ئەمڕۆ کورد لە بەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆز دایە.. لە لایەکەوە گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تادێت چڕتر دەبنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە تاران لەناو قەیرانێکی درێژخایەنی ناوخۆییدایە. لەم نێوەندەدا، سیناریۆیەک لەژێر ناوی "ڕزگاری گەلی کورد" جار جار گەرم دەکرێت، کە مەبەست لێی هێنانە ناوەوەی هێزی چەکدارە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران. ئەمە ئەو ستراتیژەیە کە دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ وەک ئامرازێکی فشار دژی تاران کاریان لەسەر کرد.
ترەمپ لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، بەبێ بنەمایەکی ڕاستەقینە و تەنیا بۆ تێوەگلاندنی کورد لەم جەنگەدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە کوردیان دژ بە ئێران چەکدار کردووە. تەنانەت میدیا نێودەوڵەتییەکانی وەک "فۆکس نیوز" لە زاری "جەنیفەر گریفن"ەوە باسیان لە دەستپێکردنی هێرشی زەمینی گەوری هێزە کوردییەکان کرد. سەرەڕای ئەوەی کورد هێرشی نەکردبوو، بەڵام ترەمپ کۆڵی بۆ تێوەگلاندنی کورد نەدا، بۆیە چەندین جار کوردی بە دزینی چەکەکان تۆمەتبار کرد. ئەمە هەڵمەتێکی میدیایی بوو کە بە خێرایی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە.
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەهم..
بە بڕوای من، کاتی ئەوە هاتووە کورد لە وەهمی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بێتە دەرەوە. من تا ئەو کاتەی "ڕۆژاڤا" کرا بە قوربانی و سوپای تورکیا و میلیشیاکان (وەک بەرەی نوسرە و جولانی) پەلاماری ناوچە کوردییەکانیان دا، لەو وەهمەدا دەژیام کە ئیسرائیل و ئەمریکا پێویستیان بە دەوڵەتی کوردییە. بەڵام ئەزموونی تاڵ نیشانی داین کە ئێمە هەڵە بووین، بەڵکو ئەوان تەنیا ماڵوێرانیی کورد بۆ فشارخستنە سەر دوژمنەکانیان بەکار هێناوە و دەهێنن.
ئەمە یارییەکی ژەهراوییە.. ئەمریکا و ئیسرائیل، سعودیە و هەندێک لە دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە دەخوازن کورد بکەنە سووتەمەنیی هێرشی زەمینی دژ بە ئێران، هەر وەک چۆن ئێران حوسییەکان بەرمابەر بە سعودیە و حیزبوڵڵاش دژ بە ئسرائیل بەکار دێنێت. لێرەدایە کە پێویستمان بە شیکارییەکی وردی ئەکادیمی و هۆشیاریی ڕوناکبیرانی کورد هەیە بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە و تێنەکەوتن لە تەڵەی بەرژوەندی هیچ لایەک.
تاران و پرسی کورد.. تاکتیک یان ستراتیژ؟
ئێران لەبەردەم گەمارۆ و هێرشی دەرەکی و ناڕەزایەتی ناوخۆییدایە، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان کە هەمیشە ناوەندی چالاکیی سیاسی و سەربازی بوون. ئەم دۆخە وای کردووە کە بەشێک لە سەرکردەکانی ئێران، وەک مەسعوود پزیشکیان و محەمەد باقر قالیباف، پەیامی ئەرێنی سەبارەت بە مافەکانی کورد بدەن.
هەڵبەت، مێژووی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی وەک (قاسملوو و شەڕەفکەندی) لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، وادەکات بە گومانەوە سەیری ئەم لێدوانانە بکەین. بەڵام لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەگەر تاران بیەوێت لە مەترسیی دابەشبوون ڕزگاری بێت، دەتوانێت پرسی کورد وەک "بۆمبێکی ئەتۆمی" دژ بە نەیارەکانی بەکاربهێنێت. چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی "کۆنفیدراڵی"دا، نەک هەر ئێران دەپارێزێت، بەڵکو ئاگر لە ماڵی ئەردۆغان و نەیارەکانی تاران بەردەدات.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە.. ئایا ئەمە هەنگاوێکی تاکتیکییە بۆ پەکخستنی جووڵانەوەی کورد، یان تاران دەیەوێت بە ڕاستی پرسی کورد لەژێر دەستی ڕۆژئاوا دەربهێنێت و لە تاران و بەغدا چارەسەری بکات؟
بەرەو دیالۆگێکی بە ئاگا
لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کاتێک ئەمریکا هاتە عێراق، من یەکێک بووم لەوانەی بە جۆش و خرۆشەوە باسی "پڕۆسەی ئازادی"م دەکرد و دەمگوت" سەدام بە پارەی نەوتەکەی خۆمان، ئەنفالی کردین، ئەمریکا نەوتەکە دەبات، لەبەرامبەردا ئازادیمان دەداتێ. بەڵام ئەزموونەکان نیشانیان دام کە من لە وەهمدا دەژیام، چونکە کاتێک بەرژەوەندییەکان گۆڕان، کوردیان ڕادەستی ئەردۆغان کرد، کە سەرسەختترین دوژمنی کوردە.
