ھەموارکردنەوەی دەستوری ئیستای عێراق کارێکی ئاسان نیە

د. بایەزید حەسەن
  2019-11-04     861

پیش ئەوەی باسی ھەموارکردنەوەی دەستووری ئێستای عێراق بکەین، باشتروایە بگەڕێینەوە دواوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥  و باسی چۆنییەتی نووسینەوەی ئەم دەستوورە و پەسەندکردنی  بکەین.
ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقی ئەو کاتە، لە ١٠ / ٥ / ٢٠٠٥  لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری لە ٥٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە پێکھێنا و پێکھاتەی لیژنەکە بەم جۆرە بوو:
٢٨ ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی ھاوپەیمانی عێراقی یەکگرتوو.
١٥ ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی.
٨ ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی ئەلعێراقییە.
٤ ئەندامی ئەنجومەن کە سەربەخۆ بوون.
ھەروەھا دواتر  ١٥ ئەندامی تریش لە دەرەوەی ئەنجومەنەی نیشتیمانی بۆ لیژنەکە زیادکران، ئەوانیش ئەو عەرەبە سووننیانە بوون کە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی  ٣٠  /١ / ٢٠٠٥یان کردبوو کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقی بوو.
لە ١٥ /١٠ / ٢٠٠٥  راپرسی لەسەر رەشنووسی دەستوورەکە کراو، ١٥ ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە راپرسییەکە کرد  و ٧٨ ٪ ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان بە رەشنووسی دەستوورەکە دا و ئەم دەستوورەی ئێستای عێراقی لێکەوتەوە.
بە گشتی رەشنووسی دەستوورەکە بە دڵی عەرەبە سووننەکان نەبوو، ویستیان لە ئاییندەدا دەرەچەیەک بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوورەکە بدۆزنەوە و پێداگریان لەسەر دانانی ماددەیەک لە دەستوورەکەدا کرد کە ماددەی ١٤٢  بوو، ھەرچەندە لە دەستوورەکەدا ماددەی ١٢٦ یش دەربارەی ھەموارکردنەوەی دەستوورەکە ھەبوو  بەڵام ھەر بەدڵی ئەوان نەبوو!

با بزانین ناوەرۆکی ماددەی ١٤٢ چییە؟
ئەم ماددەیە لە چوار بڕگە پێکھاتووە، یەکەم بڕگەیان ئەوەیە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرەتای دەسبەکاربوونیدا، لیژنەیەکی تایبەت لە ئەندامانی پێکبھێنێت کە نوێنەری ھەموو پێکھاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی تێدابێت، لەماوەیەکدا کە لە چوار مانگ تێپەڕنەکات، راسپاردەکانی سەبارەت بە ھەموارکردنەوەی دەستوور پێشکەش بە ئەنجومەنی  نوێنەران بکات. دووەم بڕگەی ئەوەیە، ھەموارە پێشنیارکراوەکان بەیەک جار بخرێنە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و بە دەنگی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەنجومەن پەسەند بکرێن. سێھەم بڕگەی ئەوەیە دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، لەماوەیەکدا کە لە دوو مانگ تێپەڕ نەکات بخرێنە بەردەم گەلی عێراق بۆ راپرسی لەسەری. بڕگەی چوارەم ئەوەیە کە راپرسییەکە لەسەر ماددە ھەموارکراوەکان بە سەرکەوتوو دادەنرێت ئەگەر زۆرێنەی بەشداربوونی راپرسییەکە رازامەندیان لەسەر نیشان دا بە مەرجێک دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا یان زیاتر رەتی نەکەنەوە.

