پەروەردە لەسایەی کابینەی نۆیەم؛ گریمانەو ئومێد

پەشێو م. نوری
  2019-07-19     1273
"فەلسەفەی پۆلی قوتابخانەی نەوەیەک، دەبێتە فەلسەفەی حکومەتی نەوەکەی دوای ئەو"
ئیبراهیم لینکۆڵن

سیستەمێکی پەروەردە کە خەڵکەکەمان توانادار بکات بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان‌و پاڵپشت بێت بۆ بەها دیموکراتییەکان، پەرەپێدانی ئابوری و خۆشگوزارانی کۆمەڵایەتی.
(دووەم پەرەگرافی دیدگای کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠.  دیدگایەک بۆ ئایندە, ژ.لا. ٨)

ئەم نوسینە بەگریمانەیەک‌و ئومێدێکەوە نوسراوە. گریمانەی ئەوەی کە نیەتی بێگەردو  ئەگێندای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 'چاککرنی ئێستا بەلەبەرچاوگرتنی داهاتوی دوور' بێ، و ئومێدی ئەوەی کە ئەم گریمانەیە پشتڕاستبکرێتەوە و بە واقع بکرێت. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ووتاری سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی کە دەڵێت " لای ئێمە هاووڵاتی میحوەری سەرەکی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنیانە بەبێ جیاوازی" . بەم پێیەش مامۆستا و قوتابی 'هاووڵاتی'ن و دەکەونە چوارچیوەی ئەم میحوەرەوە.

ئەمانەی خوارەوە چەند بیرۆکە و پێشنیارێکن بۆ بەرفراوانترکردنی بژاردەکانی بەردەم وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە مەسەلەی چاکسازی لە بواری پەروەردەی پۆلەکانی یەکەمەوە تاوەکو پۆلی دوازدەهەم.

یاسایەک بۆ یاسادەرکردن
چەندان لێکۆڵینەوە هەن (بێ گومان لە شوێنکاتی کوردستان نا، ئەمەش لەبەر ئەوەی لیکۆڵینەوەی پەروەدەیی زۆر دەگمەن دەکرێن و ئەوەیشی کرایە کاری پێ ناکرێت) ئەوە پشتڕاستدەکەنەوەکە بە پایاننەگەیشتن و سەرنەکەوتنی جێبجێکردنی یاساکان لە ئاستی قوتابخانە هۆی ئەوەیە کە ١) مامۆستایان و ئەوانەی کە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کردەی فێرکردن و کاری پۆل لە دروستکردن و دەرکردنی یاساکان تێوەنەگلاون، ٢) ئەوانەی کە یاساکان دەردەکەن لە ئەزمونی فێرکردن و کایەی پەروەردەیی ناو قوتابخانە و پۆل داترازاون، واتە دەکرێ کاری مامۆستاییان نەکردبێ یا لە کۆندا کردویانە. 
بۆیە بە یاساکردنی یاسادانان لەلایەن شارەزایانی سیاسەتی پەروەردەیی و زانستی پەروەدەیی و مامۆستایان ئەگەری کردەیی-بونی یاسا پەروەردەییەکان زیاتر دەکات. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە زانینی ئەوەی کە ئایا یاسایەک لە شوێنکاتی فێربون و فێرکردن عەمەلیە یا نا تەنها کەسانی ناو بوارەکە، واتا مامۆستایان و بەڕێوەبەران، دەتوانن پشڕاستی بکەنەوە. ئەوەش جگە لەوەی کە ڕێژەی گلەیی و ناڕەزاییش کەمتر دەکاتەوە.

