ڕامانێک لەسەر دژیەکیی ناسنامەی کوردستانی‌و ئێرانی

سیروان ڕێناس
  2020-03-03     205

“کاتێک وەک جوولەکە هێرشت دەکرێتە سەر، پێویستە وەک جوولەکەیەکیش داکۆکی لە خۆت بکەی… نەک وەکوو ئەڵمانییەک، نەک وەکوو هاووڵاتییەکی جیهان یان وەکوو داکۆکیکەری مافەکانی مرۆڤ.”[1] (هانا ئارێنت)

لە قۆناغی کلاسیکدا کە هێشتا ناسیۆنالیزم وەک ئایدۆلۆجیایەکی مۆدێڕن سەری هەڵنەدابوو، جۆری پێناسەکردنی ئەتنیکەکان لە خۆیان و دیسکۆرسی زاڵی سیاسی و ناسنامەیی تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز بوو لەو فۆرمەی ئێستا لە قۆناغی مۆدێڕندا هەیەتی. لە دوای دابەشکردنی کوردستان بە دەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دراوسێی کوردستان و کۆلۆنیالیستە ڕۆژاڤاییەکان، ناسنامەی کوردبوون، کە وێدەچێ بە شێوەیەکی مێژوویی گیرۆدەی شێواوی بووبێت، تووشی قەیرانێکی زۆر قووڵتر بووەوە؛ بە جۆرێک کە تا ئەمڕۆش نوخبەی فیکری و سیاسییەکانی کورد نەیانتوانیوە پێناسەیەک لە کوردبوون بکەن و لەسەری کۆدەنگ بن. بۆ نموونە، کوردێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی خۆی چۆن دەبینێ؟ پێویستە خۆی چۆن پێناسە بکات؟ ئایا کوردبوون و کوردستانیبوون تەنیا ناسنامەیەکی نەتەوەییە کە هەیەتی یان ئەوەی کە کوردێکی ئێرانییە؟ گەلۆ دەکرێ هاوکات هەڵگری هەردوو ناسنامەکە بێ، بێ ئەوەی تووشی دژیەکییەکی بنەڕەتی ببێتەوە؟ بە بەراورد لەتەک بەشەکانی تری کوردستان، ئەم پرسیارە بۆ کوردی ڕۆژهەڵات بڕێک ئاڵۆزترە، بەهۆی ئەوەی کە گوتاری[2] ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئاڵۆزترە لە گوتاری ناسیۆنالیزمی ترکی و ئارەبی.

ئەگەرچی هەر مرۆڤێک ئازادە لەوەی کە چۆن پێناسەی ناسنامەی خۆی بکات. میناک، تاکی کورد مافی خۆیەتی کە خۆی وەک کوردێکی ئێرانی یان کوردێکی کوردستانی پێناسە بکات، لێ هەوڵی ئەم وتارە ئەوەیە کە نیشانی بدات کە ئێرانیبوون بە چ واتایەکە بە چ مەبەستێک بەرهەم هاتووە، و هەڵگری چ دەلالەتگەلێ سیاسییە؟ بۆچی کورد ئێرانی نییە و هەروەها بۆچی کورد نابێ ناسنامەی “کوردی ئێرانی” قەبووڵ بکات؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕێگەی شیکاریی گوتارەوە هەوڵ دەدەم نیشانی بدەم کە چۆن فارسبوون لە ڕێگەی تێزی ئێرانیبوونەوە گوتاری ناسنامەی ئێرانیبوونی[3] بەرهەم هێناوە و خۆی لە پشتی ئەم گوتارەوە شاردووەتەوە. لە مێتۆدی شیکاریی گوتاردا ئامانج ئەوەیە کە بزانین چۆن بکەرێک (لێرەدا فارس) هەوڵ دەدا بۆ بەرژەوەندیی خۆی لە گەمەیەکی زمانیدا، وشە، ڕستە و لە کۆتاییشدا گوتارێک (ئێرانیبوون) دروست بکات و لە پشتییەوە خۆی بشارێتەوە. لە هەموو جۆرەکانی پێوەندیی سەردەستی-بندەستیدا بکەر هەوڵ دەدا بەڵگاندنێک پێشکێش بکات کە ئیدعای یونیڤێرساڵبوونی[4] هەبێ و نکۆڵی لە تایبەتمەندیی[5] خۆی بکات. واتە هەر گوتارێک لە لایەن گرووپێکەوە بەرهەم دێت، بەڵام ئەو گرووپە هەوڵ دەدات کە بەرژەوەندی و ناسنامەی خۆی لەناو گوتارەکە جێ بخات و خۆی وەک دامەزرێنەری گوتارەکە بشارێتەوە و  گرووپگەلی تر بگەیێنێتە ئەو قەناعەتە کە ئەم گوتارە هەموومان بە یەکەوە بەرهەممان هێناوە و خێر و قازانجەکەشی بۆ هەموومانە. پێویستە جۆری بەرهەمهاتنی گوتارەکە بشاردرێتەوە بۆ ئەوەی کە گرووپگەلی تر باوەڕی پێ بکەن. کە وابوو هەر گوتارێکی سیاسی و ناسنامەیی خۆی “سیستەمێکی واتایی”یە کە گرووپی باڵادەست بەرهەمی دەهێنێ و ئەرکەکەی ئەوەیە کە لە گەمەیەکی زمانیدا خۆی وەک دامەزرێنەری ئەم گوتارە بشارێتەوە و ئیدعای یونیڤێرساڵبوون بکات.[6]

یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی گوتاری زاڵ ئەوەیە کە داوا لە گرووپی بندەست دەکات کە ئەگەر تەنانەت ستەمیشی لێ کرا، پێویست ناکات بە ناوی تایبەتی خۆیەوە داکۆکی لە ئازادی و مافەکانی بکات، بەڵکوو بۆ چارەسەری پرسەکە پێویستە بێتەوە ناو گوتاری باڵادەستەوە و لەوێدا بە یەکەوە ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەری. بۆ نموونە، “ڕەشپێستەکان”ی ئەمریکا بە دروشمی ئەوەی کە “ژیانی ڕەشەکانیش گرنگە”[7] بزاڤێکیان لە دژی کوشتنی ڕەشەکان (کە بە دەستی “سپییەکان” دەکوژرێن) وەڕێ خستووە. سپییەکان بە وەڵامی ئەوەی کە “ژیانی هەموومان گرنگە”[8] داوایان لێ دەکەن کە خۆیان وەک ڕەشپێست پێناسە نەکەن و تەنیا وەک هاووڵاتییەکی یەکسان خۆیان ببینن. بە هەمان شێوە، فارسەکان داوا لە کورد دەکەن کە ناسنامەی خۆتان کە هەمان تایبەتمەندیی کوردبوونە بخەنە لاوە و وەک ئێرانییەک داوای مافەکانی خۆتان بکەن. ئەم مێکانیزمی خۆداسەپاندنە لە هەموو جۆرەکانی پێوەندیی باڵادەستی-بندەستیدا بە یەک شێوە کار دەکات. هانا ئارێنت بەباشی لەمە تێگەیشتبوو کاتێک گووتی: “کاتێک وەک جوولەکە هێرشت دەکرێتە سەر، پێویستە وەک جوولەکەیەکیش داکۆکی لە خۆت بکەی… نەک وەکوو ئەڵمانییەک، نەک وەکوو هاووڵاتییەکی جیهان یان وەکوو داکۆکیکەری مافەکانی مرۆڤ.”  کاتێک فارس کوردی وەک کورد کردووەتە ژێردەست، مرۆڤی کورد دەبێ وەک کورد داکۆکی لە خۆی بکات و هەوڵی ڕزگاری و ئازادی بدات، نەک وەک ئێرانییەک، نەک وەک داکۆکیکەری مافەکانی مرۆڤ، یان وەک خەباتکارێک بۆ مرۆڤایەتی.

وەک لە سەرەوە باس کرا، هەر گرووپێک کە بیهەوێ هەقیقەتی خۆی بەسەر گرووپگەلی تردا بسەپێنێ پێویستە هەقیقەتی خۆی وەک هەقیقەتێکی یونیڤێرساڵ نیشان بدا. گرنگ نییە ئەم گرووپە کێیە و ئەم هەقیقەتەش چییە. ئەمە لۆژیکی خۆسەپاندنە بەسەر “ئەوانی تر”دا. ئەم هەقیقەتە لە گوتارگەلی جیاوازدا و بە مەبەستی خۆسەپاندن وەک هەقیقەتێکی یونیڤێرساڵ بە ناوی جۆراوجۆرەوە باسی لێوە دەکرێ. وەک، مرۆڤایەتی (هەموومان هەر مرۆڤین)، ئایین (هەموومان موسوڵمانین)[9]، دێموکراسیخوازی (دێموکراسیمان دەوێ)، کۆمۆنیزم (هەموومان وەک چینی کرێکار ژێردەستین)، لیبراڵیزم (زەقکردنەوەی تاکگەرایی و مافەکانی مرۆڤ و گرنگینەدان بە مافەکانی بەکۆمەڵ)، پیاوسالاری (هەموومان مرۆڤین بە ژن و پیاوەوە) ناسیۆنالیزمی ئێرانی (هەموومان ئێرانیین) و هتد. ئەم یونیڤێرساڵیتییە لە بەرامبەر تایبەتمەندیدا ڕادەوەستێ و ئامانجی شتنەوە و لەناوبردنی تایبەتمەندیی مرۆڤە، کە هەمان ناسنامەکەیەتی.

