2020-05-16   979     
حكومه‌تی چین، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 16ی ئایار، سه‌رجه‌م شوێنه گشتی و لێنۆرگه و نه‌خۆشخانه تایبه‌تییه‌كانی شاری شولان -ی كه‌رتی جیلیین باكوری خۆرهه‌ڵاتی چین-ی داخست، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبوون به كۆڤید-19 له ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌رزبۆته‌وه.
ئا‌وێنە، لوقمان غه‌فور: به‌پێی هه‌واڵێكی زه نیو یۆرك تایمز شاری شولان-ی كه‌رتی جیلین هه‌مان دۆخی سه‌ره‌تاكانی شاری ۆوهان-ی كه‌رتی هێبی هه‌یه و له 10ی ئایاره‌وه 8000 كه‌س له‌ناوچه‌یه‌ك خراونه‌ته كۆره‌نتینه‌وه و ئه‌مڕۆش به‌ته‌واوی شوێنه گشتی و تایبه‌تییه‌كان داخران.
ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه كه تا 15ی ئایار، 19 هه‌زار كه‌س پشكنینی بۆكراوه، به‌ڵام به‌رپرسانی ته‌ندروستی شاره‌كه هیچیان رانه‌گه‌یاندووه.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌واڵه‌كان له‌شاره‌كه ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن به‌رپرسی كۆمیته‌ی شولان -ی حزبی شیوعی چین له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لادراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زانیاری لای خه‌ڵك دركاندووه كه 90%ی ئه‌وانه‌ی پشكنینیان بۆ كراوه هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها سایتیی بلۆمبێرگ نوسیویه‌تی، حزبی شیوعی چین رایگه‌یاندووه كه (لی بنگڤی) سه‌رۆكی كۆمیته‌ی حزبی شیوعی چین له‌سه‌ر گه‌نده‌لی لادراوه.
بلۆمبێرگ باس له‌وه‌شده‌كات هه‌ر دوێنێ 15ی ئایار، شین جین بینگ داوای كردووه كه كه‌رته‌كانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی چین كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ كۆریای باكور و روسیا بخرێته ژێر چاودێری تونده‌وه چونكه ژماره‌ی تووشبوون له‌و ناوچانه زیادیكردووه.
به‌رپرسانی ته‌ندروستی چین سه‌رهه‌ڵداوه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس به شه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌سفده‌كه‌ن.