سنە و والي‌یەکەی
  2020-04-06       2237       

نزار سابیر

 

ساڵی ٢٠١٣ بەسەر گەشتنامەی دیپلۆماتکارێکی بەریتاني‌دا بە ناوی ڕۆبەرت کێر پۆرتەر (١٧٧٧ – ١٨٤٢) کەوتم، کە لەنێوان ساڵانی ١٨١٧ و ١٨٢٠دا لە چوارچێوەی گەشتێکی‌ فراواني‌دا بە کوردستانیشدا گەڕاوە و باسێکی سەرنجڕاکێشیشی لەسەر سنە نووسیوە.
کاتێک بۆ سۆراخی پەیوەندي‌یەکی موحتەمەلی نێوان نالي و مەستوورە کەوتمە خوێندنەوەی کتێبە مێژوویي‌یەکان لەسەر وڵاتی ئەردەڵان و پاشان لە ٢٠١٦دا بۆ ئەو مەبەستە چووم سەردانی سنەم کرد و چەند ڕۆژێک لەوێ مامەوە، بەداخەوە، بەسەر هیچ داوێکی پتەودا نەکەوتم پەیوەندي‌ی ئەو دووانە، ئەگەر هەبووبێ، ڕوون بکاتەوە. بەڵام ئەو کەمە زانیاري‌یەی لەو گەشتنامەیەدا لەسەر سنە هەیە لە لام بەنرختر دەرکەوت، چونکە لە هیج سەرچاوەیەکی دیکەدا نەمبینیبوو. کە باسی ئەوەم لای چەند ڕۆشنبیرێکی خۆشەویستی سنە کرد، بە تایبەتي کاک جەمالی ئەحمەدی ئایین، تکای کرد، ئەگەر هەر بەشەکەی سنەش بێ، وەریبگێڕم بۆ کوردي. منیش بەڵێنم پێی دا لە دەرفەتێکدا ئەوە بکەم. بە داخەوە ئەو دەرفەتە، بە هۆی بار و گوزەرانی شەخسي‌یەوە، دوا کەوت تا ئەمڕۆ. هەرچەندە نازانم لەم ماوەیەدا کەسی دیکە ئەو باسەی وەرگێڕابێ یان نا، بەڵام من لێرەدا بە کوردي دایدەنێمەوە؛ ماڵی زیادەی ئەدەبي و مێژوویي سەری سەرلێخوراو ناشکێنێ. هیواداریشم پیاوە شیرین و ئەرشیفپەرست و مێژوومەبەست و ڕۆشنبیرەکەی سنە، کاک جەمال، لە دواکەوتنەکەم ببورێ.
گەشتنامەکە بە ناوی (گەشتگەلێک لە گورجستان و ئێران و ئەرمەنستان و بابلی کۆندا) لە ساڵی ١٨٢٢دا لە لەندەن بە چاپ گەیێنراوە. لە شارەکانی کوردستان، کەمێک کرماشانی لێ دەرچێ، لەسەر هیچ شارێک بە ورد و درێژي نەوەستاوە و زانیاري‌یەکانی سەرپێیین. بۆ نموونە، لە دیسەمبەری ١٨١٨دا دەگاتە سلێماني؛ بەڵام چونکە مەحموود پاشا لە ڕاو دەبێ، نامێنێتەوە و درێژە بە ڕێ دەدا بەرەو ئێران، هەر بۆیە بە ٥ دێڕێک دوایي بە باسی شارەکە دێنێ. کە دەپەڕێتەوە بۆ قەڵەمڕەوی مەملەکەتی قاجاري‌یەکان بۆی ڕێناکەوێ بچێ سەر لە سنە بدا. بەڵام بۆ ئەوەی کتێبەکەی باسی ئەو شارە گرنگەی تێدا نوخسان نەبێ، گەشتنامە و ئاگاداري‌ی دۆستێکی خۆی سەبارەت بە سنە دەخاتە کتێبەکەیەوە. ڕەنگە ئەمە بۆ خۆشبەختي‌ی مێژوونووسي بێ، چونکە دۆستەکەی بۆ ماوەیەک، کە نازانرێ چەندە، وەک دکتۆری والي‌، ئەمانوڵا خانی گەورە، لە سنە ماوەتەوە و زانیاري‌ی نەبیستراوی لەسەر شەخسی والي نووسیوەتەوە. نازانم، ڕەنگە ئەگەر ڕۆبەرت پۆرتەر بۆی هەڵکەوتایە بچێ بۆ سنە، لەوانەیە خۆی لە هەندێک ڕووەوە مەوزووعي‌ترانە لەسەری بنووسییایە، بەڵام دڵنیام هیچی لەسەر دنیای ژیانی شەخسي‌ی ئەمانوڵای پێ هەڵنەدەکڕرا، مەگەر وەک دۆستەکەی وەک دکتۆرێک ئیجازەی چوونە ناو ئەو دنیایەوەی پێ بدرایە.
