كاردانەوەی عەبدوڵا گول و ئەحمەد داودئۆغلۆ بەرامبەر بە دورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكان
  2019-08-19       1515       

عەبدوڵا گول، سەرۆك كۆماری پێشوی توركیاو ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئەو وڵاتە هەنگاوی دورخستنەوەی سەرۆكانی هەر سێ گەورە شارەوانی ئامەد، وان و مێردین بە هەنگاوێك دژ بە دیموكراسی ناودەبەن.

ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی توركیا، سەرۆكانی هەر سێ گەورە شارەوانی ئامەد، وان و مێردین لە کارەکانیان دورخرانەوە ئەوەش بە تۆمەتی "بونی پەیوەندییان بە پەكەكەوە."

بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆی توركیا بۆ دورخستنەوەی ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) وێڕای ناڕەزایەتی ئەو پارتە كوردییە، لەسەر ئاستی توركیاش ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن و بەشێك لە سەركردەكانی پێشوی پارتە دەسەڵاتدارەكەی ئەردۆغانی لێكەوتەوە.

عەبدوڵا گول، سەرۆك كۆماری پێشوی توركیا رەخنەی لە بڕیارەكە گرتوەو لە تویتێكدا رایگەیاندوە"دورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییە تازە هەڵبژێردراوەكان، هیچ راست نییە بۆ دیموكراسییەكەمان."

لای خۆیشییەوە ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیا، لە كادانەوە بەرامبەر بە بڕیارەكە، لەتویتێكدا بڕیاری دورخستنەوەی سەرۆكانی هەر سێ گەورە شارەوانی ئامەد و وان و مێردین-ی بە پێشێلكردنی "رۆحی سیستمی دیموكراسی" ناوبردوە.

ئەحمەد داودئۆغلۆ جەختی كردۆتەوە كە هاتن و چونی سەرۆك شارەوانییەكە تەنها هەڵبژاردن یەكلایی دەكاتەوەو ئەوەش مەرجی پرەنسیپی ئیرادەی نیشتمانییە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەگەر هەڵبژاردنی كاندیدەكان پێچەوانەی یاسا بو، دەبو ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەر لە هەڵبژاردن بەوەدا بچوایەتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ماف، مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆش خزمەت بە ئاشتی كۆمەڵایەتی ناكات و رەنگە شەڕی دژ بە "تیرۆر"یش لاواز بكات.

وتوشیەتی"خەباتی سیاسی كاریگەری زیاترە لەسەر تیرۆر بەڵام نەك لەڕێگەی لادانی نوێنەرایەتی دیموكراسییەوە بەڵكو لەڕێگەی بردنەوەی هەڵبژاردنەكان لەنێو دڵی گەلدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×