دوای دەست بەکاربوونی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٦ /٣ /٢٠٠٦، بە گوێرەی ماددەی ١٤٢، لیژنەیەک لە ٢٧ ئەندامی ئەنجومەن پێکھێنرا کە ھەموو پێکھاتە سەرەکییەکانی عێراقی تێدا بوو و دەبوو لە ماوەی چوار مانگدا، لیژنەکە راسپارەدەکانی دەربارەی ھەموارکردنەوەی دەستوورەکە پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکات. لیژنەکە  لە ٢٧ / ٧ / ٢٠٠٧  کۆتا رەشنووسی رادەستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد بۆ ئەوەی  بخرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران تاکو سەرنجەکانی خۆیانی لەسەر دەرببڕن و رادەستی لیژنەی ھەموارکردنەوەکەی بکەن. کاری لیژنەی ھەموارکردنەوەکە بەم جۆرە بوو:   دووبارە داڕشتنەوەی بۆ ٢٥ ماددەی دەستوورەکە کردبوو، گەلێک دەقی نوێ بۆ دەستوورەکە زیادکردبوو  کە خۆی لە ٦٥ ماددەدا دەبینییەوە، ھەموارکردنی نوێش لە ١٢ دەقدا کرابوو. بەم جۆرە ، ژمارەی ماددەکانی دەستوورەکە کە ١٤٤ ماددە بوو، کرابوو بە ١٩٣ ماددە، واتە ٤٩ ماددەی نوێ بۆ دەستوورەکە زیادکرابوو. لێرەدا ھەندێک دەق و ماددەی نوێ کە لیژنەی ھەموارکردنەکە بۆ دەستوورەکەیان زیاد کردبوو دەخەینەڕوو:
لەماددەی (١ ) ی دەستوورەکە، بڕگەیەکیان بە ناوی بڕگەی دووەم زیاد کردبوو، ئەم بڕگەیە دەڵێت نابێت نە سازش لەسەر سەروەری عێراق بکرێت و نە تەنازول لە ھەربەشێکی خاک و ئا و ئاسمانی عێراق بکرێت. دیارە مەبەستی ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە کورد ھەرگیز داوای جیابوونەوە لە عێراقدا نەکات.


لە دەستوورەکەدا، لە لقی دووەمی بەشی یەکەمی بەندی سێھەمدا،  ماددەی ٦٤ ھەیە کە تایبەتە بە ئەنجومەنی فیدراڵ، لە ھەموار کردنەکەدا ئەم ماددەیە ووردکراوەتەوە و کراوە بە ١٩  ماددە کە دەسەلات و ئەرک و پسپۆڕێیەکان و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی دیاریکردووە و وایداناوە کە ھەر پارێزگایەک لە ھەرێمدا رێکخرابێت یاخود نا، دوو نوێنەری لە ئەنجومەنەکەدا دەبێت بێجگە لە بەغدا کە چوار ئەندامی دەبێت، ھەروەھا  سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێنج ئەندام لەو کە سایەتییانەی کە ئەزموونیان ھەیە و زامنی نوێنەرایەتی پێکھاتەکانی دەکەن، بۆ ئەنجومەی فیدراڵییەکە دابنێن. بە گوێرەی ئەم ھەموارکردنەوەیەی ئەو کاتە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵ ٤٣ ئەندام دەبوو کە شەش ئەندامی ھی ھەرێمی کوردستان دەبوون، ئەگەر ئێستا بووایە بە پارێزگای ھەڵەبجەوە دەبوون بە ٨ ئەندام لە کۆی ٤٥ ئەندام. ئەمە ئەوەی دەردەخست کە ھیچ تایبەتیمەندییەک بە ھەرێم نەدرابوو، سەرەڕای ئەوەش لە ماددەیەکی ھەموارکردنەکەدا ھاتووە کە بڕیاردان لە ئەنجومەنی فیدراڵ بە زۆرینەی سادەی ئەندامانی ئامادەبوو دەبێت، دوای ئەوەی رێژەی یاسای بە زۆرینەی رەھای ئەندامان بۆ دانیشتنەکە دێتەدی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کورد ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیاردانەکاندا نابێت و ناتوانێت بەرگری لە مافەکانی ھەرێم بکات.
لە رەشنوسی ھەموارکردنەکەدا ھاتووە، کە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٣، ١١٤ و ١١٥ لە بەندی چوارەمی بوارەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی، لیژنەی ھەموارکردنەکە لەسەریان رێکنەکەوتوون و تا ئەو کاتەی داویانە بە سەرۆکی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەریان بەردەوام بووە. ئەم چوار ماددانەش زۆر گرنگن بۆ دەسەڵاتی ھەرێم لە حکومەتی فیدراڵیدا.  
ماددەی ١١١ دەڵێت نەوت و گاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە ھەموو ھەرێم و پارێزگاکان.