سەیر ئەوەیە، سەربردەی ئەو دکتۆرەش زۆری لەسەر نەنووسراوە و ئەو دەقەشی کە دەبێ پۆرتەر لە ڕۆژانەنامەکەی ئەوەوە خواستبێتی، بەر چاوی من نەکەوتووە. تەنیا لەڕێی ژیاننامەی کوڕەکەیەوە (William Cormick)، کە لە ئێران لەدایک بووە و دواتر ئەویش وەک دکتۆر ناو و ناوبانگێکی لەوەی باوکی گەورەتری لە ئێران و دنیادا پێ بڕاوە، لینکێکم١ بۆسەر ژیانی ئەو پیاوە دەستکەوت. لەوێشدا ساڵی لەدایکبوونی نەنووسراوە.
جۆن کۆرمیک (John Cormick) وەک یەکەم دکتۆری برینسازی بەریتاني لە ساڵی ١٨١٠دا ئیجازەی کاری لە شانشینی قاجاري‌دا پێ دەدرێ و پاش ماوەیەیک دەبێتە دکتۆری تایبەتی عەباس میرزای کوڕەجێنشینی فەتح عەلي شا. ڕێی تێ دەچێ، هەر ئەو پەیوەندي‌یە نزیکەیشی لەگەڵ ماڵی شادا بووبێ، کە بە ئەمانوڵاخانی ئەردەڵانیان گەیاندبێ؛ چونکە جگە لە پەیوەندي‌ی ئیداري و سیاسي، ئەمانوڵاخان پەیوەندي‌ی شەخسیشی بە فەتح عەلي شاوە گەیشت بەوەی شا کچەکەی خۆی (حوسن جیهان خانم) لە کوڕی ئەمانوڵاخان، خەسرەوخان مارە بکا؛ ئەوەی کە دواتر بووە مێردی مەستوورە خانمی ئەردەڵانیش. دکتۆر کرۆمیک کچێکی ئەرمەنی لە تەورێز مارە دەکا و وەک سەردکتۆر (حەکیم باشي)ی عەباس میرزا سەروەت و سامانێکی گەورە پێکەوە دەنێ. ناوی لە زۆربەی کتێبە مێژوویي‌یە-پزیشکي‌یەکانی ئێراندا هاتووە و لە یەکەمەکان بووە لە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی کوتان دژ بە ئاوڵە و دڕکەومێکوتدا. ١٨٣٣ خۆیشی بە پەتای تیفۆس لە سەفەرێکی‌دا لەنزیک نیشاپوورەوە ناوەخت و بێکەس مردووە.
دکتۆر کرۆمیک پێ دەچێ لە بەهاری ١٨١٨دا لە سنە بووبێ، چونکە ڕۆبەرت پۆرتەر لە ٣١ی ئۆگستی ١٨١٩دا دەنووسێ کە کرۆمیک چوار مانگ بەر لەدەرچوونی ئەو لەو ناوچەیە بووە. ئەگەر مەبەستی پۆرتەر دەرچوونەکەی دوایەمینی بێ لە تەورێزەوە، کە هەر لە مانگی ئۆگستی ئەو ساڵەدا بووە، ئەوا ئەو تەقدیرە راستە. ئەوەش زۆرتر ڕێی تێ دەچێ، جونکە دکتۆر کرۆمیک دانیشتووی تەورێز بووە و هەڵبەت لەوێش بینیوێتی، بۆیە لە هەندێک جێدا دەڵێ "دکتۆر کرۆمیک بۆی گێڕامەوە و هتد".
نووسین و سەرنجەکانی کرۆمیک لەسەر سنە، دەبێ وەک سەرنجی زۆربەی زۆری گەڕیدە بیاني‌یەکان بە سڵەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، چونکە بە تەبیعەت گەلێک ئینتیباعی شەخسي لەخۆدەگرن و زۆر جار بە ڕاپۆرتی گەڕیدەگەلی پێشینان و حوکمە پێشوەختە باوەکان لەسەر ناوچەکان موتەئەسسیر بوون. بێ لەمە، سەدەی نۆزدەیەم ئیدي ڕۆژگاری شۆڕشی پیشەسازي و بازە گەورەکانی ئەوروپایە لە بوارەکانی زانست و کلتوور و خۆداڕشتنەوەی سیاسي‌دا و هاوکات دەستلێبوونەوەی یەکجارەکي‌یەتی لە میراتی زانستي و کلتووري‌ی دنیای ئیسلام، کە تەئسیرەکەی لە سەدەکانی ناوڕاستدا بەسەر نوخبەی خێندەوارانی ئەوروپاوە لە لوتکەیدا بوو و هەتا دوایي‌یەکانی سەدەی هەژدەیەمیش، هیچ نەبێ بە سیحری ئەدەبیات و مۆسیقایەوە لە شیعری گۆتە و مۆسیقای بیتهۆڤن‌دا، نووزەی هێشتا مابوو. گەڕیدە ئەوروپي‌یەکانی ئەو سەدەیە، کە هاوکات گەرمەی کۆلۆنیالیزەکردنی دنیایە، بە گشتي دیپلۆماتکاری خۆبەزلترزان و بە چاوی سووک تەماشاکەری ئەو ناوچانەن، کە ڕاپۆرتەکانیان لەبارەیانەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ ڕێخۆشکردنی کۆلۆنیالیزەکردنێکی موحتەمەلە بۆ ئەم وڵاتانە.
