22 كەس لە لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن لە یۆنان داوای مافی پەنابەریی سیاسیان كردوە
  2019-09-15       1097       

بەپێی رۆژنامەیەكی یۆنانی 22 كەس لە لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن، لە توركیاوە بەرەو یۆنان هەڵهاتون و داوای مافی پەنابەریی سیاسیان لەو وڵاتە كردوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی سپوتنیك-ی روسی، رۆژنامە بۆنانییەكە كاتی ئەو روداوەی ئاشكرانەكردوە بەڵام هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هەڵهاتنی ئەو 22 هاوڵاتییە توركییە دوای ئەوە بوە كە ئەفسەرێكی هێزە ئاسمانییەكانی توركیا كە لایەنگری گولەن بوە لەمانگی ئابدا بۆ یۆنان هەڵهاتوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە 22 هاوڵاتییە توركە كاتێك بە بەلەم لە توركیاوە گەیشتونەتە دورگەی كالیمنۆسی یۆنان دەستبەجێ خۆیان رادەستی پۆلیس كردوە و هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە لە لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن، رابەری رەوتی خزمەتن كە دەسەڵاتدارانی توركیا تۆمەتباری دەكەن بەوەی لەپشت هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016ی ئەو وڵاتەوە بوە.

ئەو 22 هاوڵاتییە ئاماژەشیان بەوەداوە كە لەترسی زیندان لە توركیا هەڵهاتون.

رۆژنامە یۆنانییەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە مافی مانەوەی كاتی بەو 22 هاوڵاتییە توركە دراوە تا ئەو كاتەی سەیری داواكاری پەنابەرێتییەكەیان دەكرێت بەڵام دوای ئەوە دورگە یۆنانییەكەیان بەرەو شوێنێكی نادیار جێهێشتوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی یۆنان لە روداوەكە ئاگادار كراوەتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×