وەزارەتی پەروەردە بوار بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی بکاتەوە و کاریان پێ بکات
ساڵانە کێشەی پەروەردیی هەنوکەیی دیاریبکرێت و داوەتی لێکۆڵەرانی پەروەردەیی بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان. پاشان متمانە بە بەرئەنجام و دۆزینەوەکان بکرێت و بکرێنە توێشوی بڕیار و کردار. بێگومان ئەم لیکۆڵینەوانە دەبێ بودجەی بۆ دابین بکرێت و پێوەری کارامەیی لە میتۆدی لێکۆڵینەوە بکرێنە بێژینگی هەڵبژاردنی لێکۆڵەر.
کۆنفرانس ببێتە خۆراکی بەرئەنجامی بریاری پەروەردەیی و یاسای پەروەردەیی، نەک بریار پێش کۆنفرانس بدرێ و کۆنفرانس بیانوی بە زانستی و ئەکادیمی کردنی ڕا و بەرژەوەندی شەخسی بێت. 

شتێکی جەوهەریی و بنەڕەتیە کە ئەو کەسانەی لە لیژنەی داڕشتنی یاسا پەروەردەییەکانن، کەسانێک بن مامۆستای پۆل بن/بوبن.
لێکۆڵینەوەکان بێ شومارن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هۆکارێکی گرنگی بەرجەستە نەبون و بە واقیع نەبونی تەواویی یاسا و پەیڕەوە پەروەردەییەکان لە قوتابخانە و شوێنە پەروەردەییەکان، نوسینەوەی ئەو یاسایانەیە لەلایەن کەسانێکەوە کە ئەزمونی فێرکردن و کاری مامۆستاییان یا کەمە یا نیە. هەندێ لەم سەرچاوانە ئەمانەن:
  (Ingersoll, 2003; Smith, 2004; Stein, 2004; Trait, 2008; Duncan-Howell , 2010; DuFour, 2011; Greene, 2017)

شکۆی مامۆستا
پێویستە مامۆستا موچەیەکی هەبێ پێویستی بە ئیشی دووەم نەبێ. بیری لەلای کارەکەی خۆی بێ، نەک کارێکی تری. پێویستە مامەڵەیەکی پیشەییان لەگەڵ بکرێت. پاڵپشتی کردن و ڕاهێنان و موچەیەکیان هەبێ وەکو هەر پیشەگەرێکی تر. ناسیاوێکم دەچێت بۆ یەکێک لەو کۆمپانیە گەورانەی نەوت و وەکو ئەندازیار دادەمەزرێت.  هەر لە سەرەتای کارەکەی دەست دەکەن بە ڕاهێنانی ئەو کەسە. لەماوەی ساڵێک یا زیاتر بە مەبەستی ڕا‌هێنان دەینێرن بۆ دوو ووڵاتی دەرەوەی عێراق. لە کۆمپانیا دەپرسی، ئەی باشە تۆ ئەو هەموو پارەیە لەوە کەسە خەرج دەکەی، چی ئەگەر نەمایەوە لەلاتان؟ چی ئەگەر زوو ئەم کۆمپانیایەی جێهێشت؟ لەوەڵام دەڵێن: "ئێمە خەمی ئەوەمان نیە بروات، بەڵکو خەمی ئەوەمانە بمێنێتەوە و بە ناکارامەیی و نەزانی کارەکانی کۆمپانیا ڕاپەڕێنێ! ئەوکات زەرەرەکەمان زۆر لەوە زیاتر دەبێ لە زەرەری ئەگەری ئەوەی ئەو جێمان بێڵێ". 
دەپرسم؛ ناکرێ ئەم تێگەیشتنە لە دامەزراندن و مامەڵەکردن لەگەڵ مامۆستا دەستەبەر بکرێ؟
 دەبێ لە بیرمان نەچێ "هیچ سیستەمێکی پەروەردەیی لە مامۆستاکانی باشتر نیە" و بەرهەمهێنانەوە لە مامۆستا، بەرهەمهێنانەوەیە لە پەروەردە. 