جگە لەوە، لایەنی خوێندەواري و ئەدەب بە دەگمەن نەبێ سەرنجی گەڕیدە بیاني‌یەکانیان ڕانەکێشاوە، بە حوکمی ئەوەی ئەمان خۆیان مەسیحي بوون و خوێندەواري و ئەدەبیش لە هەناوی مزگەوت و دامودەزگا ئیسلامي‌یەکاندا بوون و توخنیان نەکەوتوون. لە دەورانی ئەمانوڵا خاندا، کە دکتۆر کرۆمیک سنە بە مەڵبەندی بەرهەڵدایي دادەنێ لە ناوچەکەدا، مزگەوتی دارولئیحسان و شاری سنە بە گشتي مەکۆی کۆبوونەوەی گەورەترین زانا ئیسلامي‌یە گەورەکانی وەک شێخ مەحەمەد قەسیمی سنەیي و عبدولقادری موهاجیر و ئەوانە بووە، کە خەڵکانی وەک مەولانا خالید و نالي و مەولەوي دەرسیان لا خوێندوون و ئیجازەیان لێ وەرگرتوون. ئەو فەزا کراوە نیسبي‌یەی کچان و ژنانی سنەی تێدا ژیاون و کرۆمیک ئاماژەی پێ دەدا، مەستوورە خانمی تێدا هەڵکەوتووە، کە ئەو کاتەی ئەو وەک شاعیر ناوی ڕۆیشتبوو و ڕەنگە وەک تاکە ژنێکی سەدەی نۆزەدەیەم کتێبی مێژوویي و شەرعي دەنووسي، لە بەریتانیا جەین ئۆستن نەیدەوێرا وەک ژن ڕۆمانەکانی بەناوی خۆیەوە بڵاوبکاتەوە و هیچ دەزگایەکی ئەکادیمیش بۆ مێژوونووسي مێیینەی وەرنەدەگرت، بۆیە هیچ مێژوونووسێکی ژن لەو سەدەیەدا نییە. سەردەمی ئەمانوڵاخانیش هەر سەردەمی پیاوێکی خوێنڕێژی زۆردار نییە بەس. سەردەمی ئەو، وەک سەردەمی هەموو فەرماڕەوا بەهێز و زۆردارەکان، بایی ئەوەندە ئارامي‌ی سیاسي و ئەمني‌ی بۆ سنە ڕەخساندبوو، بە جۆرێک زۆربەی میراتە شارستاني و میعماري‌یە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو شارە دەگەڕێنەوە بۆ دەورانی ئەو.
بە کورتي، مانەوەی کورتی ئەو گەڕیدانە و مەبەستی گەشتەکانیان بەشی ئەوەی نەکردووە بتوانن وێنەیەکی مەوزووعي لەسەر ئەو جێگایانە دروست بکەن، کە باسیان کردوون. لەگەڵ ئەوەشدا گەشتنامەکانیان سەرچاوەی مێژوویي یەکجار گرنگ و دەستلێهەڵنەگیراون، بە تایبەتي کە هاودەمانی ئەوان لە خەڵکی ئەو ناوچانە میراتێکی مێژوویي‌ ئەوتۆیان بۆ بەجێنەهێشتووین، ئەگەر کردبێتیشیان، ئەوا بە حوکمی دواکەوتوویي‌ی زانستی مێژوونووسي بە هەمان شێوە تەواو مەوزووعي نین و ڕووناکي‌ی ناخەنە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان لەو سەردەمانەدا. بۆیە ئەم دەقە نووسراوەی دکتۆر کرۆمیک لەڕێی ڕۆبەرت پۆرتەرەوە بەنرخە.
لەبەر ئەوەی من یەکەم جار کتێبەکەی پۆرتەرم بە ئەڵماني هاتە بەردەست، ئەو بەشە کەمەی لە بارەی سنەوەیە لە ئەڵەماني‌یەکەوە، کە لە ١٨٣٣دا لە ڤایمار بڵاوبۆتەوە، کردمە کوردي. پاشان کە لە ئینتەرنێتدا چاپە بەدیجیتاڵکراوە ئینگلیزي‌یەکەشم دۆزي‌یەوە، لەگەڵ ئەڵماني و کوردي‌یەکەدا بەراوردم کردەوە و دیسان دامڕشتەوە، بە تایبەتی کە هەندێک دێڕ لە ئەڵماني‌یەکەدا نەبوون.
دەقە ورگێڕراوەکە لە چاپە ئینگلیزي‌یەکەدا دەکاتە لاپەڕەکانی نێوان ٥٦٤ تا ٥٧٠ی بەرگی دووەم و لە ئەڵماني‌یەکەشدا دەکەوێتە نێوان (٥٠٦ و ٥١٣)ی بەرگی دووەمەوە. بەڵام پەرەگرافی یەکەم لە لاپەڕەی ٥٦٣ ئینگلیزي‌یەکە و ٥٠٤ی ئەڵماني‌یەکەدایە. ئەو جەند پەرەگرافە کەمەم وەرنەگێڕاوە، کە دەکەوێتە نێوان ئەو پەرەگرافە و باقي‌ی تێکستە وەرگێڕراوەکەوە، چونکە تەنیا وەسفێکی کەنگێتي و چۆنێتي‌ی ئەو کەمە ڕێیەیە، کە دکتۆڕ بڕیوێتی پێش ئەوەی بگاتە سنە.
هەموو ئەو دێڕ و پەرەگرافانەی بە جووتچوکڵەی (") دەستپێدەکەن، هی کرۆمیکن و ئەوانەشی بێ ئەو دەستپێدەکەن هی پۆرتەر خۆین. ئەو ناوانەی بە شێوە لاتیني‌یەکەی چاپە ئینگلیزي‌یەکە نووسیمنەتەوە، بۆ ئەوەیە خەڵکی ئاگادار، ئەگەر چاویان بە تێکستەکە بکەوێ، بۆسەر ناوە کوردي‌یە بیستراوەکان، ئەگەر مابن، ساغیان بکەنەوە.
ڕۆژانەنامەکەی دکتۆر کرۆمیک
دوکتۆر کرۆمیکی دۆستم، کە نووسینەکەی لەسەر ئەشکەوتی کەرەفتۆ (Kerefto) بڕیاری پێ دام ئەم گەشتەم بکەم، نزیکەی چوار مانگ پێش ئەوەی من دەربچم بە هەموو ئەو ڕێیەی مندا سەفەری کردبوو، و بەردەوام بووبوو بۆ سنە، بۆ سەردان لە والي، کە ئەو کات زۆر نەخۆش بووە. لەبەر ئەوەی بۆم ڕێناکەوێ لە ئێستادا گەشتەکەم درێژبکەمەوە تا ئەو پایتەختە، تۆپۆگرافیای ئەم بەشانەی مەملەکەتەکە بە ڕۆژانەنامەکانی ئەو دۆستەمەوە گرێ دەدەم
...........
"لەم دێیەوە (دیوان-دەرە) ئەمڕۆ دریژەمان بە ڕێگەکەمان دا، هەر بەرەو باشوور. ناوچەکە گەلێک شاخاوي‌تر بوو؛ و دوای بڕینی زیاتر لە فەرسەخ (farsang)ێک لە کزڵ-ئۆزان (Kizzil – ouzan) پەڕینەوە. ئەم ئاستە نزیکەی سێ کاروان (٢١ فەرسەخ) بەلای ڕۆژئاوای پردەکەی لای کۆفڵانکو (Koflan-kou)ەیە، نزیک لە میانا (Mianna). دوای نزیکەی شەش میلێک بە دێی زەغە (یان زەگە Zagha)دا تێپەڕین و هەشت میلیش لە پشتی ئەوەوە بە کەلهوور-ئاباد (Kelhoor-abad) و کەمێکیش دوای ئەوە بە مەگا (Magah)دا تێپەڕین. لێرە بۆ یەکەم جار باخێکم دي لەگەڵ هەندێک داردا بەدەوری کوختەکاندا. هۆی ئەوەی کە لە دێیەکانی ئەم دەوروبەردا شتی وەها بە دەگمەن دەبیني ئەوەیە، ئەمانەی ئەخیر تەنیا لە مانگەکانی زستاندا ئاوەدانن، هەر ئەوەندەی هاوین هات ئیدي هەموو خەڵکەکە کوختەکانیان چوڵ دەکەن و دەچنە ژێر ئەو ڕەشماڵانەوە کە لەبەر سێبەری کەژوکێوەکاندا هەڵیانداون. ئەوەی بۆ غەریبان زۆر جێی سەرنجە