لەم پرۆسەیەشدا یونیڤێرساڵبوونێک لە ئارادا نییە کە تێکەڵەیەک بێ لە هەموو ناسنەمەکان، یان ناسنامەیەکی هەبێ کە بێلایەن بێ بە نیسبەت هەموو مرۆڤەکان (کە ئەمانە ئەفسانەن و دوورن لە هەقیقەتی ناسنامەی مرۆڤ)، بەڵکوو یونیڤێرساڵیتییەکە هەمان تایبەتمەندی و ناسنامەی گرووپە باڵادەستەکەیە کە بە ناوێکی ترەوە بەسەر گرووپە بندەستەکاندا دەیسەپێنن. ئەو ئایدیای یونیڤێرساڵیتییە، هەر وەک باس کرا، ستراتیژەکەی ئەوەیە کە دەڵێ: هەموومان وەکیەکین و دەست لە خۆجیاکردنەوە (پاراستنی تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆتان) هەڵگرن (ناسنامەی ئێمە قەبووڵ بکەن و ببن بە ئێمە).

سەرهەڵدانی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران. لە دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێراندا –کە پاشماوەی داڕمانی ناتەواوی ئیمپراتۆڕییەکە– فارسەکان پێویست بوو گوتارێکی ناسیۆنالیستی چێ بکەن کە ڕەزامەندیی نەتەوەکانی تر وەدەست بهێنن. بۆ ئەم مەبەستەش وشەی “ئێران”یان وەک ناوی فەرمیی دەوڵەت هەڵبژارد. لە ترکیادا چۆن ترکەکان نەیانتوانی گوتارێکی وەها بەرهەم بهێنن، هەوڵیان دا نکۆڵی لە هەبوونی کوردبوون بکەن. لە ئێران، جگە لە کورد، ترک، بەلووچ و ئارەب و ترکمان هەبوون و فارسەکان کە نزیکەی نیوەی جەماوەرن، بە هیچ شێوەیەکی تر نەیاندەتوانی خۆیان لە پێگەی سەروەریدا بهێڵنەوە، بۆیەش گوتارێکی تایبەتییان بەرهەم هێنا. لەم پێناوەدا پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی لە ئێرانیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەلاڕێدابردنی ناسنامەی نەتەوەکان نەهات کە نکۆڵی لە بوونیان بکات بەڵکوو بەو جۆرەی کە خۆی پێویستی هەبوو دووبارە پێناسەی کردنەوە. بۆ نموونە، لەم قۆناغەدا دەوڵەت، کوردستان، بەلوچستان، فارس و ئازەربایجانی وەک ناوی پارێزگاکان هەڵبژارد و هەوڵی دا جەماوەری سەر بە نەتەوە جیاوازەکان تێکەڵکێش بکات کە رێگەی ‘خۆجیاکردنەوە‌یان و خۆپێناسەکردنیان لێ بگرێ.

گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کە بەرهەمی ڕۆشنبیر و نوخبە سیاسیی فارسە، تێزی ئێرانیبوونی داهێنا کە فارسیبوونی ناسنامەی ئەم گوتارە سیاسی-ناسنامەییە بشارێتەوە. واتە لە دیدی ئەوانەوە ئێران یەک نەتەوەیە کە بە شێوەیەکی مێژوویی لە پرۆسەیەکی “پێکەوەژیانی مێژوویی”[10]دا بەرهەم هاتووە. لەم گوتارەدا، زمانی فارسی زمانێکە کە بە ڕەزامەندییەوە بووەتە زمانی ئەم نەتەوەیە کە زمانی هونەر، وێژە، زانست و ژیارە. کورد، ترکی ئازەری، بەلووچ و ئارەب “قەوم”ێکی ئێرانین کە بەشێکن لەم نەتەوەیە، کە ئەگەرچی لەوانەیە زمانی خۆشیان هەبێ،[11] بەڵام بەهۆی بەهێزبوونی زمانی فارسی و لاوازیی زمانەکەی خۆیان بە ڕەزامەندییەوە و لە پرۆسەیەکی مێژوییدا دانیان بە فارسی وەک زمانی فەرمی داناوە. توێژەرە فارسەکانی بواری ناسنامەی ئێرانی هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە زمانی فارسی یەکێک لە هەرە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئێرانیبوونە. بۆیەش پێداگری لەسەر داسەپاندنی زمانی فارسی دەکەن لە پێناو یەکگرتوویی ئێراندا. ئەم زەروورەتی یەکگرتووبوونەش دەمانباتە سەر کۆڵەکەیەکی تری ناسنامەی ئێرانیبوون کە “پاراستنی تەواوێتیی خاکی ئێران”ە.

