کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن: خوێندنەوەیەکی سایکۆسیاسی بۆ برینەکانی شوناس و متمانە

د.نزار گزالی
  2026-01-22     192

دکتۆرا لە دەروونزانی
بەرێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەرونی و کۆمەڵایەتی لە EPU

 

بارودۆخی کورد لە سوریا و ناوچەکە نوێنەرایەتی مۆدێلێکی ئاڵۆزە لەوەی کە لە دەروونزانی سیاسیدا بە چەمکی ناسەقامگیری درێژخایەنی گەلانی بێدەوڵەت ناسراوە (Chronic Instability of Stateless Nations). کورد نەک ھەر ململانێی خەباتێکی سیاسی تەقلیدی لەسەر زەوی ئەزموون دەکات، بەڵکو لە ململانێیەکی دەروونی قووڵی پەیوەست بە شوناس و مانا و متمانە بە جیھان دایە . گەلێکین لەسەر ئەو لێوارە ھەمیشەییەی نێوان دانپێدانان و ئینکاری، ئیستغلالکردن و وازھێنان, ھیوا و نائومێدیدا دەژین.
ئەم نووسینە بەو گریمانە دەست پێدەکات کە چیتر دۆخی سەختی کورد تەنیا سیاسی نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی دەروونی بەکۆمەڵی کورددا بووەتە پێکھاتەیی. دووبارەبوونەوەی ئەزموونی مێژوویی خیانەت و نائومێدی نەک ھەر جێپەنجەی خۆی لەسەر نەخشەکان بەجێھێشتووە بەڵکو قووڵترین پێکھاتەی دەروونیی گرتووەتەوە، ئەمەش وایکردووە نەخشەی دووبارەبوونەوەی مێژوویی بەبێ دەستێوەردانێکی ھۆشیارانەی دەروونسیاسی نەشکێنرێت،، کە تێگەیشتن لەم رەھەندە سایکۆلۆژیە کرنگیەکەی لە پڕۆژەیەکی سیاسی و سەربازی کەمتر نییە.
لەم چوارچێوەیەدا زەبری دەسبەرداربوونی پێشبینیکراو (PBT) وەک کلیلی تێگەیشتن لە دۆخی کورد لە سوریا سەرھەڵدەدات. ئەدەبیاتی زەبری سیاسی (Political Trauma) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ستراتیژی وجودگەرایی خۆیان لەسەر بنەمای ھاوپەیمانی نایەکسان دادەنێن، زیاتر بەرەوڕووی زەبری خیانەت دەبنەوە، بەتایبەتی کاتێک لایەنی وازلێھێنەر زلھێزێکە کە ھیوای پاراستن و دانپێدانان و دەسبەردارنەبوونی لەسەر ھەڵچنراوە. ئەمەش رێک ئەوەیە کە کورد لە کاتی شەڕی داعشدا ئەزموونی کرد، کە تێیدا رۆڵی سەربازی و ئەمنیی و نەبردییەکەی لەلایەن ھاوپەیمانانەوە دانپێدانرا، لە کاتێکدا نزیکەی تەواوی مافە سیاسی و سەروەرییەکانی ڕەتکرایەوە.
