ڕۆشنبیری کورد کێیە؟

هۆشیار جەمال
  2020-03-08     1692
لە ئێستادا بەهۆی ئەو پێشکەوتنە خێرایەی لە بواری تەکنەلۆژیا هاتۆتە ئاراوە و جیهان بووە بە گوندێکی بچووک، ڕووداوێک بەسە بۆ ئەوەی زۆربەی خەڵكی لە جیهاندا بیزانن، کە زۆرجار بەشێک لەم ڕووداوانە دەبنە مایەی هەڵوێستە لەسەر کردن لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردیشەوە بەتایبەت لە باشوری کوردستان.

ڕۆشنبیران لە باشوری کوردستان هەڵوێست و قسەکانیان لە چوارچێوەی ئەوەدایە، پێیان وایە ئەوان لە پێناو مرۆڤایەتیدا دەنووسن و دژی هەر جۆرە ئازاردان و کوشتنی مرۆڤ و ئاژەڵ و تەنانەت زیان گەیاندن بە دارێک، یاخود ژینگەی کۆمەڵگان.

هیومانیزم (مرۆڤدۆستی) چییە؟

واتای مرۆیی، یان مرۆڤایەتی دەبەخشێت. بە هەموو ئەو تیۆرانە دەگوترێ کە بڕوایان بە بەختەوەری و ڕێزدانان بۆ کەسایەتی مرۆڤ و پێشکەوتنی هەمەلایەنی مرۆڤ و پێکهێنانی هەلومەرجێکی لەبار بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ هەیە. 

هیومانیزم بریتییە لە پەیوەندی و کۆنتاکتی ڕەوشتی ناسک، کە بنەما و بناغەکەی دەرهاتووی ناخی مرۆڤە، بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ ژیان و ژینگە و کۆمەڵگاکەیدا. لێرەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ شتێکی مرۆڤانە نییە کە نامۆ بێت بە مرۆڤ.

هیومانیزم، وەک شێوازێکی ژیان بە واتای مرۆڤدۆستی و ڕوانینە مرۆڤ، وەک ئەوەی کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە و دەبێت ڕێز لە توانایی و کەرامەتی بگیرێت، بۆ ئەمەش مرۆڤەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە.

ئەگەر ئەم دێڕانەی سەرەوە بخوێنینەوە، کە لەسەر مرۆڤدۆستی نووسراوە، بیرێک لە ڕابردوو بکەینەوە دەبینین ڕۆشنبیری کورد لە بارەی ڕووداوی هێرشکردنە سەر گۆڤاری (شارلی ئیبدۆ) لە فەرەنسا هەڵوێستیان هەبوو، ڕۆشنبیرێک دەنووسێت پەلاماردانی گۆڤاری (شارلی ئیبدۆ) لە سەرەتای ٢٠١٥دا، پەلاماردانی ئازادیی ڕادەربڕین بوو.

هەروەها هەر بەهۆی مرۆڤدۆستییانەوە زۆر گرنگی بە وەرگێڕانی کارەساتی هوڵۆکۆست دەدەن زۆر زیاتر لەوەی کار بکەن بۆ ئەوەی ئەنفال بناسێنن بە جیهان کاریان کردووە، بۆ ناساندنی جینۆسایدی جولەکەکان لای گەلی کورد، لە ڕاستیدا ڕۆشنبیرانی کورد ئەو شەڕەی دەیکەن بەناوی مرۆڤدۆستییەوە و پێان وایە دەبێت پێکەوەژیانی ژێر دەسەڵاتێکی سیکۆلار دروست بێت، لەسەرو تێڕوانینی ئاینەوە بەدیاری کراوی ئاینی ئیسلام بڕواننە مرۆڤ تەنها دروشم و قسەی زلە، کاتێک دێتە سەر ئازارەکانی مرۆڤی موسوڵمان بێ دەنگ دەبن و وشەیەکیان لە دەم نایەتە دەرەوە لە کاتێکدا لە وڵاتێکی گەورەی وەک چین کە سیستەمێکی شیوعی باڵا دەستە کەمینەیەکی موسوڵمان تێیدا دەژی، نزیکەی (100) ملیۆن کەسن بە گوێرەی په‌یمانگای سیاسه‌تی ستراتیژی ئوسترالیا له‌ ڕاپۆرتێكدا كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هه‌زاران موسڵمانی (ویگۆر) كه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن له‌ زیندانێكدا وێڕای ئه‌وه‌ی پێشتر سزا ئه‌دران و ته‌لقینی بیروباوه‌ڕیان ده‌كرا، ئێستا به‌ زۆره‌ملێ بۆ كاركردن ڕاپێچی (27) كارگه‌ ده‌كرێن له‌ (9) كه‌رتی جیاجیای چین، له‌ نێویاندا كارگه‌ی پێڵاوی براندی (نیك) كه‌ براندێكی جیهانییه‌ له‌ چین.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ ئه‌و ده‌ستگیركراوه‌ موسڵمانانه‌ له‌ نێوان ساڵانی (2018 – 2019) له‌ كه‌رتی شینگیانگ له‌ شوێنی كاركردن و نیشته‌جێبوونیان دوورخرانه‌وه‌ و به‌ره‌و كه‌مپێكی زۆره‌ملێی هاوشێوه‌ی زیندان بردیانن به‌ بیانووی بنبڕكردنی په‌ڕگیری ئاینی، به‌ڵام له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی زیانه‌ ئابوورییه‌كان، حوكومه‌تی چین له‌نێو كارگه‌كاندا كاریان پێده‌كەن بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌قده‌ستێكیان بۆ سه‌رفبكات.

