کەناڵی «سۆمەریە نیوز» لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کە لە هەرێم کار دەکەن، بە فەرمی دەستیان بە چالاکی و پرۆسەی بەرهەمهێنان کردووەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە دەستبەجێ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر زیادکردنی خستنەڕووی بەنزین و دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا دروست بکات.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تەواوی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان گەڕاونەتەوە سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دەرهێنان و ناردنی نەوتی خاویان دەستپێکردووەتەوە، تا بگەنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی ئاسایی خۆیان.
هەروەها سەرچاوەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ڕاگرتنی پێشووتری کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە هۆکاری سەرەکیی کەمیی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخ بووە؛ چونکە بەپێی میکانیزمی پەڕەپێدراو، کۆمپانیا جیهانییەکان لە جیاتی پارەی نەختینە، نەوتی خاو لە حکومەت وەردەگرن، دواتریش بەشێک لەو نەوتە دەفرۆشن بە پاڵاوگە و بازرگانانی ناوخۆی هەرێم تاوەکو بپاڵێورێت و بخرێتە بازاڕەوە.
لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسەی حکومەت دووپاتی کردووەتەوە کە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی کێڵگەکان، بڕی پێویستی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان دابین دەکات بۆ ئەوەی پرۆسەی پاڵاوتن چڕ بکەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا دابەزینێکی بەرچاو و هەستپێکراو لە نرخی بەنزین بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دەهێنێتە ئاراوە.