نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک کۆمار

مامۆستا جەعفەر
  2019-07-26     2178
من دەمێکە باوەڕم وایە کەچیتر ئەو حزبە (ی.ن.ک) نەک بۆ گشت، بەڵکو بۆ قارەمانە مێژووییەکانی خۆیشی پێگەو پەناگە نەماوە. 

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک کۆمار
بەڕێز د. بەرھەم ئەحمەد ساڵح
مامۆستا جەعفەر.

ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا لەراستی مووچە خۆری خۆی 
سوراحی سەرفروو دێنێ لە ‌بۆ پیاڵە کە تێکا بۆی
(پیرەمێرد)

پاش رێزو سڵاو

سەرۆک کۆماری وڵاتانی پێشکەوتوو، دەبنە باوکی گەل و نیشتمان و لەکاری سیاسیش ھەڵوێستی بێ لایەن وەردەگرن. بەڕێزتان لەلایەکەوە خەریکی تەکەتولات و تۆڵە سەندنەوەن، لەلایەکی ترەوە، لەڕووی سیاسییەوە، ناڵێم ھەرزەکارانە بیردەکەنەوە، بەڵام دەڵێم: رەفتاری ئێوە لەرەفتاری کەسایەتیەکی گەورەو سەرۆک عەشیرەتیش ناچێت!
ھەزار جار رووی زمانە رەش بێت و ھەزار نەفرەت لە مێژووی تەکەتولات و دەستەگەری و فراکسیۆنسازیی ناو یەکێتی، پیاوی ئەوتۆی ھێناوەتە پێشەوە، لەھەموو شت دەچن بەس لە ((کارەکتەری سیاسی)) نەبێ. ئارام شەھید دەبێت و شەھاب و جەعفەر ئیعدام دەکرێن و عەلی عەسکەری و دکتۆر خالد و عەلی ھەژار و کاردۆ گەڵاڵی شەھید دەبن و ھەڵەبجە کیمیایی باران دەکرێت و بەرھەمی ئەو ھەموو قوربانییە بۆ کورسی سەرۆکایەتی کۆمارەو ئەوەش پێشکەشی بەڕێزتان دەکرێت. تا ساڵی ١٩٩١ ئەگەر جاڵجالۆکەی تەکەتولات نەبوایە کێ جەنابتی دەناسی! ئێستاش کارامەیی و ئازایی بەڕێزتان نەبوو، کە بوونە سەرۆک کۆمار، جارێکی تر تەکەتولات و دەرھاویشتەکانی ریفراندۆم و گوشاری دژانی ریفراندۆم بۆ سەر ئەزموونی دەسەڵاتی کوردی، ئێوەیان بۆ سەر شانۆ ھێنایەوە.
کردەوەیەکی تری بەڕێزتان، کە لەکردەوەی پیاوی بەرپرسیاری گەورە ناچێت، ھانی مووچەخۆرەکانی سەرۆکایەتی کۆمارت داوە، ھێرش بکەنە سەر ھاووڵاتیەک. بەڕێزت ھانی دوو کەست داوە کە ئەمە پلەی وەزیفییانە:
١-رۆژنامەنووس لە نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆک کۆماری عیراق.
٢-سەرۆکی نووسینگەی دکتۆر بەرھەم.


جارێ ئەمە پێش ھەموو شتێ پێشێلکردنی قانونە، سەرۆک کۆمار بۆی نییە، دەزگای سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ مەبەستی زۆر تایبەتی خۆی بەکاربھێنێت. دیارە ئەو داماوانە ناچار کراون لەترسی سزاو نانبڕان  پەلاماری ئەو کەسە بدەن، کە بەڕێزتان ئاراستەکەیان بۆ دیاری دەکەن. ئەم جۆرە کەسانە شایانی بەزەیین و ھەڕەشەیان لێکراوە، دەبێ پەلامار بدەن و نەپرسن ئەو کەسە کێیە؟
من دژی سەرۆکایەتیی کۆمار یەک وشەم نەنووسیوە، تا سوپای بێ شوماری رۆژنامەنووسانی سەرۆکایەتی کۆمار ھاندەدەیت لێم بچنە سەنگەرەوە. لەکەرکوک و خانەقی و دووزخورماتوو رۆژانە سێ چوار ھاووڵاتی دەکوژرێت و دەغڵ و دانیان دەسووتێن، ئەی بۆ ژەنەراڵەکانی نووسینگەی سەرۆک کۆمار نایەنە دەنگ، ھەر بۆ ئێمە ئازان!

من نەمبیستووە، سەرۆک کۆمارێک  مووچەخۆرەکانی بەردەستی خۆی دژی نووسەرێک ھاندابێت. لەوڵاتانی رۆژاوا سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار ھێلکەو تەماتەیان تێدەگرن و ھەر بێزیشیان نایەت ئاوڕبدەنەوە.
یەکێک لەوانەی لەھەفتەنامەی رووداو ناویم بەرچاو کەوت و رەخنەی بێ سەروبەرو مناڵانە و نازانستیانەی لە نووسینەکەی من گرتووە، لەماوەی چەند ساڵێکدا ئەم حزبانەی کردووە:
١- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
٢- بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان
٣- پارتی دیموکراتی کوردستان
٤- ی. ن. ک
٥-گۆڕان
٦-ھاوپەیمانی

ئەمەیە،‌ بەخێرێ، گوڵبژێری ئێوە لەناو نووسەر و رۆژنامەنووساندا. جەمال عەبدولناسر (جمال عبدالناێر) یەکێکی وەکو محەمەد حەسەنێن ھەیکەل (محمد حسنین ھیکل)ی کردبووە راوێژکاری رۆژنامەوانیی خۆی، جەنابیشت کۆمەڵێکت لەخۆت کۆکردۆتەوە، ھەموو شتێکن تەنیا رۆژنامەنووس نین.
ھەر کەسێک، دەوروبەرەکەت ببینێت (دوو سێیەکیان نەبێت) یەکسەر دەزانێت تۆ بیرت نە لای بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستانە و نە ھیچ سۆزێکت بۆ عەرەبی شیعەو سونی ھەیە. ئەگەر وەکو فرۆیدیش بیر لە کەسایەتی تۆ بکەمەوە: خەونی سەرەکی بەڕێزتان ھەر ئەوە بوو، رۆژێک ببنە سەرۆک کۆمار، نەک بۆ چاکسازی و خزمەتی خەڵک، نە تەنیا بۆ تۆڵەکردنەوە لە تارمایی و سێبەرەکانی رابردوو!

بەھەڵەداچووی دکتۆر

 جەنابت پێتوابوو، ھەر ئەوەندەی لەشکری رۆژنامەنووس و فەیسبوکچیی دژی من ھاندران, ئیدی من زەندەقم دەچێت و لەماڵی دراوسێکان دەنووم. دڵنیات دەکەمەوە ھەزاران کەسی تریش بۆ قسەی بەرزو نزم تەرخان بکەیت، ئەوەندەی تاڵە دەزوویەکی باریکیش کاریگەری لەسەر من نابێت. بە پێچەوانەوە ئەم کارە دزێوانە قەناعەتیان پێکردم، ھەرچیم ھەیە و نییە لەسەر تۆ بڵاویان بکەمەوەو ھیچ ھێزێکیش ناتوانێت رێگەم لێبگرێت!
سەدام حسین بەو ھەموو دڕندەیی و دەسەڵات و جەبەرووت و سوپا و ئەمن و موخابەرات و تانک و زرێپۆشەوە حوکمی دەکرد. ساڵی ١٩٧٧ ئێمە لە چەقی بەغدا رێکخراوی (ھەڵووی سوور)مان دروست کرد. ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوەو سەرۆک کۆمار، بە ناڕاستەوخۆ ھەڕەشەمان لێدەکات، لەسەرانسەری عیراق کون نەماوە خۆمانی تێدا قایم بکەین.
بەلامەوە سەیرە کەسێک سەرووی بیست ساڵ لە بریتانیای گەورە و باکووری ئەمریکا ژیابێت و سەیری (گاردیان) و (دێلی میل)ی نەکردبێت و رەخنەو رەخنەکاری دژی حکومەت و سەرۆک وەزیرەکان نەخوێندبێتەوە. کەسێک گوێی لێبووە (جۆن مێجەر) یان (تۆنی بلێر) ھانی خەڵکی دابێت دژی رۆژنامەنووسێک جوێننامە و قسەی سووک و بێتام بڵاو بکرێتەوە!


من لەھەفتەنامەی (رووداو) نووسینێکم بڵاوکردەوە، بەم ناونیشانە (د. بەرھەم ساڵح لەنێوان یەکێتی و ھاوپەیمانی دا) نە زمانی زبرم بەکارھێناوە، نە باسی قۆناخی (ئامادەیی شۆڕش) و نەباسی قۆناخی دروستکردنی (زانکۆی ئەمریکی) م کردووە، نە لەسەر ھیچ لاپەڕەیەکی ژیاننامەی ئێوە شیکاری دەروونیم(psy choanalysis)کردووە.. ھەرچەند دەتوانم قسەی ئەوتۆ بنووسم، کە ئەو بیری لێنەکردبێتەوە و قەت بە خەیاڵیدا نەھاتبێت و تەنیا حیسابی ئەوەی کردبێت من زۆر رێز لە بەرامبەرەکەم دەگرم. کەسێک ئەوپەڕی رێز نەنوێنێت، ناچار دەبم، ئەو کەسە فێری قانون و ئیحترام و رێزگرتن بکەم.

من (شیکاریەکی سیاسی)م لەسەر (دیاردە)یەک نووسیوە، کەچی کەسە ھەرە نزیکەکانی ئێوە بە زمانی (چەقۆکێش) و (شەقاوە) دەقەکانی خۆیان نووسیوە. ئەمە (تیرۆری فیکری) و بڕوا نەبوونە بە مافی مرۆڤ و (ئازادی بیروباوەڕ) و بەرێزتان خۆتان وا پیشاندەدەن، کە زۆر رووناکبیرن، مەخابن ئاستی رۆشنبیری ئێوە ھی کۆلکە خوێندەوارێکی سەردەمی شێخ مەحموودی حەفیدیش نییە! دڵی خۆت زۆر بە تەکتول و دەوروبەرەکەت خۆش مەکە! ئەو ھێزەی ئێوە شانازی پێوە دەکەن ھێزێکی فشۆڵ و بێ بنەماو کاتیە، خۆ تۆ لە (ێدام حسین) و (عمر بشیر) بەھێزتر نابیت.

دەستی خۆم نییە و ماری پێدەگرم

 زۆرم پێناخۆشە، کەسانێک چاویان لەدەستی بەڕێزتانە، بە ھەڕەشە وچاو لێ سوورکردنەوە، ناچار بکرێن دژی کەسانێک بنووسن، کە تاوانەکەیان (شیکارکاری سیاسی)ە، کە ئەنجامگیری و تەکنیکی نووسینەکە بەدڵی بەڕێزتان نییە!

یەکێک لەوانەی لێپرسروای نووسینگەکەتە و ئەوی تریان رۆژنامەنووسە لە نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆک کۆماری عیراق. بەڕێزتان رەنگە بفەرموون: (کە ئاگاتان لێی نییە و بەبێ ئاگاداری بەڕێزتان ئەم کارە کراوە!): 


یەکەم: کاری لێپرسراوی نووسینگەی بەڕێزتان چەند ئەرکێکی گرنگە، جوێندان و گاڵتە بە خەڵک و سووکایەتی تێدا نییە. فەرموون کارنامەی نووسینگەکەتان بڵاوبکەنەوە!

دووەم: لێپرسراوی نووسینگەکەتان بەبێ پرس و ئاگاداری بەڕێزتان لەخۆڕا پەلاماری خەڵک دەدات، یان بەڕێزتان بەشێوەی دیکتات(تلقین) دەرست داداون!

سێیەم: گریمان بەڕێزتان ئاگاتان لێنەبووە. ئەوکاتە دەبێ روونکردنەوە بەناوی نووسینگەکەتانەوە بڵاوبکرێتەوە، کە فڵان کوڕی فڵان بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی و دەست لە پشتدانی بەڕێزتانەوە ئەم کارەی کردووە.

ئەم دووانە بە چاوقایمی و ھەر بۆ تەحەدا ناوی ئاشکراو شوێنی وەزیفەی خۆیان نووسیوە!

لە زیندانەوە بۆ بریتانیای گەورە

لەساڵانی رابوردوو چەند کەسێک بە ئەرێنی و بە نەرێنی قسەیان لەسەر گرتنی بەڕێزتان کردووە. بەشێک نووسیویانە خۆڕاگربووە و پاژەکەی تر دەڵێن: سێ مانگ زیندانی کراوەو باوکی فریای کەوتووەو ئازادی کردووە. من لە بابەتێک نادوێم سەد لەسەد دڵنیا نەبم!
دەمەوێ پرسیارێک دەربارەی پاسپۆرت وەرگرتن و رەزامەندی ئەمن و رێگەپێدانی ئەوان بکەم بۆ ئەوانەی زیندانی دەکران. ھەروەکو بیرم بکەوێتەوە لەسەردەمی بەعس (حڤر) مۆڵەتنەدان بە سەفەری زیندانیە سیاسیەکان پەپڕەوی دەکرا. ساڵی ١٩٧٦ ئەندامێکی کۆمەڵە گیراو دانی بە (ھیچ) دا نەنا و پاش چەند مانگێک ئازاد کرا. تا ماوەی چوار ساڵیش رێگای سەفەریان بۆ دەرەوەی عیراقیان لێگرت.

ئەوکاتە بەعس قانونێکی دانابوو، ھەر کەسێک زیندانی بکرێت تا ماوەی (٥) ساڵ بۆی نەبوو بۆ دەرەوەی وڵات سەفەر بکات. ئەم قانونە لەرۆژنامەی رەسمی (الوقائع العراقیە) دا بڵاو کراوەتەوە. باشە ئەو نزیکەی دوو مانگ دەستەبەسەر بووە. مانگی حوزەیرانی ١٩٧٩ بەشداری لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریا کردووە. بە یەکەمیش دەرچووە. پاش ماوەیەکی کورت(چەند ھەفتەیەک) پاسپۆرتی بۆ دەردەکرێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمنی عیراق، رەزامەندی لەسەر داواکەی دەردەبڕێت و ڤیزە لە پاسپۆرتەکەی دەدەن. رێگەش دەدرێت بۆ خوێندن مانگانە پارەی بۆ بچێت!

من پێمباشە دکتۆر روونکردنەوەیەک بدات، چونکە دۆستەکانی رۆژانە چیرۆکەکە دەگێڕنەوەو وەڵامی دڵنیاکەریان لا نییە!

بەڕێز دکتۆر

 لای بەشێک لە ھەڤاڵانی (م.س) دەنگۆیەکم بیست، گوایە بەڕێزتان فەرمووتانە: من داوای بینینی بەڕێزتانم کردبێت و بەڕێزتان رەفزتان کردبێت، بۆیە من بە (تووڕەییەوە)‌ گوتارەکەم نووسیوە. لای کێ داوام پێشکەش کردووە؟ ئەوە گەزو ئەوە مەیدان! فەرموون با بە بەڵگەوە قسەکانیان بکەن و منیش کەناڵی ئاسمانی زۆرو زەبەندم لەبەردەستدایە. قسەی واشم کردبێت ھەر زۆر ئاساییە. من کێشەم نە لەگەڵ بەڕێزتان و نە لەگەڵ ھیچ کەسێکی ناو یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی ھەیە. من دژی ھەموو باڵ و تەکەتولاتی ناو یەکێتیم! بەڕاستی حەیای خۆیان و کوردیشیان بردووە. ھەر ھەموو خەریکی ملشکاندنی یەکترن. من پێمخۆشە ھەمووو گەلی کورد یەکگرتوو بێت، چجای یەک ھەڵوێستی نێو ماڵی یەکێتی!

بەڕێزتان بۆ بەرژەوەندی خۆتان پرۆسەی سیاسی کوردستانتان لە گرێژەنە دەرکردو ئێستاش شانازی بەوەوە دەکەن تەکەتولەکەتان سەرکەوتووە. ئەم جۆرە سەرکەوتنە لەدۆڕان ناخۆشترە.

من ئەم نامەیە و گوتارەکەم بە زمانی گوڵ نووسیوەو قەت لەدڵم نایەت زمانی زبرو دڕکاوی بەکاربھێنم، بەتایبەتی لەگەڵ کەسانێک دووجار پێکەوە قاوەیەکمان خواردبێتەوە!


بەھیوای سەلامەتی و تەندروستی باش
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×