ئەم پشتکردنە کورد و یارییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیە وەک رووداوێکی تەنیا تێپەڕ نەبووە؛ بەڵکو زەبرێکی قووڵی دەروونی بەکۆمەڵی بەجێھێشت، متمانەی بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان شێواند و ھەستی دابڕانی بوونگەرایی چەسپاند- ئەو ھەستە بەژانەی کە کورد تەنیا لە کاتی پێویستیدا  وەک (بەکاربەر) دەبینرێت، پاشان جارێکی دیکە بۆ پەراوێز دادەبەزێت. بە تێپەڕبوونی کات ئەم وریاییە سیاسییە گۆڕاوە بۆ وریایییەکی زۆر درێژخایەن (Hypervigilance)، ھەندێکجار ھاوسنوورە لەگەڵ پارانۆیای سیاسی. مەترسی لێرەدا لە خودی خیانەتەکەو نائومێدیکەدا نییە، بەڵکو لە گۆڕینیدایە بۆ مۆدێلی چاوەڕوانییەکی ناوەکی، قەناعەتێکی دەروونی بێدەنگ کە “ھەموو ھاوپەیمانییەک بە خیانەت کۆتایی دێت”. ئەم قەناعەتە، لە ڕووی دەروونی و سیاسییەوە، دەبێتە پێشبینییەکی خودکار ( (automatic prediction
جگە لەوەش کورد ئەو شتە ئەزموون دەکات کە دەکرێ ناوی بنێین پارادۆکسی بوونگەرایی کورد. ئەوان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ھێزێکی ئەخلاقی و سەربازی ناسراون کە رۆڵێکی سەرەکییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەمان کاتدا وەک ئەکتەرێکی سیاسی تەواو شەرعی رەتدەکرێنەوە. ئەم پارادۆکسە یان بلێین ئەم ناکۆکیە ھەستیە ناسنامەیەکی دووانەی توند بەرھەم دەھێنێت: شەڕکەرێکی شەرعی لە لایەک، و لە لایەکی دیکەوە قەوارەیەکی ناشەرعی. حاڵەتێکی ئیستغلالکردنی ئەخلاقییە(Moral Exploitation)، کە چاوەڕوان دەکرێت کورد قوربانی بدات، بەڵام داواکارییە سیاسییەکانی وەک بارگرانییەک یان وەک ھەڕەشەیەک سەیر دەکرێت. بە تێپەڕبوونی کات ئەم دژایەتییە شتێک دروست دەکات کە دەتوانرێت پێی بڵێین شەکەتی و مانا ماندوێتی (Meaning Fatigue)، کە تێیدا خەبات ڕوونی ئامانجەکەی لەدەست دەدات و دەست دەکات بە ھەستکردن بەوەی کە لە خولگەیەکی خراپدا دەخولێتەوە.
لە چوارچێوەی سوریادا ئەم دۆخە لە شتێکدا بەرجەستە بووە کە دەتوانرێت بە سایکۆلۆژیای قوربانی- شەڕکەر وەسف بکرێت. کورد ھەڵگری یادەوەرییەکی مێژووییە کە بارگرانی ستەم و لە ھەمان کاتدا خەباتێکی مۆدێرن بۆ بەرخۆدان و بەرگریکردن لە خۆی ئەزموون دەکات. ئەم دووانەییە خۆڕاگرییەکی دەروونی سەرنجڕاکێشی پێبەخشیون، بەڵام زەبری دەروونی چارەسەرنەکراویشی کەڵەکە کردووە، ئەمەش وایکردووە ناسنامەیان ئامادەبێت بۆ جێگیربوون لەسەر ئازار. کاتێک خۆڕاگری خۆی دەبێتە ناسنامە، دەگۆڕێت بۆ ئاوەڕۆیەکی درێژخایەن نەک ھێزێکی رزگارکەر. سەرەڕای فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبەری، دەسەڵاتی کۆتایی بڕیاردان لە دەرەوە مابووەوە، ھەستی لەدەستدانی کۆنترۆڵی قووڵتر کردەوە- یەکێک لە ھۆکارە وێرانکەرەکان بۆ تەندروستی دەروونی بەکۆمەڵ. ئەم ھەستە نەک ھەر دڵەڕاوکێی سیاسی بۆ داڕمانی کتوپڕ دروست دەکات بەڵکو بە قووڵی ھەستی سەروەری دەروونی دەشکێنێت، بەوەی کە چارەنووسی مرۆڤ بە تەواوی وابەستەی ئیرادەی ئەوانی دیکەیە.