وەک باس کرا، لەم گوتارەدا، ئێران وەی ئایدیایەک بۆ شاردنەوەی قەومی فارس بەکار دەهێندرێ.[12] واتە ئەگەر ناوی ئێران فارسستان بووایە فارسەکان نەیاندەتوانی بەم شێوەیە پەرە بەم جۆرە سەروەرییە ناڕەوایە بدەن. ئێرانیبوون لێرەدا ئەم ئایدیا یونیڤێرساڵەیە کە تایبەتمەندیی فارسبوون دەشارێتەوە. ئەگەرچی ناوەرۆکی ئێرانیبوونەکە فارسییە، وەلێ فۆرمی گوتارەکە ئێرانییە. ئێران فۆرم و ڕووکەشێکە بۆ پەرەپێدان بە تایبەتمەندی و بەرژەوەندییەکانی فارس بە ناوی یوناڤێرساڵیتییەوە. ئەرکی ئەم یونیڤێرسالیتییەش چێکردنی هەژموونییە. لە ڕاستیدا، ئێرانیبوون لە جەوهەری خۆیدا بە واتای فارسبوونە؛ ئێرانیبوون دانپێدانانە بە سەروەریی نەتەوەی فارس بەسەر نەتەوەکانی تردا. هەر بۆیەش، فارسەکان بە حەز و باوەڕەوە خۆیان بە ئێرانی دەزانن، بەس نەتەوە بندەستەکان یان خۆیان بە ئێرانی نازانن یان بە دوودڵی و دڕدۆنگییەوە، لەژێر کاریگەریی ئەم گوتارەدا، وەک ناسنامەیەکی تێکەڵ خۆیان بە “کوردی ئێرانی”، “ترکی ئێرانی”، “بەلووچی ئێرانی”، “ئارەبی ئێرانی” یان “تورکمانی ئێرانی” دەزانن.

بەڵام فارسەکان هیچکات ناڵێن کە ئێمە “فارسێکی ئێرانی”ین. ئەوان وەک ئێرانیبوون تەعبیر لە خۆیان دەکەن و هەردوو ناسنامەی فارسبوون و ئێرانیبوونەکە لای ئەوان ڕێک یەک واتای هەیە. کە وابوو کەسێکی فارس قەت ئەو پرسیارەی لەلا دروست نابێ کە ئایا “فارسێکی ئێرانی”یە یان تەنیا هەر فارسە، بەڵام بۆ کوردێک ئەم پرسیارە دروست دەبێ کە گەلۆ من تەنیا کوردم (و کوردستانیم) یان ئەوەی کە کوردێکی ئێرانیم.

لە ڕوانگەی تیۆری دیسکۆرسەوە، وشەکان و تێگەکان شتێکی نەگۆڕ و تاهەتایی و زاتی نین، بەڵکوو لە بەستێنی دەسەڵات و هێزدا مانای خۆیان وەردەگرن. ئەگەر کورد لە ئێراندا نەتەوەی باڵادەست بووایە، ئەوکات کورد ئێرانیبوونەکەی بە جۆرێک پێناسە دەکرد کە بە واتای کوردبوون بووایە. بەڵام فارسەکان بە شێوەیەکی مێژوویی باڵادەستیی خۆیان سەپاندووە و مانای خۆیان بە ئێرانیبوون داوە. ئێران وشە و تێگەیەکە کە فارس مانای تایبەتی خۆی لەسەر بارکردووە. بۆیەش، کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئێران بەستراونەوە بە سەرەوەریی فارسەوە. بۆ نموونە، زمانی فارسی لە لایەن کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی فارس/ئێرانییەوە وەک زمانی فەرمی و سەرەکیی ئێرانیبوون ناسراوە و ناسێندراوە. واتە کورد ناتوانێ کورد بێ و بە زمانی کوردی بخوێنێ، هاوکاتیش ئێرانی بێ. هەر ئەوەشە کە ناسیۆنالیستێکی ئێرانی ناتوانێ زمانی کوردی بەفەرمی بناسێ. هەروەها، کۆڵەیەکی تری ئێرانیبوون پاراستن و پیرۆزکردنی جوگرافیای ئێرانە وەک یەکەیەکی سیاسی-ئەخلاقیی یەکگرتوو. کەواتە مرۆڤی کورد ناتوانێ خاوەنی خاکی کوردستان بێ و هاوکات خۆی بە ئێرانی بزانێ. ئێرانیبوون واتە تەنیا یەک دەسەڵاتی سیاسیی یەکگرتوو کە ناسنامەکەی لە ئەتنیسیتەی فارسەوە سەرچاوە دەگرێ.

