ناونیشانی بابەتەکە تۆزێک سەیرە ،بەڵام ئەگەر بە وردی بابەتەکە بخوێنیتەوە دەزانیت ئەم بابەتە شیاوی ئەم ناونیشانەیە .
یەکێک لەکێشەکانی گەنجی ئەم وڵاتە دوای ماڵ دروستکردن و ژنهێنان کڕینی خانوو یان شوقەیەکە .
کەسێک دەناسم لەم رۆژانەدا سەردانی دەزگایەکی کردبوو، ئەم دەزگایە کاریان ئەوەیە ئەگەر یەکێک خانوو یان سەیارەی نەبێت ، بۆی دەکڕن و پاشان بەقیست لێی وەردەگرنەوە .
ئەم دەزگا بەرگێکی شەرعی لەبەردایەو مامەڵەکان بەپێی دەقە شەرعیەکان ئەنجام دەدات . بەشێوەیەک بانقێکی ئیسلامی خانوەکە دەکڕن و پاشان بەڕێگای (مرابحە) واتا قازانجکردن دەیفرۆشنەوە بەو کەسەی دەیەوێ خانو یان سەیارەکە بکڕێت .
دەزانم تا ئێرە ئەم مامەڵە ئەگەر بانقەکە بەڕاستی خاوەنی خانو یان سەیارەکەبن هیچ کێشەیەکی تێدا نیە .
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە رێژەی قازانجی بانقەکە ئەوەندە زۆرە کە ئەگەر کڕیارەکە بچێت پارەیەک بە سوو لە بانقێکی نا ئیسلامی وەرگرێت زۆر کەمتر لەسەری دەکەوێت .
ئەو ڕێژەی قازانجەی بانقەکە لە قەرزارەکە دەیەوێ 42٪ ، واتا ئەگەر خانویەکی بۆ بکڕێت بە دوو دەفتەر دۆلار بە قیست 284 وەرەقەی لێ وەردەگرێتەوە .
واتا 84 وەرەقە زیادەی لێ وەردەگرێتەوە ، ڕاستە زۆربەی زانایان ئەم مامەڵەیان بە (بیع ) داناوەو دەڵێن کێشەی نیە ، بەڵام هێستاش کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات کەلەگەڵ مەبەستەکانی شەریعەو ئامانجەکانی ئیسلامدا یەک ناگرێتەوە .
*ئیسلام بۆ ئەوە هاتوە باری شانی خەڵک سوک بکات ، بۆ ئەوە نەهاتوە ڕیگا بدات بە کۆمەڵێک بە ئارەزوی خۆیان کاڵایەک لەسەر کەسێکی ناچار گران بکەن ، (نهى رسولُ اللَّهِ صلَّى اللَّهُ عليهِ وسلَّمَ عن بيعِ المضطرِّ، وعن بيعِ الغَرَرِ ، وبيعِ الثَّمَرِ قبلَ أنْ يُطْعَمَ)
یەکێک لەو مامەڵانەی پێغەمبەری خوا(د.خ) نەهی لێکردوە کڕین و فرۆشتنی ناچاریە ، ئەو کاتەی هەژارەکان لەهەژاریاندا ناچار بکرێن بەهەموو مەرجێک رازیبن لەمامەڵەدا ئەو بەیعە دەبێتە ناچاری .
*یەکێکی تر لەو هۆکارانەی ئەم جۆرە مامەڵە لەمامەڵەیەکی دروست ناچێت ئەوەیە ، کە تیایدا بەمەرج گیراوە دەبێت خانوو یان سەیارەکە بەناوی بانقەکەوەبێت و پاشان بخرێتە سەر قەرز وەرگرەکە (کڕیارەکە )، ئەمەش حکومەتێکی دەوڵەمەند سودمەند دەکات لەسەر گیرفانی هەژارێک ، چونکە دەبێت مامەڵەی تاپۆو باجی خانو بەرەوە ...هتد دوو جار ئەنجام بدات ، جارێک دەخرێتە سەر بانقەکە ، جاری دوەمیش دەخرێتە سەر کڕیارەکە .