ماددەی ١١٢ دەربارەی دەسەڵاتەکانە لە بواری نەوت و غاز لە عێراقدا کە دەسەڵاتی بە ھەرێمیش داوە لە بەڕێوەبردن و رەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەپێشبردنی سامانی نەوت و غاز لە عێراقدا.


ماددەی ١١٣ دەربارەی ئەوەیە کە ئاسەوار و شوێنەوار و ژێرخانی کەلەپوری و دەستنووس و دراوکان لە تایبەتیمەندی دەسەلاتی فیدراڵین و بە ھاوکاری لەگەڵ ھەرێم و پارێزگاکان بەڕێوەدەبرێن.


ماددەی ١١٤ دەربارەی دەسەلاتە ھاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمەکانە سەبارەت بە بەڕێوەبردن و رێکخستنی گومرگ و رێکخستن و دابەشکردنی سەرچاوە سەرەکییەکانی ووزەی کارەبا  و رەنگرێژکردنی سیاسەتەکانی  ژینگە و گەشەپێدان و تەندروستی گشتی و فێرکردن و پەروەردەی گشتی و سامانە ئاوییەکان و رێکخستنیان.


دەقی ماددەی ١١٥ ئەوەیە، ھەر شتێک لە سنوری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵیدا ئاماژەی پێنەکرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی ھەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناوکەونە سنوری ھیچ ھەرێمێکەوە. ئەگەر ناکۆکی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە ھاوبەشەکانی  نێوان حکومەتی فیدراڵی  و حکومەتی ھەرێمەکان، ئەو پێشینە بۆ یاسای ھەرێمەکەیە.


ئەگەر لەو ماددانە وردبینەوە دەبینین کە ماددەکانی  ١١٢، ١١٤ و ١١٥ بۆ کورد زۆر گرنگن چونکە دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ کورد تێدایە، ھەر لەبەر ئەوەشە لایەنە عەرەبەکانی لیژنەکە، رازی نەبوون بەوەی ھەموار نەکرێنەوە و نەگوڕدرێن.


لە کۆتاییدا دەستوورەکە وەک خۆی مایەوە ھەموار نەکرایەوە چونکە لەو کاتەدا کورد ھەڵوێستی لە عیراقدا لە ئێستا بەھێزتر  بوو، ھەروەھا  بڕگەی چواری ماددەی ١٤٢ کە دەڵێت ئەگەر دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا ھەموارکردنەکە رەتبکەنەوە، ئەوا ھەموارکردنەوەکە سەرناگرێت، کورد دەیتوانی سوود لەو بڕگەیە وەربگرێت بۆ شکستپێھێنانی ھەموارکردنەکە ئەگەر راپرسی بۆ  ھەموارکرنەکە کرابایە. 


ھەروەھا ماددەی ١٢٦ یش لە دەستووری ئێستای عێراقدا ھەیە کە دەربارەی ھەموارکردنی دەستوورەکەیە. ئەم ماددەیە لە پێنج بڕگە پێکھاتووە، بڕگەکانی یەکەم و دووەم و سێھەم و پێنجەم باسی ئەوە دەکەن کە سەرۆککۆمارو ئەنجومەنی وەزیران پێکەوە  یان پێنج یەکی ئەندامانی نوێنەران مافی پێشنیارکردنی ھەموارکردنی دەستوورەکەیان ھەیە و ھەروەھا نابێت بنەما بنەڕەتییەکانی بەندی یەکەم و ماف وئازادییەکانی بەندی دووەم تا تێپەربوونی دوو خولی ھەڵبژاردن ھەموار بکرێن و ھەموارکردنەکەش پێویستی بە رازیبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و رازیبوونی گەڵ لە رێگای راپرسی و پەسەندکردنی سەرۆککۆمار و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی ھەیە. ئەوەی زۆر گرنگە  بڕگەی چوارەمە و ئەمەش دەقەکەیەتی:


