پسپۆری دەروونی
* بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە EPU
لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، و لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، تا ئێستاش تەندروستی دەروونیی سەرکردە سیاسییەکان بابەتێکی غائیب و دوورە لە گفتوگۆی جددی، سەرەڕای ئەوەی سەرکردە یەکێکە لەو کەسانەی کە زۆرترین کات روبەرووی گوشاری دەروونیی درێژخایەن و گۆڕانکاریی وێرەکی و ھۆشمەندی (Cognitive changes) دەبێتەوە کە لە ئەنجامی باڵادەستی بەردەوامەوە دروست دەبن. ھەرچەندە پێگەی مرۆڤ لە ھەرەمی دەسەڵاتدا بەرزتر ببێتەوە، بڕواو تێروانینی کۆمەڵایەتی وای بۆدەچێت کە ئەو کەسە بووەتە خاوەن ئیرادەیەکی رەقتر و کەمتر لەژێر کاریگەریی ھۆکارە دەروونییەکاندایە، لە کاتێکدا توێژینەوەکانی درونزانی سیاسی و زانستی دەمارە-رەفتاری (Behavioral Neuroscience) جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەسەڵاتی درێژخایەن دەکرێت گۆڕانکاریی پلەبەندی لە شێوازی بیرکردنەوە، ھەڵچوون و بڕیارداندا دروست بکات.
مانەوەی سەرکردە بۆ چەندین دەیەی درێژخایەن لە دەسەڵاتدا، بەتایبەت لە نێو ژینگەیەکی سیاسیی لەرزۆک یان پڕ لە تەنگەژەو ململانێدا، تەنھا ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەدای سیاسی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکەی بۆ سەر کیمیای مێشک و میکانیزمەکانی درکپێکردنی کۆمەڵایەتی (Social cognition) درێژ دەبێتەوە. ئەدەبیاتە نوێیەکانی پەیوەست بەوەی کە بە "کۆنیشانەی لەخۆباییبوونی دەسەڵات" یان (Hubris Syndrome) دەناسرێت، ئاماژە بەوە دەکەن کە ھەندێک لە سەرکردەکان بە تێپەڕبوونی کات پەرە بە جۆرە شێوازێکی بیرکردنەوە دەدەن کە سیفەتی زیادەڕەویکردن لە متمانەبەخۆبوون، لاوازی لە قبوڵکردنی رەخنە، و ھەستێکی گەشەسەندوو بە "ئیستیسنابوون" و باڵادەستیی تێدایە، ئەمانەش شێوازگەلێکن کە زۆربەی کات بەستراونەتەوە بە نەبوونی ھاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و لێپرسینەوەدا.
لەڕووی دەمارەزانییەوە (Neurologically)، دەسەڵاتی درێژخایەن پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی بەردەوام لە چالاکیی "سیستەمەکانی پاداشت" لە نێو مێشکدا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دۆپامین، کە گواستەرەوەیەکی دەماریی بەرپرسە لە ھەستکردن بە پاداشت، دەستکەوت و شکۆمەندی. کاتێک ئەم ھەستە رۆژانە و بۆ چەندین ساڵی درێژخایەن دووبارە دەبێتەوە، مێشک وردە وردە دەست دەکات بە راھاتن لەسەر دەسەڵات وەک بەشێک لە شوناسی خودی (Self-identity)، ئەمەش ئەگەری ھەڵاوسانی "ئەنا - Ego" و دابڕانی پلەبەندی لە واقیعی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات. ھەندێک لەتوێژینەوەکانی درونزانی دەسەڵات ئاماژە بەوە دەکەن کە ھەژموون و باڵادەستی بەردەوام دەکرێت توانای رەچاوکردن و بینین و بەھەندزانینی دیدگای کەسانی دیکە لاواز بکات "خۆبەھوشتێک زانین" خودسەنتەری (Egocentrism) و بڕیاردانی پڕ لە مەترسی زیاد بکات.
لە بەرانبەردا، ترسی بەردەوام لە لەدەستدانی ھەژموون و باڵادەستی یان پێگەی سیاسی دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی درێژخایەنی ئاستی سترێس و ھۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر بابەتی نەرمینواندن و نەرمینواندنی ئیدراکی (Cognitive flexibility) و توانای دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو. لەگەڵ کاتدا، رەنگە سەرکردە زێتر پەنا بباتە بەر ھەڵەشەیی و بەرگری (Defensiveness) و کەمتر ئامادەگی ھەبێت بۆ داننان بە ھەڵەکاندا، چونکە مێشک دەکەوێتە دۆخی "ئامادەباشی بەردەوام" بۆ پاراستنی دەسەڵات. ھەروەھا ژیان لە ژینگەیەکی سیاسیی داخراو و پڕ لە ململانێدا دەکرێت "کۆئەندامی لیمبیک" چالاک بکات، بەتایبەت (ئەمێگدالا - Amygdala) کە بەرپرسە لە ھەستکردن بە ھەڕەشە، ئەمەش وا لە ھەندێک سەرکردە دەکات کە ئۆپۆزسیۆن یان ناڕەزایەتییەکان وەک ھەڕەشەیەکی کەسی ببینن لەبری ئەوەی وەک دەربڕینێکی سروشتیی داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان سەیری بکەن.
لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، ئەم پرسە رەھەندێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت بەھۆی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە. زۆرێک لە سەرکردەکانی ئێستا پێشتر بە ئەزموونی جەنگ، خەباتی چەکداری، دوورخستنەوە، پەراوێزخستن و نەبوونی ئاسایش بۆ ماوەیەکی درێژ تێپەڕیون، پاشان بە شێوەیەکی لەناکاو گوازراونەتەوە بۆ پێگەی دەسەڵاتێکی فراوان کە پارە و دەسەڵات و ئیمتیازاتی زۆری لەگەڵدا بووە. ئەم گۆڕانکارییە زەق و توندە رەنگە لە ھەندێک حاڵەتدا ببێتە ھۆی ئەوەی لە دەرونزانیدا پێی دەگوترێت "قەرەبووکردنەوەی دەروونیی زیادەڕەو" (Psychological Overcompensation)، کە تێیدا دەسەڵات دەبێتە ئامرازێکی نائاگایانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ساڵانی ترس، بێبەشی، یان وەدەرنان و پەراوێزخستن.
لە سایەی نەبوونی دامەزراوەی چاودێریی بەھێز و لاوازیی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات، گۆشەگیریی وێرەکی-ھوشمەندی (Cognitive isolation) سەرکردە وردە وردە قووڵتر دەبێتەوە، و لەلایەن کەسانێکەوە دەورە دەدرێت لەژێر ناونیشانی جیاجیا وەک راوێژکار، یاریدەدری تایبەت، خاوەن ئەزموون و پسپۆر و تادوایی.... زۆرجاو لە کورداواریشدا بەشێوەیەکی تەنزئامێز پێیان دەڵێن (کاسەلێس، ماستاوچی، مەسینەھەڵگر و ھەلپەرست تاد...) کە وێنەیەکی نمونەیی و ھەڵبژێردراو و جوانکراوی واقیعی بۆ دەگوازنەوە. لێرەوە (Gap) بۆشایی و دووریی دەروونیی نێوان فەرمانڕەوا و کۆمەڵگە دەست بە فراوانبوون دەکات، و بڕیارگەلێک دەردەچن کە لە پێویستییە راستەقینەکانی ھاوڵاتیان دورو دابڕاون، یان ھەر ناڕەزایەتییەکی سیاسی وەک پیلانگێڕیی دەرەکی یان ھەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی کەسی لێکدەدرێتەوە.
لەو سۆنگەیەوە، پێویستیی و گرنی راوێژ و پاڵپشتیی دەروونی بۆ سەرکردەکان پەیوەندی بە ھەبوونی "نەخۆشیی عەقڵی" بە واتایەکی تەقلیدی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پاراستنی ھاوسەنگیی درکپێکردن و ھوشەمندی و ھەڵچوونیی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی بڕیاردانیان ھەیە و بڕیارەکانیان پەیوەستن بە ژیانی ملیۆنان کەس. ھەروەک چۆن وەرزشوانێکی پیشەگەر پشکنینی جەستەیی خولیی بۆ دەکرێت بۆ پاراستنی ئەداکەی، پۆستە باڵاکانیش پێویستییان بە پێداچوونەوەی دەروونی و ھۆشمەندی ڕێکوپێک و رێکخراو ھەیە بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆشەگیریی دەسەڵات، سترێسی درێژخایەن و ھەڵاوسانی "ئەنا- Ego".
کۆمەڵگە مۆدێرنەکان وردە وردە خەریکە درک بەوە دەکەن کە تەندروستی دەروونیی بڕیاردەران و بەرپرس و باڵادەستەکان، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە سەقامگیریی دەوڵەت و کوالێتیی بڕیارە سیاسییەکانەوە ھەیە. بۆیە، پەرەپێدانی بەرنامەی سەربەخۆ بۆ پاڵپشتیی دەروونی و ھۆشمەندی و ھزری بەرپرسە باڵاکان، کە دانیشتنی ھەڵسەنگاندنی خولی و مەشقکردن لەسەر بەڕێوەبردنی سترێس و قبوڵکردنی رەخنە و دووبارە بەستنەوە بە واقیعی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت، دەکرێت ھەنگاوێکی گرنگ بێت لەو کۆمەڵگانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر کاریگەریی ململانێ، دابەشبوون و گرژییە سیاسییەکاندا ژیاون.
لە کۆتاییدا، سەرکردە ھەر مرۆڤە ھەرچەندە دەسەڵاتی زۆر بێت، و مرۆڤ کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە ڕەنگە وردە وردە توانای بینینی خۆی و کەسانی دیکە بە شێوەیەکی ھاوسەنگ لەدەست بدات. لێرەوە، چەسپاندنی چەمکی چاودێریی دەروونی بۆ سەرکردەکان لە ناو کلتووری سیاسی و دامەزراوەییدا، دەکرێت یەکێک بێت لەو ھۆکارانەی کە لە داھاتوودا یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی بڕیاری عەقڵانیتر، سیستەمێکی ھاوسەنگتر، و کۆمەڵگەیەک کە کەمتر دوچاری ھەڵەکانی دەسەڵاتی درێژخایەن ببێتەوە.