پۆلیسی هەولێر رایگەیاند کە شەوی ڕابردوو چەند کەسێک لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەبات هەوڵیان داوە پشێوی دروست بکەن، و لەسەر ئەم ڕووداوەش هێزە ئەمنییەکان چەند کەسێکیان بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کردووە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، رووداوەکە لە شەوی یەکشەممە 23ـی 8ـی 2026 تۆمار کراوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەسانە دەستیان کردبوو بە دروستکردنی ناڕەحەتی و هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتیی هاووڵاتییان. پۆلیس جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و رێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران و تەواوی ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە بەشدارییان لەو پشێوییەدا هەبووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس هۆشداریی داوە کە ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە تێک بدات، و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی یاسا بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی.