كورد و هاوپه‌یمانه‌كانی... ڕۆژئاوای كوردستان وه‌ك نموونه‌یه‌ك

قوته‌یبه‌ فازڵ
  2019-10-21     262
ڕه‌وشی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر ئاڵۆز و نادیاره‌ به‌شێكی كوردستان بووه‌ته‌ قوربانی نێوان دڕنده‌یی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌رو خیانه‌ت وبه‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
 به‌داخه‌وه‌ وڵاتانی زل هێز له‌ مێژوودا هه‌رگیز دۆستی كورد نه‌بوونه‌ و هه‌میشه‌ له‌ ساته‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا كوردیان به‌ ته‌نها و بۆ قه‌ده‌ری نادیار به‌جێهێشتووه‌ كوردیان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م كه‌ڵبه‌ی بێ به‌زه‌ییانه‌ی دوژمنانی . 
ساده‌یی و خۆشباوه‌ڕی هه‌میشه‌ له‌ ناو كلتوری سیاسی كورددا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ هه‌ر كات به‌رژه‌وه‌ندی زل هێزه‌كانی  دونیا به‌ كورد بوو بێت ئه‌وا زۆر بێ شه‌رمانه‌ و ڕاشكاوانه‌ كوردیان به‌ دۆست و هاوپه‌یمانی خۆیان ئه‌ژمار كردووه‌ و هه‌ركات كۆتایی به‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هاتبێ كوردیان زۆر به‌ سانایی فه‌رامۆشكردووه‌ . 
كاتێ له‌ جه‌نگی عێراقدا له‌ ساڵی (2003) به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ كورد هاوته‌ریب بوو جۆرج بۆش به‌ ڕاشكاوی وتی :
" ئیمه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كان پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین ئه‌وان هاوپه‌یمانی ئێمه‌ن "
زیاتر دوور نه‌كه‌وینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌رنجی وته‌كانی دۆناڵد ترامپیش بده‌ین كاتێ وه‌سفی شه‌رڤانانی ڕۆژئاوای كوردستانی ده‌كرد به‌ده‌نگێكی به‌رز ده‌یگووت :
" كورده‌كان جه‌نگاوه‌ری ئازان "
له‌ كاتی پێویستدا جه‌نگاوه‌ری ئازاین ئه‌ی خێره‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی و كاریان ته‌واو بوو پشتی تێده‌كه‌ن ؟
تۆ بڵێی ئه‌و زل هێزانه‌ هێنده‌ له‌ ئازایی و چاونه‌ترسی كورد بترسن كه‌وا بیر بكه‌نه‌وه‌ ؟! 
ده‌كرێت وا بێت مێژوویه‌كی زۆر دوور نیه‌ كاتێ وینستۆن چه‌رچه‌ل وتی: 
" كورد میلله‌تێكه‌ نابێ لێ بگه‌ڕێین له‌سه‌ر پێ بوه‌ستێ "
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ مێژووی دوور و نزیكی كوردیشدا بخشێنین هیچ كات كورد هێڕش و په‌لاماری بۆ سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێی نه‌بووه‌ هه‌میشه‌ پارێزگاری له‌ خاك و نیشتمانه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ هه‌ر گه‌لانی تر بوونه‌ هێرش و په‌لاماریان بۆ سه‌ر خاكی كورد هێناوه‌ ویستوویانه‌ له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی نه‌یهێڵن . 
كورت بینی كورد یاخود ساده‌ییه‌كه‌ی بووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ تووشی كاره‌سات و ماڵ وێرانی كردووه‌.
 هه‌رچه‌ند مانگێك پێش ئێستا و له‌سه‌روو به‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانیه‌كانی توركیادا بوو كه‌ جه‌هه‌په‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌ ده‌ستهێنانی ده‌نگی كورد و ڕاكێشانی سۆزی كورده‌كان به‌لای خۆیدا هاواری ده‌كرد
 " كورده‌كان براو هاوكارو هاوبه‌شی ئێمه‌ن ده‌بێ هه‌موو مافه‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێ " 
به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سه‌روو به‌ندی هێڕشی سوپای داگیركه‌ری توركیادا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕاسته‌وخۆ جه‌هه‌په‌ یه‌كێك بوو له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌ستخۆشی له‌و هێرشه‌ كردوو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ سوپای تورك خواست .
كورد هه‌میشه‌ له‌ هاوپه‌یمانه‌تیه‌كانیدا شكست خواردوو بووه‌ چ له‌گه‌ڵ ڕۆژئاواییه‌كاندا یاخود له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان، ساده‌یی كورد خۆی فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی هاوپه‌یمانێتیه‌كانیاوه‌ تووشی بووه‌ .
