شوناسی مەعریفیمان لەمانیفێستی خانییەوە بۆ ئافاتی بایکۆت و پشوو

هەڤاڵ عارف
  2026-04-02     602

مەعریفە و هۆشیاری لە کایەی مێژوویی ئێمەدا تەنیا بەرکەوتنێکی سادە نەبووە لەگەڵ زانیندا بەڵکوو تەقەلایەکی سەختی ڕابردوومان بووە بۆ خۆداڕشتنەوە لەنێو هەڵدێری زەمەن و گێژاوەکانی جەهل و نەفامیدا ئەم وابەستەییەمان لە جیاتی ئەوەی خولیایەکی کاتی بێت ئامرازی یەکلاییکەرەوەی ململانێیەک بووە تێیدا ئەقڵ وەک بکەرێکی کارا ڕەسەنایەتی مەعریفی لە مەترسیی سڕانەوە پاراستووە، ئەم گەوهەرە فیکرییەی لە مێژووی ئێمەدا چەسپاوە نەک تەنیا گەواهی لەسەر تێگەیشتنمان دەدات بەڵکوو ئەو سەنگەرە شارستانییەش بووە، کە ڕێگەی نەداوە شوناسی فیکریمان لەژێر باری هیچ داڕمان و شێواندنێکی مەعریفیدا بپوکێتەوە.

 

​با ڕێچکە بگرینە نێو قووڵایی ئەم بابەتە کاتێک پەڕەی شکۆمەندییەکان هەڵدەدەینەوە وەک دەستپێکی ئەم کڕۆکە مەعریفییە بەر کەماڵی ژیرمەندی ئەحمەدی خانی دەکەوین ئەو شوێنەی تێیدا فەلسەفەی فێربوون لە ئامرازی ئیپیستێمیکی ڕووتەوە گۆڕدرا بۆ داڕشتنی مانیفێستێکی وجوودی، خانی دیارترین کەس بوو زانینی وەک تەقەلایەکی ئەزەلی بۆ مانەوە لەنێوان بەرداشی چەپێنەری هێزەکاندا پێناسە کردەوە هاورێچکە لەگەڵ ئەم بلیمەتییەدا لەنێو جیهانی فەقێی تەیران و مەلای جزیریدا ئەقڵی کورد لە بازنەی سۆز و تێڕامانێکی پەتییەوە بەرەو دامەزراوەییەکی فیکری چەسپاو هەنگاوی نا بەئامانجی ئەوەی مەعریفە ببێتە بونیادێکی ئەقڵانی بۆ پاراستنی خود لەپەراوێزنشینی و بەرکەناربوونی وجودی.

 

تەوژمی ئەم هەڵکشانە مەعریفییە لە میحرابی نالیدا دەگاتە لوتکەی ئەندازەی زمان و داڕشتنەوەی هزرییەتی نەتەوەیی ئەو شوێنەی زمان لە ئامرازێکی سادەی گوزارشتەوە بۆ بونیادێکی ئەنتۆلۆژی وەرچەرخا و شیعر بووە تاقە نیشتمانێک، کە تێیدا میراتی شوناسی مێژوویی لە سڕانەوەی ئەزەلی ڕزگار کرا نالی تەنیا دێڕی دانەهێنا بەڵکو گرێی مێشک و زمانی کردەوە تا لەنێو هەڕەشەی فەوتاندا شوناس وەک هەقیقەتێکی نەگۆڕ بمێنێتەوە ئەم ڕەوتە لە نالیدا لە کەماڵی زمانەوە بەرەو کەناری مەعریفەت وەرچەرخانێکی وجوودی ئەنجام دەدات و وشە لە ڕواڵەتێکی ڕێکخراوەوە دەگۆڕێت بۆ سۆزی حوزوور ئەم بانگەوازە لە گەرووی مەحویشدا دەبێتە هاوارێکی میتافیزیکی بۆ ناسینی هەقیقەت و دێڕە شیعرەکان وەک سەنگەرێکی مەعریفی بەرگری لە شکۆی مرۆڤی کورد دەکەن.