بڕگەی چوارەم: نابێت ھیچ ھەموارکردنێک لەو ماددانەی دەستووردا ئەنجام بدرێت کە دەبێتەھۆی کەمکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی ھەرێمەکان کە ناکەونە سنووری دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدڕاڵییەوە تەنیا بە رەزامەندی دەسەڵاتی یاسادانانی ھەرێمی پەیوەندیدار و رەزامەندی زۆرینەی دانیشتوانی لە رێگەی راپرسی گشتیەوە.
بێگومان ئەم بڕگەیە باشترین زامنە بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتانەی ھەرێم کە ناکەونە سنووری دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدڕاڵییەوە کەم بکرێنەوە چونکە دەسەڵاتی یاسادانانی ھەرێم  و دانیشتوانی ھەرگیز بەوە رازی نابن دەسەلاتەکانی ھەرێم لە دەستوورەکەدا کەم بکرێنەوە.
     
بێگومان کورد دوای ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ ( ھەرچەندە ریفراندۆم مافی کوردە لە کات و دۆخی گونجاودا)  و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا، لەسەدا ٥١ی خاکەکەی لەدەستدا و ھەڵوێستی لە عێراقدا لاواز بوو و تاکو ئێستاش ئەم لاوازییەی ماوە و ھەڵوێستی وەکو پێش رێفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لێنەھاتۆتەوە.


 ئێستاش دوای پانزە ساڵ لە گەندەڵی بەرپرسانی حکومەت و بەھەدەردانی سامانی گشتی عێراق و ڕەچاوکردنی مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و پشک پشکێنە لە دامەزراندن و دابەشکردنی پۆستەکان و قۆرغکردنیان و گەشەپێنەدانی ژێرخانی ئابووری و نەبوونی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و  نەبوونی خزمەتگوزاری و داھاتی بژێوی رۆژانەی ھاوڵاتیان و زیادبوونی رێژەی ھەژاری لە عێراقێکی دەوڵەمەند بە سامانی نەوت و گاز  و دەوڵەمەندبوونی بەرپرسان لەسەر حیسابی ھاوڵاتیان و جێبەجێنەکردنی دەستوور و یاساشکێنییەکان ئەوانە ھەموویان وایان لە خەڵکی عێراق کردن دەست بە خۆپیشاندان بکەن و  داوای  ھەموارکردنەوەی دەستوور  و داوای سیستەمی سەرۆکایەتی بکەن.


 ھەندێک  لە سەرکردەکانی شیعە دەڵێن ئەم دەستوورەی ئێستا بۆ عێراق گونجاو نیە و شکستی ھێناوە و دەبێ لە بنچینەدا ھەمواربکرێتەوە، پێموایە لارییان نییە لە سیستەمی سەرۆکایەتی و لەسەردەمی مالیکیدا ھەندێک لە فراکسیۆنە شیعەکان باسی زۆرینەی سیاسییان لە پێکھێنانی حکومەتدا دەکرد. ھەروەھا عەرەبە سوونەکانیش، وەکو پێشتر باسکرا لەگەڵ ھەموارکردنەوەی دەستوورەکەن چونکە بڕوایان بە سیستەمی فیدراڵی بۆ عێراق نیە و بە پارچە پارچە بوونی عیراقی دەزانن، وێڕای  ئەوەی تێبینی زۆریان لەسەر ماددەکانی  دەستوورەکە  ھەیە.