لە حاڵێکدا کوردبوون ناسنامەیەکە کە تایبەتمەندیگەلی نەتەوەیی دەدا بە کۆمەڵگەی کوردستان، لەوانە: جوگرافیای کوردستان، مێژووی هاوبەش، کولتوور، زمان و نەریت، لەمانەش گرنگتر: ڕامانی کوردانە بۆ جیهان و هەروەها چارەنووسی هاوبەش. کوردستانیبوون ناسنامەیەکی نەتەوەییە کە لەسەر بنەمای ئەو کوردبوون دادەمەزرێ. کوردبوون تەنیا ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە بەڵکوو هەموو کوردستان دەگرێتەوە. لێرەوە، کوردستانیبوون سەرەوەریدانە بە مرۆڤ و نەتەوەی کورد وەک خاوەنی کورد و کوردستان. بۆیە کە دەگوترێ کورد ئێرانی نییە یەکێک لە دەلالەتە سیاسییەکانی ئەوەیە کە کوردستانیش نابێ بەشێک بێ لە خاکێک کە لەژێر کۆنترۆڵی فارسدا بێ. لێروە ئیتر هەموو بنەما لەرزۆکەکانی تێزی ئێرانیبوون هەڵدەوەشێنەوە. بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو چیرۆک و حیکایەتەی ئێرانیبوونەش، کورد ناتوانێ ناسنامەی نەتەوەیی خۆی فۆڕموولە بکات.

قۆناغی سەرەتایی بۆ چێکردنی گوتارێکی پتەوی نەتەوەیی خۆڕزگارکردنە لە چیرۆکی داسەپێندراوی گوتاری سیاسی-فیکریی نەتەوە باڵادەستەکان –ئەم بەڵگاندنە بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش هەر ڕاستە. لەبەر ئەوەیە کە خۆپێناسەکردن وەک “کوردی ئێرانی”، کە خۆی لە دروشمی “خۆمان لە هەموو ئێرانییەک بە ئێرانیتر دەزانین”دا فۆرمولە دەکات، هەڵگری دژیەکییەکی قووڵە کە ئەمڕۆ یان سبەی هەڵدەوەشێتەوە.[13]

بۆ ئەوەی کە بزانین چۆن گوتاری ئێرانیبوون خۆی داسەپاندووە، دەتوانین چەند پرسیارگەلێ جیاواز ئاراستەی مرۆڤی کورد و هەروەها فارسەکانیش بکەین. لەوانە: بۆچی وشەیەکمان بە ناوی “فارس‌تبار ایرانی” نییە، لە حاڵێکدا “کردتبار ایرانی”مان هەیە؟ بۆچی نابیستین فارسەکان وەک ئێمەی کورد بڵێن “خاوەنی ڕەسەنی ئێران ئێمەین و خۆمان لە هەموو ئێرانییەک بە ئێرانیتر دەزانین”؟ چما ئەوان بە ئێمەی کورد دەڵێن کە ئێوە کۆنترین و ڕەسەنترین قەومی ئێرانن و خاوەنی مێژوویی ئەو “نیشتمان”ە ئێوەن، وەلێ ئێمەی کورد ناڵێین کە ئێوەی فارس خاوەنی کۆن و ڕەسەنی ئەم نیشتمانەن؟ ئەگەر کورد خاوەنی ئێرانن چما زمانی کوردی تاکە زمانی فەرمی نییە لە ئێراندا بە جۆرێک کە فارسەکانیش بە کوردی بخوێنن؟ (لەمە گەڕێن کە کوردی وەک زمانی فەرمی هەر یاساغە).

