"دەریاس و لاشەکان"ی بەختیار عەلی
  2019-05-05       1331       


د.نیاز نەجمەدین


ئێرە مەملەکەتی وەهمە. ئێرە مەملەکەتی تارماییەکانە. شوێن تارماییەک دەکەویت، لێت دەبێت بە هەقیقەت، شپرزە و ماڵوێران دەبیت ئەوجا تێدەگەیت تارمایی بوو. ئەگەر لە رێگادا پێت بڵێن: "ئەوە تارماییە، دوای مەکەوە"، تەحەمول ناکەیت. درکاندنی هەقیقەت شێتت دەکات. لێرەدا ناوەستیت، ونبونی خۆت بە دۆزینەوەی تارماییەکی دیکە پڕ دەکەیتەوە، هەمان چارەنوست توش دەبێتەوە. ئەوەی جێدەمێنت بۆ نەوەکانی ئایندە، وەهمەکانمانن، تارماییەکانمان. 
با باسەکەمان بە گێڕانەوەی چیرۆکی دەریاس و لاشەکان دەوڵەمەند بکەین...
ستارە خان بە سکێک دووانەیەکی دەبێت، ئەلیاس و دەریاس، کە دوو چیرۆکی غەمگینی دونیای ئێمە تۆماردەکەن. باوکیان سەرنگوم دەکرێت. ئەلیاس کوڕێکی سادە و ساکارە، بڕوای بە قسەکەی دایکی هێناوە و چاوەڕێیە باوکی بگەڕێتەوە. دوای ئەوەی خوێندنی ئامادەیی تەواو ناکات، دەبێت بە دەلاک و ئێوارانیش لە چایخانەی "داشەهارە" بە دەم جنێودان بە سیاسییەکان و یارییکردنەوە، کاتەکانی بەسەر دەبات. هیچ رۆژێکی ئەو ساڵانە تێناپەڕێت ئەلیاس لە خەمی دایکیدا نەبێت. بۆ خەفەکردنی ترس و پڕکردنەوەی بەتاڵییەکانیشی، جاروبار روو لە مزگەوتیش دەکات. 
ئەگەرچی بە سکێک لە دایک بوون، دەریاسی برای تەواو جیاوازە. ئەم کوڕێکی تەنیا و پڕپرسیارە، پێدەچێت هەر لەبەر ئەمەش بووبێت کە باوەڕ بە گەڕانەوەی باوکی ناکات. ئەو پرسیارێک مێشکی دەکرۆژێت: چۆن وەهم لە مێشکی ئینسانەکاندا دروست دەبێت؟ سەرباری جیاوازییەکانیان، ئەندامانی ئەم خێزانە دڵیان بە دڵی یەکترەوەیە و موو بە بەینیاندا ناچێت. 
لە رابردووی ئێمەدا و تا ئەمڕۆ وابووە کە زۆربەی سەرۆکە کاریزمییەکانمان لەسەر وەهم سیاسەتیان بینا کردووە، نایانەوێت تەنانەت مردنەکەشیان روداوێکی ئاسایی بێت. خەڵکیش سەرۆکپەرستییان ناو ناوە: "شۆڕش!". خەڵک لەسەر بنەمای ئیمان گەورە کراون، هەمان ئیمانی ئیلاهیی بە فۆرمێکی تر دووبارە دەکەنەوە. لەگەڵ ونبونی سەرۆکەکانیاندا، راستتر تارماییەکەیاندا، تەواوی پرۆژە سیاسییەکانیان قڵپ دەبێتەوە و سەرگەردان دەکەون. 
سەردار قەمەرخانی (بەپێی وەسەفەکانی، کاراکتەرێکە لە مەلا مستەفاوە وەرگیراوە) حزبێکی دروست کردووە بە ناوی "حزبی دیموکراتی نەتەوەیی" گوایە هەم نەتەوەیی و هەم دیموکراتخوازە. کاتێک دەست لە دەیان هەزار پێشمەرگە بەردەدات، شۆڕش هەتیوو دەکەوێت و هەرەسدەهێنێت. هێشتا شیوەنێکی بۆ دەکەن "نەی نەیکردووە". 
