2020-02-27   1550     
هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی بەردەوامی ناردنی چەک و هاوکاری سەربازی بۆ لیبیا لە لایەن وڵاتانەوە پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانە، تورکیا لەو وڵاتانەیە کە بەردەوامە لە ناردنی هاوکاریە سەربازیەکان بۆ لیبیا.
ئاوێنه: هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریدا دەربارەی پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەربارەی نەناردنی هاوکاری سەربازی بۆ لیبیا. وەزیرەکەی ئەڵمانیا وتی ''بەردەوامی ناردنی هاوکاری سەربازی بۆ لیبیا لە لایەن وڵاتانەوە پێشێل کردنی ڕێککەوتنی ٢٠١١ی لێدەکەوێتەوە کە باس لە ڕاگرتنی هاوکاری سەربازی دەکات بۆ لیبیا هەروەها پێشیلکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە مانگی کانونی دووەم لە نێوان وڵاتان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەسترا''.
ماس وتی ''نابێت هیچ کەسێک وابیر بکاتەوە کە دەتوانێت یاساکان پێشێل بکات بێ ئەوەی پێی بزانرێت. هەروەها نابێت هیچ کەسێکیش بیر لەوە بکاتەوە کە پێشێل کردنی یاسایەکی لەو شێوازە بێ بەرامبەر دەبێت''. وەزیرەکە وتی کە ئەو پێشێلکاریانە دەبێتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا وەڵام و هەڵوێست بنوێندرێت و یەکێتیەکە کۆمەڵێک سزای داناوە بۆ ئەو جۆرە پێشێل کاریانە.
لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە مانگی کانونی دووەم لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ١٦ لە وڵاتان بەشدار بوون کە تورکیاش لە نێویاندا بوو بڕیاردرا هاوكاریە سەربازیەکان بۆ لیبیا ڕابگیرێت و هیچ وڵاتێک هاوکاری سەربازی نەنێرێت بۆ لیبیا. بەڵام بەپێی زانیاریەکان ناردنی سەرباز و هاوکاریە سەربازیەکانی بۆ لیبیا هەر بەردەوامە. ئەنتۆنیۆ گویتەرس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەو وڵاتانەی کە بەردەوامن لە ناردنی هاوکاری سەربازیەکانی بۆ لیبیا ناوی ئیمارات و تورکیا و ڕوسیای هێنا.
لە ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لە نیویۆرک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی دروست کردنی گروپێک لە سەربازانی دەریای بۆ گەڕان لە ناو دەریای ناوەراست یەکێکە لە ڕێگاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ دڵنیا بوونەوە لە نەناردنی هاوکاری سەربازی بە لیبیا لە لایەن وڵاتانەوە. یەکێتی ئەوروپا لە پلانیدایە کە دەستەیەکی لە سەربازی دەریای دروست بکات بۆ ئەنجامدانی گەڕی سەربازی لە ناو دەریای ناوەڕاست بۆ دڵنیا بوونەوە لە نەناردنی هاوکاری سەربازی لە لایەن وڵاتانەوە بۆ لیبیا و دڵنیا بوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی بەشدار لەو ڕێککەوتنە. ئەو دەستە سەربازیە کە دروست دەکرێن و لەناو دەریای ناوەڕاست گەڕی سەربازی ئەنجامدەدەن و خۆیان بەدوور دەگرن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر لایەنێک و تەنها زانیاری کۆدەکەنەوە. چارەسەرکردنی کێشەی لیبیا گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا. لیبیا وێستگەیەکی گرنگە بۆ پەنابەرانی ئەفریقا بۆ گەشتکردن بەرەو ئەوروپا.