بۆچی هەر لەناو دەوڵەتی ئێراندا ئازەربایجان، بەلووچستان و کوردستان هەن، بەڵام “فارسستان”ێک نییە؟[14] بۆچی بواری خوێندن و توێژینەوەی کوردناسی[15] هەیە، بەس “فارسناسی” نییە، بەڵکوو ئێرانناسی[16] هەیە؟ بۆچی مێژووی ئێران لە کوروشی پارسییەوە دەست پێ دەکات و تەنیا ئەم قۆناغە لە مێژوویە کە گەشەی پێ دەدرێ و وەک قۆناغی زێڕینی مێژوویی لای فارس/ئێرانییەکان باس دەکردرێ؟ بۆچی مێژووی ئێران لە میدەکانەوە دەست پێ ناکات؟ چما لە دەرەوەی ئێران کوردمان هەن، بەس لە دەرەوەی ئێران “کوردی ئێرانی”مان نین؟[1] بۆ نموونە، کوردی ترکیا ناڵێن ئێمە کوردی ئێرانیین. بۆچی گوتاری میدیای فارسەکان وشەی “کردزبان” تەنیا بۆ کوردی ڕۆژهەڵات بەکار دەهێنن. بۆ نموونە، مەبەستی میدیای فارسی لە “کردزبان” کوردی باکوور یان ڕۆژاڤا نییە. لۆ بە کوردستان دەبێژن “مناگق کردنشین” (ناوچەی کوردنشینەکان)[17] بەس بە خاکەکەی خۆیان نابێژن “مناگق فارس‌نشین” (ناوچەی فارسنشینەکان)؟ چما سەربەخۆییخوازی (جوداییخوازی) کورد، تەنانەت سەربەخۆییخوازی ترک، بەلووچ و ئارەبیش هەن، بەس جوداییخوازی فارسمان نین؟ بۆچی ئەگەرچی هیچ نەتەوەیەک حەز ناکات خاک و نیشتمانی خۆی دابەش بکات، بەڵام کورد حەز دەکات ئێران دابەش بێ؟ واتە چما کورد خۆی بە خاوەی خاکی ئێران نازانێ؟[18]

ئەگەرچی وەک لە سەرەتادا باسم کرد، مرۆڤی کورد مافی خۆیەتی کە چۆن خۆی پێناسە بکات. بەڵام هەموو ئەو کوردانەی کە خۆیان بە کوردی ئێرانی دەزانن پێویستە ئاگاداری چۆنێتیی بەرهەمهاتنی گوتاری زاڵی ئێرانیبوون بن و بتوانن وەڵامی ئەم پرسیارگەلە بدەنەوە کە باس کران. هەروەها پێویستە دەلالەتە سیاسییەکانی ئەم جۆرە پێناسەیە (کوردی ئێرانی) لەبەرچاو بگیرێن. گەلۆ کورد نەتەوەیە یان وەک فارسەکان دەڵێن “قەوم”ە یان ئەوەی کە ئەتنیکە؟ کورد ئەگەر نەتەوەیە ئەی ئێران چییە؟ ئایا کورد دەتوانێ نەتەوە بێ و هاوکاتیش سەر بە نەتەوەیەکی تر بێ؟ گوتاری “کوردی ئێرانی” چۆن دەتوانێ خۆی لەم دژییەکییە دەرباز بکات کە لە لایەکەوە، گوتاری کوردبوون/کوردستانیبوون پێی وایە کورد نەتەوەیە و کوردستان زێدی کوردە، لە لایەکی تریش گوتاری ئێرانیبوون لە بنەڕەتدا نکۆڵی لە کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمانی کورد دەکات؟ (بێ گومان نکۆڵی لە کورد وەک “قەوم” ناکات)، واته گرنگە بزانرێ کە کۆی ئامانجی گوتاری ئێرانیبوون نکۆڵیکردنە لە بەفەرمیناسینی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمانی کورد.

 لەم نێوانەدا، بەرەیەکی سیاسی هەیە کە ئەگەرچی خۆی بە کورد و کوردستانی دەزانێ، بەڵام پێی وایە کە لە کایەی سیاسی لەگەڵ فارسەکاندا پێویستە کورد بڵی “کوردی ئێرانی”م، بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئامانجی فیدراڵیزم بپێکێ و ستراتیژی سیاسیی خۆی بشارێتەوە. دیارە ئامانجی ئەم وتارە ئەمە نییە کە باس لەمە بکات کە بۆچی سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی کورد بێ، نەک فیدراڵیزم،بەڵام ئەگەر وای دابنێین کە نوخبەی سیاسیی کورد بە دوای ڕێگاچارەسەری فیدراڵی یان کۆنفیدراڵییشدا بێ، ئەوە مەسەلەیەکی سیاسییە و پێوەندی بە ناسنامەی کوردەوە نییە. ناسنامەی نەتەوەیی شتێک نییە کە دانوستانی سیاسی لەسەر بکردرێ، بەڵکوو دانوستان لەسەر بەرژەوەندییە ناستراتیژییەکان دەکردرێ. هەر بۆیەش، ئەگەرچی ئەز لەم باوەڕەدام کە تەنیا سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی بزاڤی کوردستان بێ، بەس نەتەنێ بەرەی سەربەخۆییخواز، بەڵکوو بەرەی فیدراڵخواز یان کۆنفیدراڵخوازیش پێویستە زۆر بە ئاشکرا باس لە بەفەرمیناسینی کورد وەک نەتەوە بکەن.[19] لەبەر ئەوەی کە گرنگە بزانرێ کە فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم مۆدێل و ڕێگاچارەسەری سیاسین، نەک مۆدێلێک بۆ دیاریکردنی ناسنامەی کورد. [i]

