ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی خوێندنی (۲٠۲٦-۲٠۲۷)ی پەسەند کرد و ڕۆژی یەکشەممە، ۲٠ی ئەیلوولی ۲٠۲٦ی وەک دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن لە ناوەندەکانی فێرکردن دیاریکرد.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئەنجومەنی وەزارەت بە فەرمی ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی نوێ پەسەند کردووە و لە ۲٠ی ئەم مانگەدا دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی فێرخوازاندا دەکرێنەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی ئامادەکارییە کارگێڕییەکان لە ڕۆژی سێشەممە، ۱ی ئەیلوولی ۲٠۲٦، بە دەستبەکاربوون و دەوامی فەرمیی مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندندا دەستیپێکردبوو.
هاوکات لەبارەی قۆناغەکانی ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی وردەکاریی ڕێکارەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی ئەمساڵ چاپکردنی نزیکەی ۲٠ ملیۆن کتێبی نوێ بووە. بە وتەی ناوبراو، تا ئێستا ۹٠٪ی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگاکانی شار و شارۆچکەکان و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بە مەرجی دروستنەبوونی هیچ ئاستەنگێک، گەیشتنی کتێبەکان بگاتە ۹۹٪.
وەزیری پەروەردە باسی لە دابینکردنی کەلوپەل و نۆژەنکردنەوەی بنکەکانی خوێندن کرد و ڕایگەیاند، ۲٦٤ کۆنتێنەری کەلوپەل ڕەوانەی پەروەردەی شارۆچکەکان کراون، هاوکات پڕۆسەی چاککردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکان بەردەوامیی هەیە.
سەبارەت بە ژێرخانی پەروەردەیی و باڵەخانە نوێیەکان، وەزیری پەروەردە ڕوونی کردەوە کە ۳۲ باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بۆ ئەمساڵی خوێندن ئامادە کراون و بەپێی پێداویستی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشکراون، بە جۆرێک: ههشت باڵەخانە لە سلێمانی، شەش بۆ هەشت لە هەولێر، هەشت لە دهۆک، دوو لە گەرمیان، دوو لە زاخۆ و یەک باڵەخانە لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەکەونە خزمەت پڕۆسەکەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی ئامادەکارییەکاندا و پەیوەست بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی سەرما، ئالان حەمەسەعید جەختی لەوە کردەوە کە نووسراوی فەرمییان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بە مەبەستی دابینکردنی نەوت، هەروەها ڕەزامەندیی پێویستیش وەرگیراوە بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی دیکەی ئەو باڵەخانە نوێیانەی کە خراونەتە خزمەت کەرتی پەروەردەوە.