ئەمڕۆ دەبینین کە بە سەرپەرشتی تورکیا و پارتی، هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ تێکشکاندنی تێکۆشانی مەزڵووم عەبدی و هاوخەباتەکانی.. دەیانەوێت پێگە شۆڕشگێڕییەکەی بێ بایەخ بکەن تا زەمینە جەماوەرییەکەی ڕۆژاڤا لە عەبدی دوورخەنەوە و بیدەنە "ئەنەکەسە و هێزی ڕۆژ" بە عەیاری تورکیا..!! بەداخەوە، زۆرن ئەوانەی لە باشوورەوە ئەو هەڵمەتە بۆ تورکیا و پارتی دەکەن تا قوربانییەکان و دەستکەوتەکانی ڕۆژاڤا بێ بایەخ بکەن.. ئەوە لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، هیوایەک هەبوو پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بچێتە پێش، بەڵام لەوێش ئەردۆغان وەک ڕێگرێکی سەرەکی دەرکەوت. لە ناو ئەم هەموو ئاڵۆزییەدا، جێگەی خۆیەتی کورد "گفتوگۆیەکی ماوەکورت و تاقیکاری" لەگەڵ تاران بکات، نەک کردنەوەی دەرگای دیالۆگێکی ماوە درێژ.
وەک قالیباف ئاماژەی پێداوە، کورد لە ڕووی زمان، کولتوور و فەرهەنگەوە لە فارسەکان نزیکە، لە بەرامبەردا هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ نەتەوەپەرستانی تورک و توندڕەوەکانی عەرەبدا نییە. ئەگەر تاران نییەتی پاک بێت و دەرفەتی "کۆنفیدراڵی" بڕەخسێنێت، ئەوا دەبێت وەک دەرفەتێکی مێژوویی پێشوازی لێ بکرێت.
وانەکانی ڕابردوو.. دەرچوون لە وەهمی ئیسرائیل و ئەمریکا
یۆست هیلتەرمان لە کتێبی "جینۆساید لە عێراقدا، کەمپینی ئەنفال دژی کورداندا" ئاماژەیەکی گرنگ دەکات.. دەڵێت لە کاتێکدا هەموو دنیا دژی ئێران بوو، کورد هاوپەیمانی بوو، هەر بۆیە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادە نەبوون دان بەوەدا بنێن کە عێراق چەکی کیمیایی لە دژی کورد بەکارهێناوە. ئەمە وانەیەکی مێژووییە کە نیشانی دەدات بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان چۆن قوربانییەکانی ئێمە دەشارێتەوە.
ڕەنگە دیالۆگ لەگەڵ تاران لە ئێستادا جۆرێک بێت لە خۆکوژی سیاسی، بەڵام بەردەوامبوون لەسەر بڕوابوون بە وەهمی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل، خۆکوژییەکی مسۆگەرە. دوای سەد ساڵ لە "قۆڵبڕین" و بەکارهێنانی قوربانییەکانی کورد وەک کارتێکی فشار، ئایا ڕەوایە هێشتا بڕوا بەو وەهمە بکەین؟!
کورد دەبێت سوود لە وانەکانی ڕابردوو بگرێت.. پێویست ناکات دەرگای دیالۆگی بێ مەرج بکاتەوە، بەڵکو دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەلە مێژووییەدا بکات، چونکە تاران باش دەزانێت کورد دەتوانێت ببێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی قووڵایی ستراتیژیی ئێران، ئەگەر مافەکانی پێ بدرێت.
سەرچاوە
https://www.foxnews.com/video/6390394770112
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1525704899587897&set=pb.100064452053745.-2207520000&type=3