[1] “If one is attacked as a Jew, one must defend oneself as a Jew. Not as a German, not as a world citizen, not as an upholder of the Rights of Man.”  https://www.philosophersmag.com/opinion/187-the-urgent-relevance-of-hannah-arend

[2] Discourse

[3] هەڵبەت لێرەدا گرنگە ئاماژە بدرێ کە ئێرانیبوون ناسنامە نییە بەڵکوو ناسنامەیەکی ساختەیە. لەم واتایەدا، ناسنامەی ئێرانیبوون ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا دەگێڕێ و ‘وشیاری هەڵە” (false consciousness) دەخووڵقێنێ. بۆ بەڵگاندنێکی هاوشێوە بڕوانە: رستمی، مەسعود. ٢٠١٨. پروبلماتیک مبارزه؛ خوانش فراایدولوژی.

[4] Universal

[5] Particularity

[6] سپاسی هاوڕێم هێمن حسێنی دەکەم کە ئایدیای کەڵکوەرگرتن لەم بەڵگاندنە لە گفتوگۆیەک لەتەک ئەو بە زەینمدا هات. گفتۆگەکەمان سەبارەت بە بەڵگاندنی سڵاڤۆی ژیژەک بوو. لە دیمانەیەکدا کە ژیژەک باس لە چۆنێتیی خۆسەپاندنی “سپیپێست”ەکان دەکات بەسەر “سوورپێست”ەکان و “ڕەشپێست”ەکاندا.

[7] Black Lives Matter

[8] All Lives Matter

[9] بۆ خوێندنەوەی کارێکی باش لەم بارەوە بڕوانە: “کوردەکان و برا موسوڵمانەکانیان” لە نووسینی جەماڵ نەبەز.

[10] ئەمە یەکێکە لە کاکڵە سەرەکییەکانی ئەم گوتارە کە فارسەکان بە “همزیستی تاریخی” (پێکەوەژیانی مێژوویی) باسی دەکەن.

[11] هاوکات فارسەکان ئەم گریمانەش باس دەکەن کە ئەمانە زمان نین و زاراوەن. بەڵام لە دوای چەند دەیە، لەم دواییانەدا ئەم گریمانەیەیان تووشی گێچەڵ بووە، وردەوردە خەریکن پاشەکشەی لێ دەکەن.

[12]  لە مێتۆدی شیکاریی ڕەخنەیی گوتاردا (critical discourse analysis) ئامانج ئەوەیە ئاشکرای بکەین کە چۆن بکەرەکە لە پێکهاتەی زمانیدا خۆی دەشارێتەوە. میناک، ئەگەر فارسێک بەوپەڕی بەکارهێنانی لۆژیکەوە و لەژێر گوشاردا بیهەوێ دان بەمەدا بنێ کە ناهەقی لە کورد کراوە لەم ڕستەیە کەڵک وەردەگرێ: “من قبول دارم کە بە شما کوردها ڤلم شده است”. لێرەدا ئاخێوەری فارس (کە سەر بە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییە) لە پێکهاتەی کاری نەناسراو (passive verb) کەڵک وەردەگرێ کە دان بەمەدا نەنێ کە فارس هەقی کوردی پێشێل کردووە. واتە ناڵێ کە “من قبول دارم کە ما فارس‌ها به شما کوردها ڤلم کرده‌ایم”. بەم جۆرە ئەگەرچی دیارە کە ماف و ئازادیی کورد پێشێل کراوە، بەس ڕوون نییە کە کێ ئەو مافەی پێشێل کردووە. وەک دەبیندرێ بکەر بەردەوام لە گەمەی زمانی و سیستەمێکی واتاییدا (گوتار) خۆی دەشارێتەوە. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم مێتۆدە بۆ شیکاریی ڕەخنەیی گوتار بڕوانە:

Fairclough, Norman. 1995. Critical Discourse Analysis: New York: Longman, 1995

[13] ئاماژەکان لە فەزای گشتیی مەجازیی کوردستاندا ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەم گوتارە لەناو نەوە نوێیەکاندا لاواز بووە و موناقشە لەسەر دژییەکی ئەم دوو ناسنامەیە لە هەناوی زۆربەی موناقشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەبیندرێ.

