەڵ زۆر تامەزرۆی بەشداریی بوایە، تەشبیھـ نەبێت وەکو ھەندێک ناحەز دەیانەوێت وا وێنا بکەن کە بێزوو بە بەشداریکردنەوە دەکات لە حکومەت،

 ئەگەر بەو شێوەیە بوایە ئەوا چاک دەمانزانی ڕێگەی بەشداریکردن و ھاتنەپێشی گەرم لە کۆمەڵ چۆنەو لەکوێوەیەو وە چی کاتێک ھەنگاوی بۆ بنێین، بەڵام چونکە زۆر پەرۆشی بەشداریی نەبوین پەنامان بۆ نەبردو ھێشتمانەوە بۆ سیاقی یاسایی و حاڵەتی ئاسایی خۆی، بەڵام ڕاستییەک ھەیە ئەویش ڕاشکاوانە دەیڵێین:  کە بڕیاری پێداچونەوەو بەستن و پتەوکردنی پەیوندییە حیزبییەکانمان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان، لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی تەندروست پێش ھەڵبژاردنەکان دابوو، بۆیە ئەمەش لە لێدوان و ھەنگاوو دیدارەکانماندا دەرکەوت، وە خودی ئەمیری کۆمەڵ کە دەڵێت:"ئەوەی سەلامێکمان لێ بکات ئێمە گەرمتر وەڵامی دەدەینەوە"، لەم بڕیارەوە سەرچاوەی گرتووەو مەبەستی پەیوەندییە، نەک بەشداریی لە حکومەت، ھەر خودی خۆیشی لەو پەیوەندی و دیدارانەی لەگەڵ لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی، دووپاتی کردووەتەوە کە کۆمەڵ چاوەڕێیە حکومەت لە خزمەت خەڵک و جەماوەر بێت،بەدەر لەوەی کە کۆمەڵ بەشدارە تێیدا یان نا، لەم سۆنگەیەوە ئەمیری کۆمەڵ و ئەنجومەنی سیاسیی لای پارتی باسی لە گرنگیی بەشداریی  یەکێتی کردووەو لای یەکێتیش بە ھەمان شێوە باسی لە گرنگی زوو پێکھێنانی حکومەت کردووە، وە لای گۆڕان ھیچ نیگەرانی بەشداریکردنیانی دەرنەبڕیوە، بەڵکو ھیوای خواستوە کە بە نوێنەری سەرکەوتوو بەشداریەکی سەرکەوتووانە بکەن، 

وە داواشی لە کەس نەکردووە کە شەفاعەتی بۆ بکات لای پارتی تاکو بەشداری پێ بکات، ئێمە لەگەڵ پارتی و ھیچ حیزبێکی تر پێویستمان بە تەرەفی سێیەم نییەو ھەموو دەزانن کە کۆمەڵ خاوەن پرەنسیپی خۆیەتی و پێی دەناسرێتەوە، بۆیە کاتێک دەڵێین پەیوەندی تەندروست لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات دەبەستین، مەبەستی خۆمانمان ھەیە کە بۆ بەستنی پەیوەندی لە پرەنسیپی خۆمان لانادەین و کاتێک پەیوەندی تەندروستمان دەبێت لەگەڵ ھەرلایەک واتا لەگەڵ ھەموو دامەزراوەکانی حیزبەکە، بە سەرۆک و مەکتەب سیاسی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیان، دوور لەوەی لەناو ھەندێک حیزب تێڕوانینی جودا بۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵ ھەبێت، ئێمە بەیەک چاو تەماشای ھەمووان دەکەین و یەک مامەڵە دەکەین و ئومێد دەکەین پەیوەندیەکانمان بەشێوەیەک بن، کە ڕەخنەو سەرنج و پێشنیارەکانمان بتوانین بێ پەردەو ڕووبەڕوو بیانڵێین و دڵسۆزانە ھاوکاربین بۆ خزمەتی خەڵک، پێش ئەوەی ناچار بین لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی بکەین.

کۆمەڵ لەسەر پرەنسیپەکانی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی و سیاسەتی ئەخلاقیانەی خۆی بەردەوام دەبێت و ھەر ھەنگاوێک لەخزمەت خەڵک بێت دەیگرێتە بەر و ھەوڵی سەقامگیریی و ئاشتەوایی زیاتر دەدات و پشتیوانی ھەر ھەنگاوێکە بۆ خزمەت بە ھاوڵاتیان و نەھێشتنی گەندەڵی و بەرپاکردنی دادگەریی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×