یاخود لە وڵاتێکی وەک هندستان کە زۆرینەی هندۆسن ڕۆژانە ئازار و ئەشكەنجەی کەمینەی موسوڵمانانی ئەو وڵاتە دەدرێت، کە ژمارەیان زیاترە لە (١٧٠)ملیۆن موسوڵمان، لە تازەترین بڕیاریدا پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ڕێگەنادەین ڕەگەزنامە بە هاوڵاتیانی کۆچبەری موسوڵمانی هەرسێ وڵاتی دراوسێی کە (ئەفغانستان و پاکستان و بەنگلادیش)ە بدرێ، کاتێکیش خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەستی پێکردووە زیاتر لە ٥ هەزار کەسیان دەستگیرکردووە و چەند کەسێکیان کوشتووە، هەروەها هێڵەکانی پەیوەندیان لە ناوچە موسوڵمان نیشینەکان ڕاگرتووە.

بەڵام لەم کاتەدا ڕۆشنبیران بێ دەنگیان هەڵبژاردووە، بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ناخی زۆرینەیاندا هەڵگری ڕقن لە مرۆڤی موسوڵمان، نەک هەر مرۆڤ دۆست نین، بەڵکو دژی ئاینەکەشن کە ئیسلامە، پشگیری کردن لە موسوڵمانانیش وەک ڕێگایەک نابینن بۆ پەیداکردنی پارە، ئەگینا ئەوان کەمپینی پاراستنی مافی ئاژەڵان و پاراستنی دار و درەخت و سەوزایی و ژینگە دەکەن، بە دەیان ڕێکخراوی ژینگەیی و سروشتیان دروستکردووە و ساڵانە پارە و نەسریەی بۆ وەردەگرن لە حسابی ئەم میللەتە، لەولاشەوە ئێوارەیان لێهات بەرەو باخی گەورە پیاوانی حیزب ئەڕۆن بۆ خواردنی گۆشتی ئاسک و برژاندنی بە دارودرەختی وڵات .


لە هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا کە نەخۆشی کۆرۆنا پرسێکی گەرمە، ئەم قەڵەم بەدەستانە وەک بڵێی زۆر خەمی خەڵکیان بێت گەورەترین هەرایان لەسەر مامۆستایانی ئاینی و یەکێتی زانایان دروستکرد، کە ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێم وتیان ناتوانین لەم كاتەدا نوێژی هەینی بوەستێنین، بەڵام خۆیان گێل ئەکەن لەوەی کە هەمان ڕۆژ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەوڵی کۆبوونەوەیدا بۆ ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکان و ڕێکاری پێویست بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکان هاتنە سەرخەت و نەیان هێشت بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەی بۆ بێ دەنگبوون؟ لە خەمی بڕینی پارەی سەنتەرەکانی بەناو توێژینەوە و ناوەندەکانی بەناو ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی سیاسیی و میدیا سێبەرەکانتاندا بوون؟ کە تائێستا بەردێکتان نەخستۆتە سەر بەردێک، یاخود ئێوەی ڕۆشنبیر وەک ڕۆبۆت ئەبێت حیزب بتان جوڵێنێت و کات و شوێنی قسەکانتان بۆ دیاری بکات؟

ئەمەیە ڕۆشنبیری کورد، نەک هەر خەمی مرۆڤێتی لەوسەری دونیا و خەمی ئاژەڵ و ڕووەک و سەوزاییەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی حیزبەکەی لە هەناوی خۆیدا دژایەتی ئیسلامی هەڵبژاردووە لە ئاست ئازاری ملیۆنان مرۆڤی موسوڵمان لە جیهاندا کەڕوڵاڵە، دەستی قەڵەم ناگرێت هیچ بنوسێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×