دابینکردنی هەلی فێربونی بەردەوام بۆ مامۆستا
ئێمە دەزانین کە دڵسۆزیی مامۆستا و تامەزرۆیی مامۆستا بۆ فێربون لەم ساتەی هەرێمی کوردستان لە بارێکی شلۆق دایە. بەڵام ئەگەر کار بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی مامۆستا بکرێت، دڵسۆزبونی مامۆستاش بۆ کارەکەی شتێکی پڕ ئەگەرە. پێویستە پڕۆژەیەکی کرداریی بخرێتە کار بۆ لیكۆڵینەوە لە دابەزینی ئاستی دڵسۆزی مامۆستا و کار لەسەر دۆزینەوەکانی بکرێت. ناکرێت بە کۆکردنەوەی پۆینت و هەگبەی مامۆستا (وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستەبەری دەکات) کار بکرێت. چونکە ئەو دەمەی کۆکردنەوەی پۆینت دەکرێتە ئامانج و بە پەیڕەو دەکرێت، ئامانج لە دڵسۆزیی و خودسازی لەلای مامۆستا لە 'باشتربونی بەیانیم لەمڕۆ'وە دەگۆڕێت بۆ تەنها و تەنها کەڵکەڵەکردنی پۆینتی ساڵانە و بەس. لە کاتێکدا کواڵیتی کردەی فێرکردن و کاری مامۆستایی هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوە نیە کە مامۆستا باوەڕی بەم جۆری کارە نەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە هیچ بەرژەوەندیەک، هیچ مانایەک لەم  پۆینت کۆکردنەوە نادۆزێتەوە. نازانێ بۆ دەبێ بیکات. ئامانجی پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵ و خودسازیەکەی لا ڕوون نیە، یاخود یەکناگرنەوە. هەر بۆیە دەگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ مامۆستا شکۆی هەبێ و ئامانجێک لە پشت ئەم شكۆداریەی بونی هەبێ.

سەرنج و هەل و سەرچاوە و پاڵپشتی یەکسان بۆ کەرتی گشتی و تایبەت
گۆڕینی بینینی منداڵ/فێرخواز وەکو کاڵایەکی بازاڕی بەدەستهێنانی پارە لە نێوان باوان و خاوەن قوتابخانە. دەکرێ ئەمە بە نیازێکی ئاشکراوە نەکرێت، دەکرێ هەر پێی نەزانرابێ. بەڵام ئەوەیە کە دەیبینین. منداڵ کراوە بە کاڵای بازرگانی لە نێوان کڕیار (خاوەن قوتابخانە) و فرۆشیار (دایک و باوک). بێ گومان مەبەستم لە هەموو قوتابخانەیەک نیە، هەندێ قوتابخانە دامەزراون بە هۆی ئەوەی قوتابخانە گشتیەکان کاری خۆیان ناکەن. خەمی پەروەردەیی دروستی کردون، نەک خەمی دروستکردن و بەدەستهێنانی پارە. بەڵام هەر دەبێ هۆشیارتر بین لەوەی کە هەین.
ئەو سەرنج و هەل و پاڵپشتیەی کە بۆ قوتابخانە تایبەتەکان بونیان هەیە، بە هیچ شێوەیەک بۆ قوتابخانە گشتیەکان بونیان نیە. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە بریاردبەدەستان خاوەن بزنسەکەن!

