ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان دوو ڕەهەندی ڕێکەوتن و شەڕدا، دەرفەتێکی سیاسی یان مەترسیەکی نوێ؟

شاهۆ پاڵانی
  2026-09-28   

دۆخی ئێستای ئێران و ملمڵانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، پرسیارێکی گرنگ بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکات، ئەگەر تاران و ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن، یان بە پێچەوانەوە شەڕ و ملمڵانێکان زیاتر پەرەبستێنێ، کورد لە ئێران لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدا خۆی دەبینێتەوە؟

ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە ئاسان نەبێت و هەڵسەنگاندن و وردبوونەوەی زیاتری گەرەک بێ. هەڵبەتە هەردوو سیناریۆکە دەتوانن هەم دەرفەت و هەم مەترسیی جدی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆ بگرن.

لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا و کەمبوونەوەی فشاری سەربازی سەر ئێران، یەکێک لە دەرئەنجامەکان کەمبوونەوەی مەترسی جەنگ و گەڕانەوەی ئارامی دەبێت بۆ خەڵکی مەدەنی ناوەوەی ئێران و وڵاتانی ناوچەکەش، بەپێی قۆناغ و خاڵەکانی ڕێککەوتن ڕەنگە گەرووی هورمزیش ئارامی بۆ بگەڕێتەوەو هاتوچۆی کەشتیوانیش  وردە وردە بکەونەوە جولەوە ڕێڕەوەکان ئاسایی ببنەوە، بەمەش باری قوڕسی قەیرانی ئابووری و گرانی بژێوی ژیان لە سەر خەڵکی سڤیل سوکتر دەبێ.

بەڵام بۆ دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بابەتەکە لێرەدا کۆتایی نایەو لێکەوتەی تری دەبێ، جگە لە کرانەوەی دەرگا داخراوەکانی بوژانەوی ئابووری ئێران و خۆگرتنەوەی، کەمبوونەوەی فشاری دەرەکی دەتوانێت دەستی حکومەتی ئێران بۆ بەکارهێنانی توانای ئەمنی و سەربازیش لە ناوخۆدا ئاوەڵاتر بکات. ئەو کات پارت و ڕێکخراوە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکرێ جارێکی دیکە بەر فشاری زیاتر بکەون. هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، نیشانی دەدەن کە تاران هێشتا ئەم هێزانە بە بەشێک لە کێشە ئەمنییەکانی خۆی دەزانێت. بۆیە ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، هەرچەندە دەتوانێت مەترسیی شەڕێکی فراوان کەم بکاتەوە، بەڵام بە مانای کەمبوونەوەو کۆتایی هاتنی فشار و مەترسیەکان نیە لەسەر دۆخی سیاسی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە سیناریۆی دووەمدا و لە ئەگەری توندتر بوونی هەڵکشان و ملمڵانێ و بەردەوامبوونی جەنگ، دۆخی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ دەنێتە چ قۆناغێکەوە؟ ئەمەش پرسیارێکی ترەو پێویستە دیسان بە وردی لەسەری بوەستین.

ئەگەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی سەربازی، ئابووری و سیاسییەوە لاواز بێت، ئەوا لە تیۆریدا بۆ هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بۆشایی زیاتر بۆ جوڵە و ڕێکخستن دەڕەخسێت. بەڵام ئەزموون نیشانی داوە کە لاوازبوونی حکومەتێکی ناوەندی مەرج نیە مانای بەهێزبوونی پێگەی کورد بگەیەنێ، ئەگەر کورد خۆی سیاسەتێکی ژیرانە و یەکگرتوو پەیڕەو نەکات، ئەمە لە کاتێکدا دەکرێت پێچەوانەکەشی ڕاست بێت و بەهێزبوونی هەر حکومەتێکی ناوەندی مانای بێ هێزی پێگەی کورد ناگەیەنێت، کاتێک ژیرانە مامەڵە دەکات و ستراتیژ دەکاتە بنەمای سیاسەتێکی ڕاست و دروست.

بۆیە لە گریمانەی فراوانتر بوونی جەنگدا، ڕۆژهەڵات خۆی دەکرێت ببێتە بەشێک لە مەیدانی ملمڵانێکان، ناوچە کوردستانیەکان ئەگەری هەیە بکەونە ژێر هێرش و فشار و حکومەتی ئێرانیش دەتوانێت پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا یان ئیسرائیل تۆمەتبار بکات. لە دۆخێکی ئاوادا، ئەوەی لە سەرەتادا وەک بۆشایی سیاسی دەردەکەوێت، دەکرێت بە خێرایی بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ئەمنی و مرۆیی.

لە نێو ئەو هەموو ناڕوونیەدا ئەوەی شایانی ئاماژەپێدانە، یەکگرتوویی هەڵوێستی کوردە کە دەتوانێ وەرچەرخانێکی گرنگ بێ لە هاوکێشەکەدا، هاوپەیمانی هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات هەنگاوێکی مێژوویی و هەستکردن بە مەترسیە جیددیەکان بوو بۆ سەر دۆزی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان. بەشداریی هێزگەلێکی وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پژاک، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵە و هێزەکانی تریش لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا، دەتوانێت سەختی ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکان کەمتر بکاتەوە.

بەڵام یەکگرتوویی پارتەکان و هاوپەیمانێتی لەسەر کاغەز بە تەنها بەس نییە، پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، ئایا ئەم هاوکارییە دەتوانێت ببێتە ستراتیژێکی سیاسیی هاوبەش؟ ئایا پارتەکان دەتوانن لەسەر گوتارێکی یەکگرتوو، شێوازی خەبات، پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری ئێران و هەڵوێست لەبەرامبەر هێزە نێودەوڵەتییەکاندا بگەنە دیدگایەکی هاوبەش؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە کارنامەو هەنگاوەکانی ئەم هاوپەیمانیەتە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ڕوونتر دەردەکەون.