زۆر نابات، تارماییەکی دیکە جێی دەگرێتەوە. ئەمیر تەلاران، خەڵک پێی دەڵێن "جەنابیان"، کە پێدەچێت کاراکتەرێک بێت لە جەلال تاڵەبانییەوە داتاشرابێت-جەنابی مام جەلال-"، سەرکردەیەکی قاتلەبەرە و لای ئاساییە نوکتەی لەسەر بکرێت، لە یەک کاتدا باوەڕی بە دیموکراسیی و بە موقەدەسیش هەیە. دوای نەخۆشکەوتنی، لە ئەڵمانیا دەمرێت. ئێستا شار ئامادەی پێشوازیی تەرمی سەرۆک و ناشتنێتی. وەک عادەتی هەمیشەیی، کاتێک جەنابیان دەنێژن، جەماوەر هاوار دەکەن "تەلارانی نەمردووە و نامرێت". مەراسیمەکەی دۆست و دوژمن بێکێشە کۆدەکاتەوە. 
ئەلیاس لەو کەسانەیە بەشداریی مەراسیمەکەی ناکات، رای وایە سەرۆکێک جێگرەوەی هەبێت، "پێویست ناکات مردنەکەی وەک کارەسات تەماشابکەن". بەداخەوە، کێشەیەکی خەڵکی شارەکە ئەوەیە "لە هەر بەرەیەکدا بن ناتوانن بێ سەرۆک و رابەرێکی رۆحی بژین"(ل150). مەرجی ئەلیاس ئەوەیە ئەو باوکەی دوای دەکەوێت دەست پاک و داوێن پاک بێت. ئەلیاس لە بەرەی ژەنەڕاڵ ئەشکزاددا (کە پێدەچێت کاراکتەرەکەی لە نەوشیروان مستەفاوە وەرگرتبێت) خۆی دەبینێتەوە، گرنگ نییە ژنکوژ بووە، گرنگ ئەوەیە ژنباز نەبووە. ئەو ئومێدێکی گەورەی لەسەر هەڵدەچنێت و دەبێت بە یەکێک لە فەرماندەییەکانی هێزەکەی و هەرچی ئەو نەفەرموێ، یان بە رێبازی ئەوی نەزانێت، نایکات. ژەنەڕاڵ لە دژی گەندەڵیی و ستەمکاریی پەمپی شۆڕش دەدات. ئەگەرچی نایەوێت، بەڵام دەزانێت و باوەڕی وایە کە "شۆڕش ناکرێت گەر خورافەیەک، ئەفسانەیەک، دینێک خەڵک نەجوڵێنێت" و "خودایەک(یان) لەسەر زەوی بۆ دروستنەکەین" (لل64-65). جەماوەرەکەی وێنەی ئەو بە چەشنێک پیرۆز دەکەن کە دوای دیارنەمانیشی هێشتا وادەزانن وەک رۆحێک لەگەڵیانە و داوای شۆڕشیان لێ دەکات، شۆڕشێک "خەڵک هەمان ئەو چاوەڕوانییەیان لێی هەیە کە لە خودایان هەیە". 
ژیانی سەختی کوردستان دەریاس دەخاتە سەر سکەیەکی تری مەینەتیی. دوای هەشت ساڵ خوێندن لە بواری مێژوودا لە ئەوروپا، دەگەڕێتەوە و لە فەرمانگەی ئەرشیف دادەمەزرێت. ئەگەرچی لەسەر وەهم دەنوسێت، پێدەچێت ئەمیش وەهمی ئەوەی هەبێت لە کوردستان لە بواری کارەکەی خۆیدا خزمەتێک بکات. بەڵام هەر کەسێک دەریاس دەبینێت وزەیەکی نێگەتیڤی پێ دەبەخشێت. هەر واشە، لێرە کەم رۆژ هەیە پێت نەڵێن:"بڕۆ و ئێرە جێبهێڵە... بۆ هاتیتەوە... کەی ئەمە وڵاتە... ئێرە هەرگیز نابێت بە شوێنی ژیانی بەشەر... کورە خۆت بە چییەوە مەشغوڵ کردووە، زانستی چی و تەڕەماشی چیی...هتد". بەو چەشنە، ئەم پێی دەڵێت وەک غەریبێک بمێنەرەوە و تێکەڵ بەم کۆمەڵگەیە مەبە، ئەو پێی دەڵێت مێژووی چی، ئێمە کوا مێژوومان هەیە؟ مێژوو لە وڵاتێکدا کاری لەسەر دەکرێت کە تەحەمولی شتی تازە بکات، دابڕانێک لە نێوان رابردوو و ئێستایاندا روویدابێت، بەڵام ئێمە وەک لە سەدەی نۆزدە و چارەکی یەکەمی سەدەی بیستدا بژین، ئێستاش لەسەر سەرۆکەکان یەکتر لەناو دەبەین، وەک چۆن لەسەر "خوداش رێکناکەون". 