سەرکردایەتی قوتابخانە
بەدەستهێنانەوەی متمانەی دایک و باوک لەلایەن قوتابخانەوە. بۆ ئەمەش بەڕێوەبەر و مامۆستایان ڕۆڵیکی گرنگ دەبینن لە بەجێگەیاندنی. ڕەخساندنی هەلی خودسازی و گەشەپێدانی ئامانجدار نەک هەڕەمەکی بۆ بەڕێوەبەران. گەشەپێدان نەک هەر لەبارەی کاری کارگێڕی ووشک بەڵکو لەبارەی چۆنیەتی بەڕیوەبردن و  مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤ. لە کۆتاییدا تەواوی کایەی پەروەردکردن وەکو پرۆسە بریتیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤ.
هەروەها، پێویستە پرۆسەی چاودێریی و سەرپەرشتیاریی پەیڕەودار بکرێت و مامۆستاش بە تەواوی هەنگاو و ناوەڕۆکی ئەم پەیڕەوە بزانێت. زۆربەی مامۆستایانی زۆربەی وانەکان پەیوەندیەکی تەندروستی پەروەردەییان لەگەڵ سەرپەرشتیارانیان نیە. هەر ئەوەی کە مامۆستا وانەی دوێنێ دووبارە دەکاتەوە لەوڕۆژەی کە سەرپەرشتیار یا موشرفی دێت بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە متمانە لە نێوان ئەم دوو ئەکتەرە پەروەردەییە نیە! ئەگەرنا بۆچی شتێک دەشارێتەوە؟ بۆیە  ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان مامۆستای وانە و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هەروەها بە پەیرەوکردنی ،کارێکی پێویستە.

پشت بەستن بە حوکمدانی پەرەوەردەیی/زانستی/مرۆیی نەک میزاجی
ساتی دانی هەر بڕیارێک گرنگترین ساتە بۆ تەواوی هەموو ئەو کەسانەی دەکەونە بەر ئەم بڕیارە. جا گەر بێتو بریار لە بێ ئەزمونی، یا بێ زانستی، یا میزاجیانە بدرێت، ئەنجامی بڕیار ئامانجی هەڵە دەپێکێ! ژیانی کەسێکی تر هی کەسی تر نیە بڕیاری ناحەکیمانەی لەسەر بدرێ. بۆیە دەبێ بریاردەران بگەڕێنەوە بۆ لیكۆڵینەوە و خوێندنەوە و بەدواداچون و ڕاوێژکاریی، پێش ئەوەی بریارێک بدرێت. جا ئەمە هەر  لە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانی پەروەردەیی دەگرێتەوە تا دەگاتە بریاری ئەوەی منی مامۆستا، بەیانی بۆ ووتنەوەی دەمی 'ڕانەبردووی تەواو' چی بەکاربهێنم و چۆن ڕوونیبکەمەوە لە پۆلدا .

یەكێیتی مامۆستایان کار بۆ 'یەکیەتی' مامۆستایان بکات نەک ترازانیان
پێش هەموو شتێک، یەکێتی مامۆستایان وەکو دەزگایەک پێویستە لە حزببونی بکەوێت. دەکرێت بەڕێوەبەرانی کەسانی حیزبی یا سیاسی بن، بەڵام ناکرێت دەزگاکە بۆ ئامانجی حیزبی بەکاربهێنرێت. لە بەڕێوەبردندا ناسنامەی پیشەگەریی و ناسنامەی کەسی دوو شتی لێکجیان. گەر ئەمە بەجێهات. ئینجا دەکرێت یەکێتی مامۆستایان کاربکات بۆ باشترکردنی بارودۆخی پەروەردە و خۆشیان متمانەی مامۆستا بەدەستبهێننەوە.  وای بۆ دەچم گرنگترین کار یەکێتی مامۆستایان بیکات بەرزکردنەوەی پرۆپۆزەڵێکە بۆ پەرلەمان و وەزارەت. هەروەها سووربون و بەردەوام بون لەسەر بەپایان و بە ئەنجام گەیاندنی. دەکرێت ئەم پرۆپۆزەڵە پێکهاتنێک بێت لەنێوان یەكێتی مامۆستایان و حکومەت لەسەر  هەر شتێک کە بارودۆخی پەروەردە باشتر کات. بە نمونە دەکرێ ئەمانە لە خۆ بگرێت؛ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی کەسی مامۆستا، بینایەی قوتابخانەکان، قەبارەی پۆل، کەمکردنەوەی ڕیژەی وازهێنان لە قوتابخانە، و چۆنیەتی دامەزراندنی بەڕێوەبەر لەسەر بنەمای دلسۆزی بۆ پەروەردە و فێرکردن نەک کادیرێک بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی زیاتر بۆ حیزب. دەکرێ دەنگی مامۆستایانیشی بۆ کۆبکەنەوە. 