هەڵوێستی ئەمریکاش هاوکێشەیێکی ناڕوونە و بەشێکی گرنگی سیناریۆکانە، ئەگەر واشنگتن سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر تاراندا بگۆڕێت، کاریگەرییەکەی تەنها لەسەر حکومەتی ئێران نابێت، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، لەوانەش هێزە کوردییەکان، ناچار دەبن خۆیان لەگەڵ واقیعێکی نوێ بگونجێنن، بەڵام نابێت لە پێشەوە وا دابنرێت کە هەر لاوازبوونێکی ئێران بە مانای پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ داواکارییە سیاسییەکانی کورد دەبێت. سیاسەتی زلهێزەکانی دنیا بەوە ناسراوە دواجار بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیانەوە بەستراوەتەوە. بۆیە بۆ هێزە کوردییەکان گرنگە جیاوازی لەنێوان هاوبەرژەوەندییەکی کاتی و پشتگیریی سیاسیی درێژخایەن بکەن.

لە کۆتاییدا، داهاتووی سیاسیی ڕۆژهەڵات تەنها لە واشنگتن، تاران یان تەلئەبیب دیاری ناکرێت. یەکێک لە خاڵە جەوهەری و بنەڕەتییەکان ئەوەیە کە هێزە سیسییە کوردییەکان تا چەند لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵک و جەماوەریان هەیە و تا چەند دەتوانن ئاوێتەی ئەو هێزە لەبننەهاتووەی جەماوەری کوردستانی ڕۆژهەڵات بن و بەئاڕاستەیێکی ڕاست و دروست تەیار و ئامادەیان بکەن، لەهەمانکاتدا داواکارییە سیاسییەکانی خەڵک بگوازنەوە بۆ بەرنامەیەکی ڕوون و پلان بۆ داڕێژراوی بتەو. بۆیە ئەگەر یەکگرتوویی سیاسی تەنها لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بمێنێتەوە و نەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ کۆمەڵگای ناوخۆ، کاریگەرییەکەی سنووردار دەبێت. بەڵام ئەگەر هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان لەگەڵ پشتگیریی کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و بەرنامەیەکی سیاسیی ڕوون یەکبگرێتەوە، ئەوا هاوکێشەکە دەتوانێت جیاواز بێت.

تا ئێستا داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەیەو لە قۆناغێکی هەستیار و ناڕووندا ماوەتەوە.  کەواتە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەتوانێت مەترسیی شەڕ کەم بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستی تاران بۆ فشاری ناوخۆیی ئاوەڵاتر دەکات، بەردەوامبوونی شەڕیش دەتوانێت حکومەتی ناوەندی لاواز بکات و بۆشایی سیاسیی نوێ دروست بکات، بەڵام ئەگەر بە ژیری مەمەڵە لەگەڵ دۆخەکە نەکرێ، ڕەنگە نرخەکەی بۆ خەڵکی مەدەنی و ناوچە کوردنشینەکان زۆر گران بکەوێتەوە. لەبەر ئەوە، پرسیاری سەرەکی تەنها ئەوە نییە کە ئێران تا چەند لاواز دەبێت بەڵکو پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، کورد لە ڕۆژهەڵات تا چەند دەتوانێت لە ناو گۆڕانکارییەکاندا خاوەنی کارنامە، گوتاری یەکگرتووی سیاسی و پشتگیریی کۆمەڵایەتیی خۆی بێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا ستراتیژ بکاتە بنەما و لە گەمە سیاسی و دیپلۆماسیە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکانیشدا یاریزانێکی کارامە بێت. چونکە لە کۆتاییدا گۆڕانی هاوسەنگی هێز دەرفەت دروست دەکات، بەڵام ئەوەی ئەم دەرفەتانە چۆن بەکاردەهێنرێن، بە یەکگرتوویی، توانای سیاسی و ڕەگداکوتانی کۆمەڵایەتیی هێزە کوردییەکانەوە بەستراوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
مەسرور بارزانی: کشانەوەی ئەمریکا بێپەنامان دەهێڵێتەوە و قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە
عەجاج لەسەر دۆسییەی فەیلییەکان دادگایی دەکرێت
تره‌مپ: ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دانوستانی زیاتر له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌نجام ده‌ده‌ین
بن گڤیر: ناتانیاهۆ وەڵامی پەیوەندییەکانم ناداتەوە و کەسانی دەوروبەری هەوڵی دوورخستنەوەم دەدەن
میدیاکانی ئێران عەلی زەیدی بە "جێبەجێکاری فەرمانەکانی ئەمریکا" تۆمەتبار دەکەن
باقرخان: یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌نگاوێكی پیرۆزه‌و پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمیش پێكبهێنرێت
گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەشوهەوادا؛ پلەکانی گەرما دادەبەزن و پێشبینی یەکەمین شەپۆلی بارانبارین دەکرێت
مه‌سعود بارزانی: پێشتر ئه‌مریكییه‌كان كشانه‌وه‌ و داعش هات، ئێستاش له‌ هه‌مان سیناریۆ ده‌ترسم
میدیای ئێران: گه‌شته‌ ده‌ره‌كییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی ئیمام خومه‌ینی ته‌نیا بۆ پێنج وڵات هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه‌
وەزارەتی ناوخۆ سیستمی دیجیتاڵی بەناوکردنی ئۆتۆمبێلی خستەکار؛ ساڵیانە دەکرێتە کارتێکی بچووک
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×