میدیای پەکەکە بڵاویکردەوە کە عەبدوڵا ئۆجالان لە دیدارەکانی لەگەڵ شاندی ئیمراڵیدا، داوای لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە خۆیان بۆ گۆڕانکاری و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بکەن، هەروەها پێشنیازی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پێکنەهێنانی حکومەت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، میدیای پەکەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە لە کۆتا دیداری عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ شاندی دەم پارتی کە ڕۆژی 2ی ئاب بەڕێوەچووە، ئۆجالان “بە تایبەت هەڵسەنگاندنی لەسەر دۆخی چەقبەستوویی باشووری کوردستانیش کردووە و ڕێگە چارەسەری دەستنیشان کردووە”.
ئەوەخراوەتەڕوو کە ئۆجالان ئامەژی داوە بەوەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو گەردەلوول و ئاگردایە، لەم سەردەمە هەمان ئەو یارییە دەکرێتەوە کە ئینگلیزەکان کوردستانیان بەش کرد و بە برینداری هێشتیانەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان سەراوژێر کرد، لەمڕۆدا هەر چوار بەشەکە ڕووبەڕووی ئەوە بوونەتەوە کە هەریەکێکیان ببنە غەزە، واتا پرسی کورد وەک پرسێکی گەورە لە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و بەردەوام دەبێتە ڕۆژەڤی گەرمی وڵاتانی ناوچەکە”.
ڕوونیشیکردەوە کە “لەناو ئەم دۆخە ناسەقامیگیر و پێکدادانانەدا کە ئامانجی دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پرسی هەرێمی کوردستان و پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزنەبوونی لایەنەکان وەک بابەتێکی سەرەکی دێتە ئاراوە و کە ئەگەر دەست بۆ چارەسەرییەکان نەبرێت ئەوا لە زیانی گەلی کورد و دەستکەوتەکانیدا دەشکێتەوە”.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئۆجالان “لە کۆتا دیداردا پێشنیازی ڕێگە چارەسەرییەک بۆ باشووری کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت: با باشووری کوردستان خۆی بۆ ئەم گۆرانکاریی و قەیرانانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەبکات، چارەسەرییەکی وەک حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک پێویستە کە داواکارییەکانی هەموو گەل جێبەجێ بکات نەک تەنها دوو بنەماڵە”.
ئۆجالان ڕاشیگەیاندووە کە “نامانەوێت شەڕی ناوخۆیی ٦٠ ساڵەی نێوانیان یەکێتی و پارتی ببینین، ئەگەر نەتوانین کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنین، ئەوا خەباتی ئێمەش لێرە (ئیمراڵی-پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک) تێکدەچێت، هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورک چووە ناو باشووری کوردستانەوە، هەر ئەو شەڕە بوو”
بە پێی ڕاپۆرتەکەی میدیای پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان ڕاشیگەیاندووە: “ئەگەر ئیرادەی هاوبەشمان هەبێت (ئیرادەی هاوبەشی کوردستان)، نە ئەمریکا و نە ئێران ناتوانن بەرامبەری بوەستن، ئەم ئیرادەیە ئێران و عێراقیش بەرەو چارەسەریی دەبات، کۆدەبینەوە و هەوڵ دەدەین بە ڕۆحێکی نوێوە چارەسەری بکەین”.