شۆڕشەکەی ژەنەڕاڵ هیچی لێ ناکەوێتەوە جگە لە قوڵکردنەوەی ناتەبایی و ناکۆییەکان. ئەو رۆژەی ژەنەڕاڵ لە چیرۆکێکی تەلیسماویدا لەناودەچێت، دۆخی تەندروستیی ستارە خان تەواو تێکدەچێت و دەکەوێتە گیاندان. دەریاس ئوتومبیلێکی دەست ناکەوێت تا بیمارستانی ببات، خێرومەنێکی کاڵفام هاوکاریی دەكات. لە نەخۆشخانە یەک دوو پزیشک بە ناچاریی کارەکەیان جێنەهێشتووە، بۆڵە بۆڵیانە کە بە هۆی نەخۆشی وەک ستارە خانەوە نەیانتوانیوە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەشداربن لە مەراسیمی ناشتنی سەرۆکدا. لەو رۆژەدا، لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەوە خەڵك هاتووە و دوای تەرمی سەرۆک کەوتوون و دیسانەوە هاواریانە: "نامرێ...نامرێ..نامرێ". تەنانەت ئەو ئەلیاسەی هەمیشە لە خەمی دایکیدا بوو، ئێستا وەهمی ئەوەی هەیە كە لە قەدەری نوسراوە خودا نەیکات بە نسیبی لە ناشتنی دایکی خۆشەویستیدا ئامادەبێت، چونکە واجبێکی گرنگتری هەیە (ل86). ستارە خان تەنیا دەژی و تەنیا دەمرێت و تەنیا دەینێژن، جگە لە دەریاس و پیاوچاکێک لە یادی کەسدا نەماوە. لێرەوە ڤێرژنە ناشیرینەکەی سیاسەت ئەم خێزانە بە یەکجاریی لە یەک دەکات. 
دواجار دەریاسیش بە دکتۆرایەکەوە دەبێت بە..... چیرۆکەکە بە نیوەناچڵیی جێدەهێڵم تا تامی خوێندنەوەی بهێڵمەوە. بەڵام لە زمانی یەکێک لە کاراکتەرەکانەوە، بەختیار عەلی پێمان دەڵێت هەڵگیرسانی شەڕ لە خۆرهەڵاتدا هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە و کاتێکیش شەڕ دەقەومێت بۆی هەیە هەزار ساڵ بخایەنێت. ئێمە چارەیەکی ترمان نییە جگە لەوەی بگەڕێینەوە بۆ ناو خۆمان لە بری ئەوەی هێندە دوای تارمایی بکەوین. لە تارماییەکان بترسن. 
...................

 


هەڵسەنگاندن
قەڵەمە قەشەنگەکەی بەختیار لەم تێکستەیدا بەشێکی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی ئێمە ئەرشیف دەکات. لەگەڵ ئەمەشدا، تا نیوەی کتێبەکەش دەخوێنیتەوە فەنتازیایەکی سەرنجڕاکێشی تیادا بەکارنەهێنراوە، دوای ئەوە رووداوەکان گەرم دەبن. 
بابەتی وەک "وەهم و سەرۆکپەرستیی"ش نە بۆ بەختیار خۆی تازەیە و نە ئەویش تەنیا کەسە قسەی لەسەر دەکات. تەفسیری شکستی شۆڕش و بەرهەمهێنانەوەی وەهم و سەرۆکپەرستیی شتی تریشی دەوێت، بەڵام ئەمەش بەرپرسیارێتی بەختیار نییە.
هاوکات، وەک تاکەکانی تر، ئەم نوسەرە ناسراوەش وزەیەکی نێگەتیڤ لەم کتێبەدا دەبەخشێت و لە زۆر شوێنیشدا نائومێدە تەنانەت لەوەی نوسین شتێک بگۆڕێت: "خەڵک بۆ هەتاهەتایە باوەڕ بەو ژەنڕاڵە دەکەن کە لە خەیاڵی خۆیاندایە، بێئەوەی ئەوەی تۆ لە کتێبێکدا دەینوسیت نرخی هەبێت..بنوسە عەزیزم بنوسە..." ل204). 
