ئا: ئاوێنە
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی هەواڵیی «ئەمواج»ی بەریتانی، حکوومەتی عێراق لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراوی ۳۰ی ئەیلوول، کەوتووەتە ژێر گوشارێکی هاوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شانشینی عەرەبیی سعوودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر پرسی چەک و چالاکیی گرووپە چەکدارەکان.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی باڵای هەر سێ وڵات لە ماوەی ڕابردوودا بە زنجیرەیەک سەردان گەیشتوونەتە بەغدا و هەڵوێست و مەرجەکانی خۆیان بە ڕوونی گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی عێراق:
هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، براد کووپەر، لایەنی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە پرۆسەی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان و خستنەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەت.
هەڵوێستی شانشینی عەرەبیی سعوودیە
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سعوودیە، خالد حمێدان، جەختی کردووەتەوە کە ڕیاز بە هیچ جۆرێک قبووڵی ناکات هێرش لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەری، و ڕایگەیاندووە دووبارەبوونەوەی هەر کردارێکی لەو شێوەیە بەرپەرچدانەوە و وەڵامی سەربازیی لێ دەکەوێتەوە.
هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران
هەریەک لە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئێران، هۆشدارییان داوە لەوەی هەر هەنگاوێکی بەپەلە لەوانەیە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆیی و پێکدادان، هەروەها ئامادەیی تاران-یان بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە بەڕێوەبردنی ئەم پرسەدا نیشان داوە.
ئەم جموجۆڵ و پەیامە دژبەیەکانە لە کاتێکدان کە حکوومەتی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات تا کۆتایی مانگی ئەیلوول چارەسەری پرسی چەکی ئەو گرووپانە بکات بە ئاراستەی داماڵینی چەک و کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام هاوکێشەکان بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەو گرووپانە بۆ ڕادەستکردنی چەک و پشتبەستنیان بە تاران، بە ئاڵۆزی ماونەتەوە.