*ئەم مامەڵە خۆی لە خۆیدا بە ڕواڵەت لە فێڵ و حیلەی شەرعی دەچێت ، چونکە ئەگەرچی کڕین و فرۆشتنێک دەبینرێت ، بەڵام ئەم کڕین و فرۆشتنە پلانی بۆ دانراوە بەپێی پێویستی ئەوانەی موڵکەکان دەکڕن ، خۆ ئەگەر دڵنیا نەبن لەوەی کەسێک ناچارەو دێت 42٪ قازانج دەدات بەبانقەکە لەوانە نیە ئەو بانقە وەبەرهێنان لەکەرتێکی ئاوادا بکات . ئەسڵ لەبەیعی راستەقینەدا قازانج لەگەڵ زەرەر دوو شتن هەردوکیان ئەگەری ڕودانیان نزیکە ، بەڵام لەم جۆرە مامەڵەدا قازانج مسۆگەرە و رێژە سەدیەکەشی زۆر بەرزە .
*یەکێکی تر لە کێشەکانی ئەم مامەڵە ئەوەیە ئەگەر سوو یان ڕیبا لەئیسلامدا ڕێگە پێدراویش بوایە ، لەبەر ئەوەی دینەکە رحمە للعالمینە نەدەبوو ڕێژەی سوەکە لە ئاستێکی ئاوا بەرزدا بوایە . بەرزترین ڕێژەی سوو لە وڵاتی ڤەنزەویلایە کە نزیکەی 59٪ پاش ئەویش تورکیا دێت کە 37٪ پاشان ولاتانی ئەوروپی دەکەونە کەمترین ئاست کە نزیکی 3٪ ، ئەوەی جێی سەرنجە ئەو قازانجەی ئەم بانکە ئیسلامیە وەریدەگرێت تەنها لە ڤەنزەویلا کەمترە و دوای ئەو لە هەموو ولاتانی دونیا زۆرترە . ئاخر ناکرێت کافرێک بە کافری خۆی قەرزێک بدات بە ڕێژەیەک نیو ئەوەندەی بانقە ئیسلامیەکە وەرگرێت . با ناوی مورابەحەشبێت ، بەڵام سەرەنجام هەر قازانجی پارەیە .بەکابرایەک دەڵێن نیسک بخۆ دەڵێن لە ماعیدەدا زیکر دەکات ، ئەویش دەڵێ : کورە قەلم بدەرێ و با لە ماعیدەما کوفر بکات .
دەکرێت ڕیگای تر هەبێت بۆ دەربازکردنی خەڵکی هەژار لە کرێچێتی ، دڵنیام ئیسلام بەبێ چارەسەر ئەم کیشەی جێنەهێشتوە ، بەڵام هەبوونی ئەم بانقانە تەنها بۆ خستنە گەڕی پارەی کۆمەڵێک دەوڵەمەندە کە ناتوانن پرۆژەیەکیان هەبێت ، یان پڕۆژەیان هەیەو ئەم پارە تەنها وەک زیادەیەک لەم بوارەدا دادەنێن بۆ وردە مەسروفاتی خۆیان .
دەکرێت لەبری ئەم مامەڵە دەزگایەک دروست بکرێت تەنها قەرز لەکۆمەڵێک وەرگرن بۆ کارێکی ئاوا ، ئێ خۆ قەرزدان لە ئیسلامدا پاداشتێکی گەورەی هەیە ، با پاداشتەکە دونیای نەبێت قیامەتی بێت ، دەشکرێت ئەم بانقە نیوەی خانوەکە بکڕێت و نیوەکەی خۆی بداتەوە بەکرێ ، تا ئەو کاتەی کڕیارەکە دەتوانێ خانوەکە بەتەواوی بکڕێتەوە ، لەم کاتەدا کرێچیەکە نیو کرێ دەدات و بانقەکەش لەبری رێژەیەکی دیاریکراو لەقازانج کرێیەکی واقیعی وەربگرێت .
دڵنیام کۆمەڵێک ڕیگە چارەی زۆرباش هەیە ، بەڵام تا ئەوکاتەی چاوی تەماح زۆرترو دوورتر ببینێ ئەو ڕیگەجارانە کەس نایانبینێ ..