تایه‌ مه‌سوتێنن

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-03-19     275
سێ شت ژینگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی‌ و خودی‌ ژینگه‌ خۆی‌ ده‌شێوێنن، یان به‌ قه‌ولی‌ باو پیس ده‌كه‌ن: ئه‌و سیاسیانه‌ی‌ سیاسه‌ت نازانن و پێچه‌وانه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ باكه‌ سه‌وڵ لێده‌ده‌ن و كه‌نار ون ده‌كه‌ن، ئاین ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌زانێ چۆن به‌كاری‌ دێنێت و هه‌میشه‌ وه‌ك په‌رچه‌كردارمامه‌ڵه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ بكات، واته‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ هۆیه‌ك بۆ ئارامی‌ ده‌رون و قوڵكردنه‌وه‌ی‌ گیانی‌ پێكه‌وه‌ ژیان، ببێته‌ ئه‌فیون.

پیسكردنی‌ ژینگه‌ به‌ گه‌مژه‌یی‌، پیسكردنی‌ ژینگه‌  به‌ گه‌مژه‌یی‌ به‌ زۆر شێواز ده‌كرێت، له‌ فڕێدانی‌ قونكه‌ جگه‌ره‌یه‌كه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ وه‌شاندنی‌ ناپاڵم و موشه‌ك و كه‌ره‌سه‌ ناشرین و قێزه‌ونه‌كانی‌ سه‌ربازی‌.

كورد یه‌كێكه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌ی‌ كه‌لتورو ئاینه‌كه‌ی‌  فێری‌ رێزگرتنی‌ ژینگه‌یان كردووه‌، لێ ده‌یان ساڵه‌ پشتی‌ كردوه‌ته‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌، چاندنی‌ دارو دره‌خت له‌ كه‌لتوری‌ كوردیدا وه‌ك كارێكی‌ پیرۆز سه‌یر كراوه‌، ته‌نانه‌ت ره‌نگی‌ سه‌وزیش جگه‌ له‌ مانا ئاشكراكه‌ی‌ خۆی‌ ماناو پێناسه‌ی‌ تریشی‌ پێبه‌خشراوه‌ ،به‌ڵام ئه‌م كورده‌ی‌ ئێستا وانیه‌، ئه‌م كورده‌ی‌ ئێستا ئه‌چێ بۆ گه‌شت و سه‌یران، لێ له‌ دوای‌ خۆیه‌وه‌ زبڵخانێك به‌ جێده‌هێڵێت، له‌ ناو بازاڕو له‌ شوێنه‌گشتیه‌كان و له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان دوای‌ خواردنه‌وه‌ی‌ ئاوه‌كه‌ی‌ ده‌به‌كه‌  فڕێده‌داته‌ سه‌ر جاده‌كه‌، هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێیه‌ یه‌كێكی‌ تر پاشماوه‌كانی‌ كۆبكاته‌وه‌، ده‌شت و ده‌ر پڕده‌كات له‌ شوشه‌ی‌ عه‌ره‌ق و بیره‌و ویسكی‌ و هه‌ندێك جار ده‌یكاته‌ نیشانه‌، پێی‌ وایه‌ ئه‌و دارو دره‌خته‌ی‌ له‌و ده‌شت و ده‌ره‌ن بۆ ئه‌وه‌ كراون ئه‌و بیانشكێنێ و بیانسوتێنێ.

ئه‌م كورده‌ی‌ ئێستا وه‌ك چۆن بۆ بردنه‌وه‌ی‌ به‌رشه‌و ریاڵ، بۆ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ بوك به‌ ته‌ققه‌كردن خۆشی‌ ده‌رده‌بڕێت، بۆ كه‌وتنی‌ سه‌رماو هاتنی‌ به‌هارو نه‌ورۆزیش تایه‌ ده‌سوتێنێت، تایه‌ سوتاندن هه‌زارو یه‌ك نه‌خۆشی‌ و ده‌ردی‌ پێوه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌ ده‌وریدا هه‌ڵده‌به‌زێته‌وه‌ و كه‌یف ده‌كات، ئه‌مه‌ چێژبینینی‌ گه‌مژانه‌یه‌ له‌ پیسكردنی‌ ژینگه‌.

هه‌ق نیه‌ به‌ سوتاندنی‌ تایه‌و پیسكردنی‌ ژینگه‌ دڵخۆش بین، كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ هۆشیاری‌ ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه‌ نه‌بینه‌ یه‌كێك له‌و سێ خاڵه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌، باله‌ بری‌سوتاندنی‌ هه‌ر تایه‌یه‌ك  فێر بین نه‌مامێك بڕوێنین، چه‌ند ئاكاری‌ ده‌بوو هه‌ر خێزانێك كه‌ ده‌چوونه‌ ده‌شت و ده‌ر بۆ سه‌یران نامامێكیان له‌ گه‌ڵ خۆیان ببردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیڕوێنن.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×