گۆڕینی سەرنج لەسەر ناوچەی ئیلیتەوە بۆ ئەو ناوچانەی پێویستیان بە پاڵپشتی هەنوکەیی هەیە (بۆ ماوەیەکی کاتیی)
ئەو قوتابخانانەی کە لە گیژاوی بێ یاسایی و ناکارامەیی ستاف لە مامەڵەکردن و لەدەست دەرچونی فێرخوازان کەوتون. نمونە بۆ ئەم جۆرە قوتابخانە زۆرە. هۆکاریان ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک سەرنجێکی خەمخۆرانەیان لەسەر نیە. کەسانێک دەسەڵات بەدەستن بۆ بریاردان، ئەزمون و زانستی پەروەردەییان کەمە یا نیە. ئەمە جگە لە ڕووشان و نەمانی ڕێز لەنێوان ئەمان و مامۆستایانی قوتابخانە. ئاشکرا دیارە کە سەرنج خراوەتە سەر بەشێکی دیاری خوغرافی شارەکان لە ڕووی خەمی پەروەردەییەوە.
دەکرێت ئەمەش بەوە بکرێت کە ئەو ناوچانەی لە چاودێری و خەملێخواردن بێبەریکراون، بۆ ماوەیەکی کاتیی بکرێنە ئامانجی چاکسازی و ڕێسا و یاساکاریان بۆ بکرێت. 

هیچ زانستێک لەویتر گرنگتر نیە بۆ ئەزمونی مرۆڤ لەسەر زەوی
دەبێت لای تەواوی دانیشتوانی هەموو قوژبنێکی ئەم هەرێمە یەکلابێتەوە کە زمانی ئینگلیزی زانست نیە، هۆکارە. خودی وەزیر خۆی، ڕاوێژکارەکانی، سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەران، مامۆستایان و  دایک و باوکان.  وە نابێت ناڕاستگۆ بین لەگەڵ ئەم قەناعەتە. گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی و فەرامۆش کردنی زمانەکانی تر بەم ئاستی کار و ئەگێندایەی کە ئێستا لە گۆڕێدایە، ئەم هەڵوێستەی لای ئەمان و بە تایبەتی لای دایکان و باوکان، کردوە بە قەناعەتێکی ناهۆشیارانە و چۆتە عەقڵی لاوەعیانەوە! 'ئەوەی ئینگلیزی زان بێت، کەسێکی زیرەکە!' وەک ئەوە بێت زمانی ئینگلیزی عەقڵێکی جیاواز و مەکینەیەکی تایبەتی هەبێت لە مێشک بۆ فێربونی! یا دەبینین کە وانەکانی بەیانیان لە خشتەی هەفتانەی قوتابخانە بە زمانی ئینگلیزی و بیرکاری و زانست پڕکراینەوە و وەرزش و وێنە و مۆسیقا (ئەگەر هەبن) لە کۆتایی رۆژ دادەنرێن. کە ئەم جۆرە پلەبەندیە هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەپشتەوە نیە، تەنها تێگەیشنێکی بازاڕیی و بە کاڵاکردنی منداڵ و زانست نەبێ!
 