ئەم ئەزموونە ناتوانرێت لە چوارچێوەی فراوانتری پارچەپارچەبوونی کورد لە ناوچەکەدا داببڕدرێت. دابەشبوونی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا نەک ھەر لە ئەنجامدا دابەشبوونی جوگرافیای لێکەوتووەتەوە بەڵکو ئەو شتەی دروستکردووە کە دەروونزانی سیاسی پێی دەڵێت خودێکی دەستەجەمعیی پارچەپارچە (Fragmented Collective Self). گێڕانەوەی خود پەرەی سەندووە و دڵسۆزی حزبی و ناوچەیی ھەندێک جار جێگەی شوناسی نەتەوەیی گرتووەتەوە و توانای کردەوەی مێژوویی یەکگرتووی لاواز کردووە و دەروونی کوردیان خستۆتە حاڵەتی دابەشبوونێکی درێژخایەنی ناوخۆییەوە.
لە بەرامبەر ئەم بارگرانییە، کۆمەڵگەی کوردی میکانیزمی بەرگریی دەروونی بەکۆمەڵی پەرەپێداوە. ئازار بە سیاسی کراوەو رەوایی بەبەردەوامبوونی دراوە,  ئەمەش خەیاڵی سیاسی سنووردار دەکات و ھەر ھەوڵێک بۆ دەربازبوون لە سووڕی ئازارەکان وادەکات وەک خیانەتێک لە یادەوەری دەربکەوێت. فۆرمەکانی نەرگسیی گروپی بچووکیش(Small-group Narcissism) سەریان ھەڵداوە، کە دەستکەوتەکان زیادەڕەوییان تێدا دەکرێت، ڕەخنەکان بە ھەستیارییەکی زۆرەوە بەرەوڕوو دەبنەوە.
سەبارەت بە کوردانی ڕەوەند، ڕوویەکی تری ئەم قەیرانە دەروونییە ئەزموون دەکەن. ھەستێکی بەردەوام بە تاوانباری دەربازبوون لە گۆڕەپانەکانی ئازارەکان (Survivor’s Guilt)- و ناسنامەیەک کە لە نێوان تێکەڵبوونی ناتەواو لەگەڵ کۆمەڵگا نوێیەکان و پەیوەندییەکی نەتەوەیی کە ئاسۆیەکی سیاسی روونی نییە، ھەڵواسراوە. چالاکیی سیاسی لە رەوەنددا زۆرجار دەگۆڕێت بۆ کردەوەیەکی سۆزداری، کە بەھۆی توڕەیی و نۆستالژیاوە دەجووڵێتەوە، نەک ھەوڵێکی ستراتیژی درێژخایەن.

لە کوردستانی عێراقدا وێنەکە لەوەش ئاڵۆزترە. لە کاتێکدا لە ژیانی ڕۆژانەدا ئاسایشی ڕێژەیی ھەیە، بەڵام دڵەڕاوکێیەکی قووڵی بوونگەرایی سەبارەت بە داھاتوو ھەیە. ترسی دووبارەبوونەوەی خیانەتەکانی ڕابردوو بە بێدەنگی لەدڵی خەڵکدایە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە تووشی ماندوێتی سیاسی و دووبەرەکیی حزبی و لەدەستدانی متمانە بە نوخبەکان بووە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەتوانرێت ناوی لێ بنرێت "ئاساییکردنی خیانەتی ھاوپەیمانمان یان نائومێدی بە ھاوپەیمانان"، ھەستکردن بەوەی کە "جیھان لەگەڵ ئێمەدا نییە" دەبێتە شتێکی دەروونی. ئەمەش لە خودی سەرکوتکردن مەترسیدارترە، چونکە لە ناوەوە کردارەکان دەخنکێنێت.
