پێشهاتە مەیدانی و سەربازییەکانی یەمەن ئاماژە بە گۆڕانکاریی نوێ لە هاوسەنگیی هێز لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دەدەن. بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، هێزەکانی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چڕ، توانیویانە لە میحوەری شاری "حەیس" پێشڕەوی بکەن دوای پاشەکشەی ئەو هێزانەی لەلایەن هاوپەیمانێتیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە پاڵپشتی دەکرێن، بەمەش مەودای نێوان چەکدارانی حوسی و شاری کەناراوەیی "موخا" بۆ نزیکەی 46 کیلۆمەتر کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوەی حکومی لە زاری ئاژانسی ڕۆیتەرز باس لە دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لەو شارە کەناراوەییە دەکەن.
ئاوێنە: شاری موخا، کە بە دەروازەی باکووری گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور دادەنرێت، گرنگییەکی ستراتیژیی باڵای هەیە لە هاوکێشە سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەکاندا. چاودێرانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی پاڵپشتیی چڕی ئاسمانی بۆ هێزەکانی لایەنگری هاوپەیمانێتیی سعوودیە، ڕەنگە ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئەم شارە لەلایەن حوسییەکانەوە خۆش بکات.
لە کاردانەوەی ئەم پێشهاتانەدا، تاریق ساڵح، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، ڕێنمایی و فەرمانی بە هێزەکانی حکومەت لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا داوە کە ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش و پێشڕەوییەکانی حوسییەکان لەو ناوچەیەدا.
مەترسیی گۆڕانکاری لە کۆنترۆڵی سەربازیی کەناراوەکانی دەریای سوور تەنیا ڕەهەندێکی ناوخۆیی یەمەنی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئاسایشی ئابووریی نێودەوڵەتی. گەرووی بابولمەندەب کە پانییەکەی لە نێوان 17.6 کیلۆمەتر بۆ تەنیا 2.8 کیلۆمەتر لە تەسکترین خاڵیدایە، پردی بەستنەوەی زەریای هیندی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە بە دەریای سوور، نۆکەندی سوێس و دەریای ناوەڕاستەوە. هەر گرژی و نائارامییەک لە دەوروبەری ئەم ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی شڵەژانی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، وزە و کەلوپەلی بازرگانی لە ئاستی جیهاندا.