بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنێکی نوێی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی وەرگرتنی وتەی لاهور شێخ جەنگی و پێنج دەستگیرکراوی دیکەی دۆسیەکە.
ئاوێنە: دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند، لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەمڕۆدا وتەی هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و چوار دەستگیرکراوی دیکە بە فەرمی لەلایەن دادگاوە وەردەگیرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دانیشتنی پێشووی دادگای تاوانەکانی سلێمانی کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، وتە لەو شەش کەسە وەرنەگیرا و نەبرانە بەردەم دادوەر، بەڵام وتەی شەش دەستگیرکراوی دیکەی هەمان کەیس وەرگیراوە. بەپێی زانیارییەکان، لەو دانیشتنەدا ئەو شەش کەسە دووبارە وتەیان لێوەرگیراوەتەوە و لە بەردەم دادوەر ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە قۆناغەکانی پێشوودا وتەکانیان "بە زۆرەملێ" لێ وەرگیراوە.
ڕێڕەوی دادگاییکردنی ئەم دۆسیەیە لە ڕۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی دەستی پێکرد، بەڵام دواتر بەهۆی چەند هۆکارێکەوە پرۆسەکە چەند جارێک دواخرا و دانیشتنێکی دیکەی لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ بۆ دیاریکرا، تا گەیشتنی بە قۆناغی ئێستا.
ڕووداوەکانی دۆسیەی لالەزار بۆ ڕۆژی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ دەگەڕێتەوە؛ کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە سەر بارەگای سەرەکیی بەرەی گەل لە هۆتێل لالەزار و ماڵی لاهور شێخ جەنگی، بە ئامانجی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناوبراو. بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری کە لە نێوان پاسەوانەکان و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا کە سێ کەسیان لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆ بوون، و لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە هاوڕێ و پاسەوانەکانی دەستگیرکران.