لە چوارچێوەی بەرفراوانی عێراقیشدا، پرسیارێکی بە ھەمان شێوە گرنگ دێتە پێشەوە: ئایا ئەوەی بەسەر کورد لە سوریادا دێت، دەکرێت وەک ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ شیعەکان لە عێراق لێکبدرێتەوە؟ پەیامێک کە ھەڵوەشاندنەوەی ھاوسەنگییە سیاسییەکان و وازھێنان لە ھاوپەیمانە مێژووییەکان دەتوانێت دەرگای ئاژاوەگێڕییەکی کۆنترۆڵنەکراو بکاتەوە.. ئەم پرسیارە بە لەبەرچاوگرتنی کاتی ئەم پێشھاتانە لەگەڵ دووبارە ڕەچاوکردنی کاندیدبوونی نوری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیران، قورسایی زیاتری دەبێت. دەکرێت ئەمە وەک ئاماژەیەک لێکبدرێتەوە کە ھەندێک لە ھێزە شیعەکان ھەست بە پێویستی کەسایەتییەک دەکەن کە کاریگەری و ئەزموونی ھەبێت لە حوکمڕانیدا، لە کاتێکدا ئەم ھەنگاوە بەھۆی ھەستکردن بە مەترسییەکانە نەک سەقامگیری. ئایا ئەمە گوزارشتە لە خواستێکی شیعی بۆ ھاوپەیمانێتی ھاوشێوەی دوای روخانی سەدام لەگەڵ کورد وەک بەشێک لە کردەوەی ھاوسەنگی نێوخۆیی، یان بەکاردەھێنرێت بۆ بەرھەمھێنانەوەی ناوەندگەرایی دەسەڵات بەبێ ئەوەی چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی ناھاوسەنگیی پێکھاتەیی لەناو دەوڵەتی عێراقدا بکرێت. لەگەڵئەوەشدا ناتوانرێت چاوپۆشی لە پرسیارێکی تری زەق بکرێت: ئایا گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی سوریا، و سەرھەڵدانی ھێزە ئایینی-سیاسییەکان، پاڵنەرێکە بۆ پڕۆژەیەکی نوێی سیاسی سوننە لە عێراقدا؟ پڕۆژەیەک کە ڕەنگە پشتیوانی ناوچەیی لەپشت بێت.
ھەموو ئەمانە پرسیارێکی پڕ لە کێشەترمان لێدەکەوێتەوە: ئایا ئەوەی ئەمڕۆ دەیبیین، سەرەتای کۆتایییەکی نەخشەکێشراوە؟ ئایا ڕووبەڕووی قۆناغێک دەبینەوە کە دەوڵەتەکان لە ناوەوە خەریکە دادەڕمێن پێش ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە داڕوخێن، ئایا ئەوەی لە سوریا روویدا پێشەکییەکە بۆ کاردانەوەی فراوانتر کە کاریگەری لەسەر عێراق و ڕەنگە ھەموو ناوچەکەش ھەبێت؟
لە کۆتاییدا تاڵترین پرسیار ھەر دەمێنێتەوە: ئایا ڕاستە کورد شەڕڤانێکی باشە، بەڵام لە رووی مێژووییەوە قەدەرە سووتەمەنی شەڕی بە وەکالەت بێت؟ ئایا وێنەکەمان لە خەیاڵی نێودەوڵەتیدا چەسپاوە وەک "خەباتکاری ئایدیاڵی بێ ماف"، لە کاتی مەترسیدا بانگ دەکرێین و کاتێک داوای مافەکانمان دەکەین پشتمان تێدەکەن؟ وە ئەگەر ئەم نەخشەیە جار و بار دووبارە بووبێتەوە، ئایا کێشەکە تەنیا لە سیاسەتی زلھێزەکاندایە، یان ھەروەھا لە شکستی کورد، لە رووی دەروونی و سیاسییەوە، لە ڕزگاربوون لەم ڕۆڵە سەپێندراوە؟
ئەم پرسیارانە بەدوای وەڵامی ئاساندا ناگەڕێن، بەڵکو ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات تەنھا پرسێکی کورد نییە، بەڵکو دووڕیانێکی ناوەندییە بۆ داھاتووی ناوچەکە. وەڵامەکە بەتەنھا لە لێدوانەکاندا یان لە بەرەکانی شەڕدا نادۆزرێتەوە، بەڵکو لە توانای ھەموو ئەکتەرەکاندا، کورد و غەیرە کورد، ئەم ساتە وەک ھۆشدارییەکی کۆتایی سایکۆسیاسی لێکبدەنەوە، نەک تەنھا بابەتێکی دیکە لە سووڕی توندوتیژیدا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×