من رەخنەم لە بەختیار نییە کە بە تۆنێکی غەمگینانە مێژووی ئێمە دەچڕێت. راستە ئەو بە لێدان لە وەهم زۆر شتیش لە خوێنەرەکانیدا دەگۆڕێت، ئەمەش خۆی مانای ئیمانبون بە گۆڕان. بەڵام هێشتا باوەڕم وایە ئێرە نە هێندە ناشیرینە قسەیەکی خۆشی تیادا نەمابێت، نە هێندەش داخراوە ئیدی یەک گۆڕانکاریی تیایدا روونەدات. لە دونیای هاوچەرخدا، هیچیش مەرج نییە ئیدی کە شەڕێک هەڵگیرسا هێندەی شەڕی کەربەلا بخایەنێت. بۆ ئەوەی نوسەرێک بگاتە ئەم دەرئەنجامانە، دەبێت زۆر قوڵ مێژووی ئابوریی وڵاتان لە چەندین رەهەندەوە بخوێنێتەوە. جیاوازیی رۆژئاوا و رۆژهەڵات هەمووی دوو سێ دەیە گەورە بووە، هەتا نزیکەی سەدەی شانزە و حەڤدەش ئاستی داهاتی تاکەکەس لە جیهاندا لە یەکترەوە نزیک بووە، رۆژئاواش نزیکەی پەنجا ساڵێکە سەقامگییر بووە. لە ناوەڕاستی سەدەی بیست، ژیان لە کۆریای باشور باشتر نەبوو لە کۆریای باکور، کەچی لە بیست ساڵدا کۆریای باشور گەیشتە ریزی دەوڵەمەندترین و باشترین وڵاتانی سەر زەوی. ئەوەش بۆ هەمومان ئاشکرایە کە مێژووی رۆژهەڵاتیش هێندە بەتاڵ نەبووە تا نوسەر بڵێت (خۆرهەڵات هیچ وەخت سەرزەمینی زانا و فەیلەسوفان نەبووە، بەڵکو سەرزەمینی پێغەمبەران و ئیمامان و مورشیدان و رابەر رۆحییەکان بووە)(ل134). ئەم رستانە زۆر رەهان. 
هەڵەی ئیملایی و رێنوس لە رادەیەكی كەمدا شایستەی باس نییە. چەند هەڵەیەک دەبینرێت، بەڵام یەکێک لە هەڵەکان شایستەی لەسەر راوەستانە، هێندە زەقە کە گومان دەکەیت ئەم تێکستە پاکنوس کرابێت. 
رۆمانەکە 256 لاپەڕەیە. لە یەکەم لاپەڕەوە بۆ دوا لاپەڕە حسابم کرد نزیکەی (638) جار وشەی (هەموو) بەکارهاتووە. ئەسڵەن لە هەندێک شوێندا بە هەڵە بەکاریدەهێنێت، یان ئەڵتەرناتیڤی هەیە (وەک ل11، دەکرا بڵێت "زۆربەمان هاوارمان دەکرد"، یان لە زۆربەی کوچە و...). وشەی (هەموو) زمانێکی رەها بە نوسینەکەش دەبەخشێت (لەوانە ل 11دوا دانە، یان ل14). نوسەرێک بە خیبرەی زیاتر لە 30 ساڵ نوسینەوە، نابێت هەڵەی زمانەوانی وابکات. پێویستە هەرگیز سڵ نەکەینەوە لەوەی نوسینەکانمان بنێرین بۆ کەسێک بۆ پاکنوسکردن. 


دوا پەیڤ
ئەگەرچی تێکستە پڕە لە رستەی جوان، بۆ من لە ئاستی ستانداردایە، ئەمەش شتێکی ئاساییە و هیچ نوسەرێک ناتوانێت چی تێکستی هەیە نایاب بێت، ناشتوانێت چی خوێنەری هەیە سەرسام بکات مادام خوێنەران جیاوازن. 
ئەم تێکستە نامەیەکی گرنگی پێیە بۆ ئەوانەی هێشتا حەرفێکیان لەسەر نەخۆشیی سەرۆکپەرستیی و وەهمەکانی تری کۆمەڵگەی ئێمە نەخوێندوەتەوە، هەروەهاش بۆ ئەوانەی وەک یاسین عومەر(یاسین ئافتاو) دەڵێت لەو روداوانەدا بەشداربون و تا ئێستاش لە ژیاندان، بۆ نەوەکانی ئایندە و خوێنەرانی نەتەوەکانی تریش ئەگەر تەرجەمە کرا بۆ سەر زمانیان. لەبەر ئەمانەش، شایستەی خوێندنەوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×