[14] تەنانەت گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی بۆ هەر نەتەوەیەکی بندەست لە “ئێران”دا پارێزگایەکی دیاری کردووە کە ناسنامەی نەتەوەکان بۆ ئاستی “قەوم” نزم بکاتەوە. بە سەرنجێک بە ناوی پارێزگاکانیش دەردەکەوێ کە هەمدیسان پارێزگای کوردستان، بەلووچستان و ئازەربایجان هەن. کە دەگاتە ناوی پارێزگای فارسەکان، ناوی پارێزگای “فارس”ە نەک فارسستان.

[15] Kurdology یان  Kurdish Studies

[16] Iranistics, Iranology یان   Iranian Studies

[17] ئەگەرچی لە لایەکی تریشەوە، فارسەکان بۆ پەرەپێدان بە زاڵێتیی مێژوویی خۆیان هەوڵ دەدەن کە بڵێن کورد لە هەر شوێنێک بن هەر ئێرانین و چالاکانە دژایەتیی سەربەخۆیی کورد لە بەشەکانی تری کوردستانیش دەکەن. لەمەش زیاتر، ڕەوتێکی هزریی کۆنیان هەیە کە دەڵێ نەتەنێ کورد لە ئێراندا مافی سەربەخۆیی نییە، بەڵکوو ئەگەر کورد لە بەشێکی تری کوردستانیشدا بگاتە سەربەخۆیی هەر ئێرانییە. دەکرێ جەوادی تەباتەبایی وەک نموونەیەکی نوێ و دیاری ئەم گوتارە فیکرییە شۆڤێنیستییە ببینین کە پێی وایە “ئێران” یەک ئایدیا و تیۆرییە (ئێرانشاری) کە کورد و ترک و زۆر “نەتەوە”ی تریش دەگرێتەوە. ئەو لەو باوەڕەدایە کە ئەم نەتەوانە ئەقڵییەتیان ئێرانییە و ئەگەر سەربەخۆش ببن هەر سەر بە هزری ئێرانین. بۆ زانیاری زیار بڕوانە: http://iranshahri.com/

بۆ ڕەخنەیەک لەسەر هزری سیاسیی تەباتەبایی بڕوانە ئەم وتارە فارسییە: حاجی‌زادە، جلال. (١٣٩٥). تأملی بر نڤریه انحگاگ و زوال اندیشه در ایران. گۆڤاری بیروهزر.

[18] خۆپاراستن لە وشەی کوردستان لە دیسکۆرسی ئێرانیدا و دەکارخستنی دەستەواژەی “ناوچە کوردنشینەکان” بەو ئامانجەیە کە بڵێن کوردستان خۆی نیشتمانێک نییە بەڵکوو تەنیا یەک نیشتمان هەیە ئەویش ئێرانە. لەم ڕوانگەوە، دەکرێ لەم “نیشتمانەی ئێران”دا لە شوێنێک کورد نیشتەجێ بن و لە شوێنێ تریش ترک، ئارەب، فارس، تورکمان، یان بەلووچ. کەوابوو کوردستان نیشتمان و زێدی کورد نییە بەڵکوو ناوچەیەکە کە لە ئێستادا کورد لەوێ نیشتەجێن. دەلالەتێکی سیاسیی ئەمەش ئەوەیە کە دەکرێ خەڵکانی تر لەوێ نیشتەجێ بکرێن (گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان). دەلالەتێکی گرنگتری تر ئەوەیە کە کوردستان یەکەیەکی نەتەوەیی نییە، واتا نەتەنیا نابێ سەربەخۆ ببێ بەڵکوو لە مۆدێلی خودموختاری یان فیدراڵییشدا کوردستان نابێ یەکەیەکی سیاسی بێ –واتە نکۆڵیکردن لە نەتەوەبوونی کورد.

[19] مەبەست ئەوە نییە کە هەموو کورد حەز دەکات ئێران دابەش ببێ، بەڵکوو مەبەست بەراوردی ڕوانگەی کوردە لەگەڵ فارسدا بە نیسبەت نیشتمانی “کوردستان” و “ئێران”، ئەگینا فارس/ئێرانییەکان هەتا ئەمڕۆش ئەم ئازادییەیان لە کورد زەوت کردووە کە کورد لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا تەعبیر لە ناسنامەی خۆی بکات.

هەروەها ئەم وتارە:

Montserrat Guibernau, Nations Without States: Political Communities in the Global Age, 25 Mich. J. Int‌l L. 1251 (2004).

Available at: https://repository.law.umich.edu/mjil/vol25/iss4/23
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×