نەریت و عاداتی ژنەکانن. چەند مێیینەکانی ئەورپا ئازادانە و بێ ڕووپۆش دەگەڕێن، ئافرەتانی ئەم بەشەی کوردستانیش هەر وا. لە ڕاستي‌دا، لەنێو بەشەکانی لەشدا ئەوەی ئەمانە گوێ بە شاردنەوەی نەدەن دەموچاویانە، کەچي لە وڵاتی فارس ئەوەی زۆر خەمیانە دایپۆشن، ئەوەیە. جلەبەرگی ژنە فارسەکان بە شێوەیەکی سروشتي لەشیان لە گەردنەوە تا سمت دەردەپەڕێنێ. بە پێچەوانەی ئەوەوە دەسماڵێکی گەورە و فش یان هەر کەوایەک بەشە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کیژۆڵە چیایي‌یانە لە گەردنیانەوە تا پاژنەی پێیان دادەپۆشێ. لەژێر ئەم کەوا بەرینانەوە هەندێکیان ئاوەڵکراسێکی بەرینیش لەبەردەکەن. بە گشتي، قوماشی جلوبەرگی خەڵکی سینفە خوارووترەکان لێرە، لەچاو هاوسینفە فارسەکانیاندا، زبر و درشتترە، بە تایبەتی هی پیاوانیان. هەڵسوکەوت و عاداتی ئەم چیانشینانە زۆر ئازادانەتر و زبرتر و ناشارستانەترن، ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازادي‌یە بێسنوورەی ئەمانەی تێدا دەژین لە باوەشی ئەو چیایانەدا. لە ڕاستي‌دا لەو باوەڕەدام هیچ کام لە خەڵکە کێوي‌یەکانی دنیا هێندەی ئەمان مەیلی ڕاووڕووت و تاڵاني لە ڕەگیاندا نییە. ئەوەشی ئەم تەبیعەتەیان ئەوەندەی دیکە هان دەدا ئەو نەداري‌یەیە کە بەهۆی دڕندەیي و دادۆشینکاري و دڵڕەقي‌ی والي‌یەکەیانەوە تێی کەوتوون.
"بەرەو باشوور بە ناوچەیەکی شاخاوي‌دا تێپەڕین، تاکوتەرا ئاوەداني‌ی تێدا بوو. هیچ نەبێ تەواوی ئەو ڕێیەی پێیدا ڕۆیشتین تا نەزیر (Nazir) وا هاتە بەر چاوم، کە ٧ فەرسەخ لە جێحەوانەوەی دوێشەومانەوە دوور بوو. ئەو شوێنە زۆر لە سنە (Senna)وە دوور نییە و منیش دەبوو لەوێ بمێنمەوە، چونکە قاسیدێکیان بەرەو پیرم ناردبوو، کە بۆم نییە تا ٤ ڕۆژی دیکە بچمە ئەو پایتەختەوە، چونکە گوایە دەرکەوتووە ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە پێوقەدەمم خێر دەبێ تێیدا.
"ڕەنگە هیچ نەتەوەیەکی ئاسیا شان لە شانی فارسەکان نەدا لە خورافاتی فەلەکناسانەدا. دێن قورئان، یا شیعرەکانی حافیز، یا هەر کتێبێکی دیکە، کە بە ڕێکەوت لەبەر دەستدا بێ، خۆوبەختانە دەکەنەوە و لە یەکەم دێڕدا کە دێتە بەرچاویان بۆ بڕیارە دڵخوازەکەی خۆیان دەگەڕێن و دەیدۆزنەوە (فاڵ Fall). لە دەرباری شاکان و کوڕەکانیشیاندا هەمیشە کەسانێکی زۆر هەن ئیدیعای شارەزایي‌یەکی گەورە دەکەن لە فەلەکناسي‌دا و کاریان ئەوەیە سەعات و دەققەی بەخت بۆ ڕووداوێک، نەک هەر لە کاروبارە سیاسي‌یە گرنگەکاندا، بەڵکو هەروەها بۆ شتی تووڕەهاتی ناو خێزانیش بگرنەوە. ئەم تەئسیرەی گوایە ئەستێرەکانی ئاسمان لەسەر کاروباری بەشەر دایدەنێن، لە ڕاستي‌دا تەئسیرەکەی ئەوەیە، فارسەکان بە دیار پڕوپووچترین حوکمە پێشوەختەکانەوە بمێننەوە و زۆرجار خۆدژوازترین (contradiction) کرداریان لێ بێتەوە.
سنە و والي‌‌ی ئەم شارە
"سنە (Senna) پایتەختی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە ویلایەتی ئەردەڵان ناوی ڕۆیشتووە. لە باکوورەوە سنووری ها بە ئازەربیجانەوە. شارەکە کەوتۆتە دۆڵێکی هەتا بڵێی تێر و پڕ لە باخ و دەغڵ، کە بڕێکی زۆر لە میوەی جۆراوجۆر و هەروا بێتەوە تووتن و بڕێکی موعتەبەر دانەوێڵەش دەدا بە دەستەوە. کەوتۆتە ژێر خەتی 35° 12‘ی پاني‌یەوە. والي یان سەرۆک پشتاوپشت فەرمانڕەوایي دەکا و، وەک دەگوترێ، چەندان وەچەیە دەسەڵات لە دەستی ئەم بنەماڵەیەدایە. ئەم میرە لە قەسرێکی جوانی ناوڕاستی شاردا دادەنیشێ و شاریش بەجێناهێڵێ مەگەر بۆ ڕاو یان سەردان لە شا نەبێ. باجێکی ساڵانە بە شا دەدا، کە بڕەکەی ئەوەندە زۆر نییە و هیچ هەوڵێکیش نەدراوە زیاد بکرێ. تەندروستي‌ی والي حاڵی حازر زۆر تێکچووە بەهۆی ئەوەی شتێک بەسەر کۆئەندامی دەماری‌دا هاتووە. نەخۆشي‌یەکەشی بە دیاریکراوي ئەوەیە خەیاڵێک کەوتۆتە سەری‌یەوە کە گوایە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکوژرێ. ئەم نهێني‌یەیشی، جگە لە هەموو دەردەکانی دیکەی‌، لەو زنجیرە کردارە توندوتیژانەوە سەری هەڵداوە، کە ساڵانێکی زۆرە خەریکی پیادەکردنیان بووە: کوشتن و ژەهرخواردکردنی بە هەموو لایەکدا بڵاو کردۆتەوە و ئێستا لەوە دەترسێ کەسانێکی زۆر لە قەڵەمڕەوەکەی خۆی‌دا یاخۆ بگرە هەندێک کەس لە دەوروبەری شەخسی خۆی هەبن، حەز بکەن بە هەمان شت چاکەی بدەنەوە. لە ڕاستي‌دا ئەوەندە بە گومانە، تەنانەت متمانەی بە ژنەکانیشی نییە خواردنی بۆ ئامادە بکەن یان دەرمانەکانی بۆ بگرنەوە بە بێ ئەوەی زۆر وریایان بێ. چێشتەکانی دەهێنرێنە ژێر مۆری یەکێک لەو ژنانەیەوە، کە پێی وایە دەتوانێ زۆرترین متمانەی پێی بێ. ئەمجا ژنەکە و هەروەها براکەی و سەروەزیر ناچار دەکا بەشێک لە چێشتەکە بخۆن؛ بێ لەوە دەبێ ٥ یان ٦ لە کەسوکاری نزیکی خۆی هەمان شت بکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر هات و ژەهر لە خواردنەکەدا هەبوو، هەموو بە هەمان دەردی ئەو بچن. خۆ ئەگەر نەخۆشي‌یەکەی بگاتە ئەوەی شرینقە (لاڤاژ)ی پێ هەڵبگیرێ، ئەوا دەبێ دوو یان سێ لە ژنەکانی، کە شرینقەکە ئامادە دەکەن و لێدەدەن، لە حوزووری خۆی‌دا هەندێکی لە خۆیاندا بەکار بهێنن، و ئەگەر کاریگەري‌ی خراپیان لێ دەرنەکەوت، ئەمجا ئیدي لێ دەگەڕێ بۆ خۆیشی بەکاری بهێنن. کاتێک دکتۆرە فارسەکانی دەرمانی پێ دەدەن، ناچاریان دەکا لە پێشدا خۆیان بەشێک لە هەر جورعەیەکی لێ قووت بدەن. ئەمجا سەری دەنێتەوە و جوان لە مەحرەمەکەی خۆی‌دا هەڵی دەگرێ و دەوەستێ تا بزانێ چ کارێک لە ڕەچەتەکارەکانی دەکا؛ کە زانی هەموو شتێک باش دەردەکەوێ، ئەمجا خۆی باقي‌یەکەی قووت دەدا. نانی بەیانیانی عادەتەن مەنجەڵێکی پڕ شۆربایە. دوای ئەوەی خۆی تێری لێ خوارد، باقي‌یەکەی دەدا بە نزیکترین کەسی ئەو ژنەی نۆرەی بووە شۆرباکە لێ بنێ و ئەویش دەبێ هەمووی چۆڕبڕ بکا. لە کاتی نانی نیوەڕواندا دەبێ هەمیشە وەزیرەکەی شەربەتی بۆ بگرێتەوە و لەگەڵ جامێکی بەتاڵدا بیداتە دەستی. ئەمیش دەستبەجێ جامەکە پڕ دەکا و بە یەکێک لە وەزیرەکانی دەخواتەوە پێش ئەوەی خۆی لێو بە جامەکەوە بنێ."