لە دەستووری عێراقدا لاسەنگییەک لە دابەشبوونی دەسەڵاتەکاندا لە نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆماردا ھەیە و زۆرینەی دەسەڵاتەکان دراون بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماریش دەسەڵاتی پڕۆتۆکۆڵین. شیعەکان بە لێزانانە ئەوەیان کردووە کە زۆرینەی دەسەڵاتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بێت چونکە ئەوان زانیویانە کە زۆرینەن لە عێراقدا و زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان  لە ئەوان دەبێت و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ھەر لە ئەوان دەبێت و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش بە گوێرەی دەستوورەکە بۆ ئەوان دەبێت.  ئێستاش ئەگەر دەستوورەکە ھەمواربکرێتەوە، ئەگەری ئەوە زۆرە شیعەکان داوای سیستەمی سەرۆکایەتی بکەن چونکە لایان روونە کە لە ھەڵبژارنەکاندا، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست دەھێنن و سەرۆککۆمار ھەر لە ئەوان دەبێت، واتا بۆ شیعەکان دەستوور ھەمواربکرێتەوە یاخود نا، ھیچ لە دەسەڵاتی ئەوان لە بەڕێوەبردنی عێراقدا کەم ناکاتەوە.


دەبێت ھەرێم خۆی بۆ ھەموو ئەگەرەکان لە عێراقدا  ئامادە بکات و بۆ ھەر ئەگەرێک پلانێکی تۆکمەی دیراسەکراوی ھەبێت بە ئەگەری ھەموارکردنی دەستووریشەوە، یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان وپشتیوانی ھاوڵاتیان لە حکومەتی ھەرێم بە حوکمڕانییەکی باش و ئەنجامدانی چاکسازی و ھەبوونی شەفافییەت ودادپەروەری وگەشەی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان دێتەدی. ھەروەھا بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٢٦ و بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٤٢، زامنن بۆ کەم نەکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێم لە دەستووری عێراقدا.

لە کۆتاییدا، ئەوە ماوە ئاماژەی پێبدەم کە ھەموارکردنی دەستووری عێراق کاتێکی زۆری دەوێت چونکە دەبێت بۆ ھەموارکردنەکە لیژنەیەک لە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق پێک بێت ولیژنەکە چەند مانگێکی دەوێت بۆ ھەموارکردنەکە، ئینجا دەبێت بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ رازیبوون لەسەری پاشان دەبێت کۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی نوێ پێکبھێنرێت بۆ ئەنجامدانی راپرسی.


لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەموارکردنی دەستووری ئێستای عێراق کارێکی ئاسان نیە، بەڵام کورد دەبێت ئەگەری ھەموارکردنەوەکەشی بە گرنگ وەربگرێت و خۆشی بۆ ئەگەری ھەموارکردنەوەی ئامادە بکات و لەوانەیە لە ئەگەری ھەموارکردنەوەی دەستوورەکە، عەرەبە سووننە و شیعەکانی عیراق رێکبکەون بۆ سەپاندنی ھەموارکردنی ئەو ماددانەی دەستوورەکە کە لەبەرژەوەندی خۆیان بن و لەبەرژەوەندی کورد نەبن و ماف و دەسەڵاتەکانی ھەرێمیان تێێدا کەمبکەنەوە و کورد دەستی لە بنی ھەمبانەکە بێتەدەرەوە. ئەگەری ئەوەش ھەیە، عەرەبە سووننە و شیعەکانی عیراق کاریگەری بخەنەسەر کورد و پێکھاتەکانی تری دانیشتوانی تری کوردستان بۆ ئەوەی نەھێڵن ھەرێم بتوانێت دەنگدەرانی دوو لەسەر سێی سێ پارێزگای ھەرێم یان زیاتر  مسۆگەر بکات بۆ رەتکردنی ھەموارکردنەوەی دەستوورەکە ئەگەر ھەموارکردنەوەکە لەبەرژەوەندی ھەرێم نەبێت. ئەگەر ئەم دەستوورە، لەم بارودۆخەی ئێستاشدا کە عێراقی پێدا تێدەپەڕێت ھەموار نەکرێت ئەوا  لە داھاتوودا ھەر ھەموار دەکرێت.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانەی ھەموارکردنەوەی دەستووری ئێستای عێراق، کورد دەبێت ناوماڵی خۆی رێک بخات و یەکڕیز بێت و بەرژەوەندی تەسکی حیزباتەوە بەلاوەبنێ و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بخاتە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییە حیزبییەکانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×