وانەکانی مۆسیقا و وێنە و وەرزش بەهەمان کێشی وانەکانی بیرکار و ئینگلیزی و زانستەکان بەهادار و گرنگن. مرۆڤ چەندە  پێویستی بە عەقڵی هەبێ، ئەوەندەش پێویستی بە دڵ و هەستەکانیەتی بۆ ڕزگاریی لە ژیان و زەوی. بەڵکو دەکرێ ڕێک بە پێچەوانەوەش بێت. با مرۆڤی عەقڵ سنوربەندکراو و بێ هەست پەروەردە نەکەین. پەروەردکاران و لێکۆڵەرانی پەوەردەیی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بە تایبەتی، دووبارە خەریکن دەگەرێنەوە بۆ گەنگەشەی ئەوەی کە ئایا بەڕاستی ئێمە کارێکی باش دەکەین کە بەم هەموو گوڕ و تین و خەرجیەوە جەخت دەخەینە سەر زانستەکان (STEM)؟ 

ئەوە سیاسەتی جیهانگیریە کە وادەکات ووڵاتان ناچار بە پێشبڕکێ بکەن. ئەوەی کە ووڵاتی کێ یەکەمی ووڵاتانە و منداڵی کێ لە بیرکاری و تەکنەلۆژیا و فیزیا و … یەکەمن؟ ئەم عەقڵیەتی پێویستی و پێشبڕكێیە تەنها و تەنها لەسەر خەسارەتمەندی مرۆڤانێک دێن کە هێشتا لە دونیا تێنگەشتون و پشت بە گەورەساڵان دەبەستن بۆ تێگەیشتن لێی. 
بەداخەوە، ئێمەش زۆر باش نین لە بە جێهێنانی ئەم ئەرکە! 

بێ لەوەش، ئێمە وەکو میللەتێک خەریکە سامانی میللی و مەعرفیمان لەناو دەچێ. ڕزگارکردنی ئەو نەوەیەی بەڕێوەیە لە داترازانی ناسنامە یا بێ ناسنامەیی فەرهەنگیی کوردی ئەرکێکی ناچاریی و حەتمیە. کارکردن بۆ وانەی زمانی کوردی و پێگەیاندنی مامۆستایانی زمانی کوردی و ڕەخساندنی هەلی خودسازیی بۆیان، شتێکی پێویستی هەنوکەییە. 

لە کۆتاییدا
بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەیڵێم، ئەگەر نیەت لە پێکهاتنی ئەم کابینەیە هەر گۆڕانکاریەکی ئەرێنی بێت لە کۆمەڵگای کوردستانی، گومانی تێدا نیە دەبێ خەم لە مامۆستایان بخۆرێت. حاڵیان باشتر بکرێت. هەلی باشتریان بۆ بخرێتە بەردەم. وایان لێبکرێت هەست بە هەبونی هێز بکەن لە بوونیان. پشت بە حوکمی پەروەردەییان ببەسترێ، و متمانەیان پێ بکرێت. 

سەرچاوە ئاماژە پێکراوەکان
1.دەقی ووتاری سەۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەم. ١٠/٠٧/٢٠١٩ . https://www.kurdistan24.net/so/news/e813fb40-d8aa-4f1a-b9fb-376c65abd5a2
2.Ingersoll, R. 2003. Who Controls Teachers‌ Work? Power and Accountability in America‌s Schools. Cambridge, MA: Harvard University Press.
3.Tait, M. 2008. “Resilience as a Contributor to Novice Teacher Success, Commitment, and Retention.” Teacher Education Quarterly 35 (4): 57–75.
4.Stein, S. 2004. The Culture of Education Policy. New York: Teachers College Press.
5.Smith, M. 2004. Political Spectacle and the Fate of American Schools. New York: RoutledgeFalmer.
6.Duncan-Howell, J. 2010. “Teachers Making Connections: Online Communities as a Source of Professional Learning.” British Journal of Educational Technology 41 (2): 324–340.
7.DuFour, R. 2011. “Work Together: But Only If You Want To.” Phi Delta Kappan 92 (5): 57–61.
8.Greene, K. (2017). Teacher blogs and education policy in a publicly private world: Filling the gap between policy and practice. Learning, Media and Technology, 42(2), 185-197.


پەشێو م. نوری، قوتابی دکتۆرا لەسیاسەتی پەروەردەیی‌و مەنهەج

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×