لەو ساتانەدا کە والي وا هەست دەکا چاک دەبێتەوە، هەروەک دکتۆر کۆرمیک (Dr. Cormick) بۆی گێڕامەوە، دەبێتە هاودەمێکی زۆر مەجلیسخۆش؛ مەعریفەت و وئاگاداري‌ی گشتي‌یشی زۆر لە ژوور ئەو ئاستەوەیە کە عادەتەن لای پیاوانی گەورەی ئەم گۆشەیەی دنیا دەیبینیت. لە کاتی وەهادا گیانی سوحبەتچێتي و گاڵتەدۆستي‌ی ئەو بە تەواوي سەرت دەسوڕمێنن. ڕۆژێکیان موناقەشەی بابەتی خریستیانێتي و موسوڵمانێتي‌ی دەکرد و جوویەکی ئەسفەهانیش، کە ناوبەناو وەک حەکیم (یان دکتۆر) دێتە لای، لەوێ حازر بوو. "باشە!"، خاوەن شکۆ بە دکتۆر کۆرمیکی گوتبوو، "بە دڵنیایي زۆر داخراوي‌یە لە ئێوەی خریستیاناندا کە دان بەوەدا نانێن پێغەمبەری ئێمە وەحي‌ی لە خوداوە بۆ هاتبێ، چونکە ئێمە ئەو ڕێزە لە داهێنەری دینەکەی ئێوە دەنێین! بەڵام لاسارێک لێرەیە،" بە دەنگی بەرزەوە ڕووی کردبووە کابرای جوو، "گاڵتەی بە هەردووکیان دێ، چونکە دان بە هیچیاندا نانێ!"٢
بەڵام ئەو ساتانەی ئاوا تێیاندا بەکەیفە دەگمەنن. دەتوانیت بڵێیت، "تاوانەکانی' ئارامي‌ی ناو گیانیان کوشتووە و خەندەیان لە دەروونی تاراندووە!" نەخۆشي و دڵگوشراوي و سەرلێتێکچوون، هەروەک دۆستەکەم وەسفیان دەکا، وەختە بڵێی هەمیشە هەوریان لە گوتار و ڕوخساری نیشاندووە. ڕابواردنی لەدەرەوەی ماڵ، بۆ زاڵبوون بەسەر شەیتانەکانی ناو خۆی‌دا، ئەسپسواري‌یە؛ لە ماڵیشەوە بیر و غایەلەی ناو مێشکی بە هەرا و بەزموڕەزمی لەدوایینەهاتووی ناو حەرەمەکەی دەڕەوێنێتەوە. یەکێک لە ڕابوێري‌یە دڵخوازەکانی لەوێ گۆراني و سەمای دەستەیەک خەڵکە، پێیان دەگوترێ لەزمووني‌یان (Luzmoonies)، کە لە پیاو و ژنان پێکدێن و ئەمانەی دوایي‌ بە گشتي هەتا بڵێی جوان و کێشکەرن. بەڵام شوێنی خۆنواندنی ئەمانە هەر قەسر نییە. چەندان دەستەی جۆراوجۆر لەمانە لە هەموو جێیەکی ئەم شارەدا دەبینرێن و چونکەش خوار و ژووری خەڵکەکە، هەر وەک ئاغاکەیان، زۆر حەزیان بەم نماییشانەیە، بڵاوبوونەوەی ئەم دابونەریتە ئەم پایتەختە بچووکەی وەرگێڕاوە بۆ یەکێک لە بەرهەڵداترین مەڵبەندەکانی ڕۆژهەڵات. هەرچي ژنان و کچانی سنەشن، ئەوەندە کراوانە کەڵک لە ئازادي‌ی ڕوو و خوویان وەردەگرن، هەروەک زانیاریبەخشەکەم پێی گوتم، "لەوە دەچێ نە لە خودا بترسن و نە لە مێردەکانیان. "٣
حەرەمی پیاوانی دەوڵەمەندی ئەم شارە، جگە لەو چوار ژنەی قورئان ڕێی پێ داوە، یەک تەن ژنی دیکەش لەخۆدەگرێ. بەڵام ئەوانەی لە هەمووان ڕەواجیان زیاترە عادەتەن لەزمووني‌یەکانن. هەر بۆیەش پێت سەیر نەبێ، کە ئەو ڕەوشت و عادەتەی ئەمانە وەک ئاو ڕشتوویانە، وردە وردە هەموو باقي‌ی خەڵکەکە پێیان تێ خستووە. لە جەرگەی ئەم نوقمبوونەدا لەناو چێژ و لەزەتی ماڵی دنیادا "هەموو مەخلووقێک وەها هەڵلەرزیوانە بە قووڵي لە خودای هەموو