كۆماره‌ ساواكه‌ی مهاباد نموونه‌یه‌كی تری نزیكه‌ كه‌ پشت لێكردنی سۆڤیه‌تی هاوپه‌یمان نه‌ك بووه‌ هۆی له‌ناو بردنی به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانیشی به‌ په‌تی سێداره‌ گه‌یاند .
دۆناڵد ڕامسفێڵد ده‌ڵێ:
" ئه‌ركه‌كانمان هاوپه‌یمانه‌تیه‌كانمان دیاری ده‌كه‌ن " 
ئه‌م وته‌یه‌ی ئه‌مریكیه‌كان زۆر ڕاسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌میشه‌ییان هه‌یه‌ دۆستایه‌تی هه‌میشه‌ییان نیه‌، هه‌ر كات به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ یارمه‌تی گه‌لانی ژێر ده‌سته‌دا به‌دی كردبێ یارمه‌تیان داون هه‌ركاتیش كۆتایی به‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هاتبێ یاخود لاواز بوو بێ ئه‌وا زۆر به‌ ساده‌یی پشتیان له‌ هاوپه‌یمانه‌كانیا كردووه‌.
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی گه‌لانی عێراقدا له‌ ساڵی (1991) بینیمان ڕژێمی به‌عس له‌ سه‌ره‌مه‌رگی ده‌سه‌ڵاتیدا بوو له‌و ساته‌ وه‌خته‌ ناسك و هه‌ستیاره‌دا ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی پشتیان له‌ گه‌لانی عێراق كردوو گڵۆپی سه‌وزیان بۆ ڕژێمی به‌عس پێكرد بۆ دووباره‌ سه‌ركوتكردنه‌وه‌ی گه‌لانی عێراق . 
له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكادا شتێك نیه‌ پێی بوترێ شووره‌یی و شه‌رم به‌رامبه‌ر به‌ هاوپه‌یمانه‌كانی، له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ساڵی (1975) كوردستان له‌ كیسنجه‌ریان پرسی :
" بۆ ئه‌مریكا پشتی له‌ كورد كرد و ئاشبه‌تاڵی به‌ شۆڕشه‌كه‌ی كرد ؟ " 
له‌ وه‌ڵامدا وتی :
"ئێمه‌ سیاسه‌تێكی دوور له‌ ڕه‌وشتمان به‌رامبه‌ر به‌ كورد په‌یڕه‌و كرد نه‌ده‌بوو وامان بكردایه‌ " 
نه‌ده‌بوو وامان بكردایه‌ دوای چی ؟! 
دوای له‌ ناوبردنی شۆڕشه‌كه‌یی و ده‌یان هه‌زار شه‌هید .
ئه‌مڕۆش به‌ به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م زومی كامێرای ڕاگه‌یاندنه‌كان كاتێ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێو نه‌ته‌وه‌یی ده‌یه‌وێت بڕیارێك ده‌ربكات ته‌نها بۆ وه‌ستاندی ئه‌و هێڕشه‌ دڕندانه‌یه‌ی توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاوا ئه‌مریكاو ڕوسیا زۆر به‌ساده‌یی مافی ڤیتۆ به كارده‌هێنن تا ئه‌و بڕیاره‌ ده‌رنه‌كرێت ، كه‌واته‌ ده‌كرێ بڵێین ئه‌و وته ساده‌یه‌‌ كۆتایی هات كه‌ ده‌ڵێت 
" ئه‌مریكا دۆستی هه‌میشه‌یی كورده‌ و ئیتر پشتمان تێناكات كاری پێمانه‌ "
هه‌میشه‌ قه‌ده‌ری كورد وابووه‌ بێ هیچ دۆست و هاوپه‌یمانه‌تیه‌ك به‌ ته‌نها به‌جێهێڵراوه‌، بڕوا ناكه‌م هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دونیا هێنده‌ی كورد له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی بۆ ژیان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆی قوربانی دابێ.
 پێویسته‌ كورد وانه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی وه‌ربگرێت و له‌وه‌ زیاتر گه‌نج و پیرو ژن و منداڵه‌كانی نه‌كاته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی زل هێزه‌كانی دونیا و هاوپه‌یمانێتیه‌كانی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بنیات بنێ خۆی نه‌كاته‌ قوربانی گه‌مه‌ نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كان .
پێویسته‌ له‌ناوخۆشداهه‌موان یه‌ك ده‌ست و یه‌ك هه‌ڵوێست ململانێكان وه‌لا بنێن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبی و ناوچه‌ییه‌كان بخرێت و كۆده‌نگیه‌ك دروست بكرێ تا ئه‌و زوڵم و سته‌مكاری و ده‌ستدرێژیه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ لێره‌دا بوه‌ستێنرێت . 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×