ئەمە دەپاڕێتەوە"٤ ، بە جۆرێک هەموو بەردەوام لەو ترسەدا دەژین، کە بەهۆی تەماع و گومڕایي و دڵڕەقي‌یەوە بەڵایەکیان بەسەردا ببارێ و هەموو ئەم خۆشي‌یەیان لێ بستێنێتەوە. لە تاو ئەم ترسە زۆرێک خۆیان هەژار پێشان دەدەن؛ هەندێکیش ئەم ڕۆحچوونە تاویان دەدا بۆ شوێنێک، کە سامانەکانیان تەنیا بە خاک ڕەوا ببینن. لە ڕاستي‌دا ئەمە زۆر دەمێکە لە وڵاتی فارس و دەرودەرهاوسێکانی‌دا بووە بە نەریت. هیچ نموونەیەکیشم گونجاوتر لەوەی ئەحمەد خان، زۆردارە ترسناکەکەی مەرەگە (Maraga)، پێ ناهێنرێتەوە، کە سەروەت و سامانەکەی بە لەبن‌نەهاتوو دادەنرا. دوای مردنی، زۆرێکی لە هەزار شوێنی چەپەکدا بە نێژراوي دۆزرانەوە، بەڵام بەشە هەرە زۆرەکەی، وەک خەڵک بۆی دەچن، دەبێ خۆ و بەختي هەڵبدرێنەوە؛ چونکە ئەو چرووکە جیڕە باش مشووری ئەوەی خواردبوو، هەموو ئەوانەی جێمتمانەی بوون و لە ناشتنی شتە بەهادارەکانی‌دا هاریکارییان کردبوو خۆشیان هەر زوو لە تەنیشتیانەوە بنێژرێن. بە کورتي، چۆن ئەم تینوێتي‌یە گشتي‌یەی خەڵک بۆ زێڕ لە هەموو لایەکی "مەملەکەتە گەورەکە"دا هێشتا نەشکاوە، ئاوەهاش ئەو ترس و لەرزە لە دەماری ئەوانەدا هێشتا دەزرنگێتەوە، کە تەماع و زەبروزەنگی ئاغا مەحەمەد خان‌ و نێرراوەکانیان لە بیرە لە کۆکردنەوەی‌دا، بە جۆرێک ناتوانم وەسفی بیرکردنەوەی فارس و هەستکردنی بە ئەمین‌نەبوونی ماڵوموڵکەکەی لەوە باشتر بکەم، کە قسەی یەکێک لە خانەدانەکان دووبارە بکەمەوە، کاتێک گوێی لە هەندێک سەرنج بوو لەسەر دڵنیابوونی ئینسان لە ماڵوموڵکی تایبەتی خۆی لە ئەوروپا. "لە هەموو وڵاتێکی دنیا بەو جۆرە نییە"، گوتی. "هەندێک وڵات هەن، دار ئەوەندە بە ئەمینی لە دەستی خاوەنەکەی‌دا دەمێنێتەوە، کە وابزانرێ ئەو دەستە بەهێزترینە. بەڵام با دەستی لەو بەهێزتر بێن، ئەمجا بزانە چۆن دارەکەی لە دەست دەپچڕێنن و ڕەنگە خوێنیشی لێ بهێنن. لە ڕاستي‌دا"، لەسەری ڕۆیشت، "ئەوەتا لێرە، بە داخەوە کە وا دەڵێم، دەبیني لەناو ئێمەدا هیچ نەکراوە بۆ سبەی! ئێمە، بۆ ئەمڕۆ نەبێ، هیچ بینا ناکەین و ناچێنین. ئاخر کێ کۆشک هەڵدەچنێ، کاتێک بزانێ لەوانەیە لێی ببرێ؟ کێ سەروەت و سامان پێکەوە دەنێ، کاتێک نەوێرێ خاوەنی بێ؟ یا پاشەکەوت بۆ منداڵەکانی بخاتە لاوە، کاتێک ژیانیان ڕێک بە هۆی ئەوەوە بکەوێتە مەترسي‌یەوە؟"


١. http://www.iranicaonline.org/articles/cormick-john
٢. ئەم چیرۆکی خریستیان و موسوڵمان و جووە لە تەرجومە ئەڵماني‌یەکەدا نوخسانە.
٣. ئەم ڕستەیەی دوایي لە "هەرچي ژنان و ..هتد"ەوە لە وەرگێڕانە ئەڵماني‌یەکەدا بە کورتکراوي و گشتي داڕێژراوەتەوە.
٤. مانای ئەم ڕستەیەم نە لە ئینگلیزي‌یەکە نە لە ئەڵماني‌یەکەدا بۆ ساخ نەبۆوە.

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×