 

گەر هەنگاوێک بگەڕێینەوە بۆ پێش مەحوی دەبینین ئەم زنجیرەیە لەدامێنی میراتێکی پچڕاودا نامێنێتەوە بەڵکوو لە کۆششی بلیمەتە بێدەنگەکانی وەک (ئیبنولئادەمی کۆیی و مەلا مەحمودی بایەزید)یدا دەبێتە ستراتیژێکی قووڵی بوونگەرایی بۆ بونیادنانی مرۆڤی خاوەن شکۆ و پێگەشتوو لەبواری فیکریدا ئەم ڕەوتە مەعریفییە لە قۆناغی بونیادنانی تاکەوە بەرەو قۆناغی ڕێکخستنی کۆمەڵگە هەنگاو دەنێت و لە وەرچەرخانێکی مێژوویی هێمن دا ئەم هۆشیارییە لە چوارچێوەی دەقی نوسراوەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کایەی واقیعی و دەبێتە ئەندازیاری ژێرخانی گوزارشت لە میانی ئەم گەشەسەندنەدا مانیفێستە وجوودییەکەی خانی لە ڕێگەی پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکەی میقداد مەدحەت بەدرخانەوە ڕەهەندێکی سەردەمخوازی ستراتیژی وەردەگرێت لێرەدا وشە لە تاقیکردنەوەی شیعرەوە دەچێتە ناو تاقیکردنەوەی ڕۆژنامەگەری و مێژووی نەتەوەیی بە فۆرمێکی مۆدێرن دادەڕێژێتەوە

ئەمەش ئەو فەلسەفە فێربوون و ڕەگە تێز رێژەیە، کە نەوەی ئێستا دەبەستێتەوە بە ڕەسەنایەتییەک، کە هەمیشە زانینی وەک تاقە ڕێگەی ڕزگاری و سەلمێنەری بوون ناساندووە.

 

کە، دەپەڕینەوە بۆ سەردەمی ئێستا بەر ڕاستییەکی دژوارو نەخوازراو دەکەوین گەرچی ئامرازەکانی گواستنەوەی زانین لە هەموو لایەکەوە دەورەیان داوین و کایەکانی مەعریفەش لە لوتکەی پەرەسەندن و ئەوپەڕی فراوانبوونی پانتایی خۆیانن بەڵام ئەو کاروانە مەعریفییەی بە دەیان تەنگوچەڵەمە و هەڵدێری مێژووییدا تێپەڕی تا لە میحرابی نالی و مانیفێستی خانی و هەقیقەتی مەحوی و ڕابەرانی ڕەوتی ڕۆژنامەگەرییەوە وەک شوناسێکی زیندوو بگاتە دەستمان ئێستا  کەوتووەتە نێو گێژاوێکی پڕ لە مەترسی بایکۆت و پشووی تاقەت پڕوکێنەوە ئەمە تەنیا وەستانێکی کاتی نییە بەڵکو سربوونی هەقیقەتی زانینە لەناو متبوونی بێکرداریدا و گۆڕینی مەعریفەیە لە هێزێکی ڕەهای مانەوە بەرەو پەککەوتنی بەرهەمهێنانی ئەقڵ لەژێر پاساوی بەربەستە بابەتییەکاندا، کە دەبنە هۆکار بۆ کوژانەوەی وزەی کارای کۆمەڵگە لەناو کایەی پەروەردە و هۆشیاریدا.

 

هەرچەندە پشووی ناچاری ئەمجارە لەبەر بارودۆخی ئەو پەرەسەندن و ناسەقامگیرییە دێت، کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و حکومەت ئەم هەنگاوە خۆپارێزییانەی وەک بەرپرسیارێتییەکی حەتمی گرتووەتە بەر بەڵام ناتوانرێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکرێت، کە ئەم پشووە درێژخایەنانە هەمان ئەو برینە ساردانەی بایکۆت لەسەر جەستەی زانست دەکولێننەوە، کە ساڵانێکە کایەی خوێندن و فێربوونی لەم نیشتمانەدا بەرەو هیلاکەت و مەشەققەت بردووە ئەم دۆخەش، کە لەژێر کاریگەری پێشهاتەکاندا دووبارە دەبێتەوە وایکردووە ئەو فەلسەفە فێربوونەی زانینی لە ئامرازێکی ڕووتەوە گۆڕی بۆ مانیفێستێکی وجوودی بۆ مانەوە ئێستا لەنێوان بەرداشی گۆڕانکارییە بونیادییەکاندا ڕووبەڕووی هەرەسێکی ناوەکی ببێتەوە.

 

لێرەدا پێویستە ئاراستەیەکی نوێ بۆ ڕزگارکردنی هەقیقەتی پەروەردە لەم داخرانە گشتگیرە بونیاد بنرێت دۆخێک، کە وەک کۆسپێکی بونیادی ڕەوتی گەشەی مەعریفی پەکخستووە ئەم تێپەڕاندنەش تەنها لە ڕێگەی گۆڕینی فۆرمە باوەکانەوە بۆ بونیادێکی سیستماتیكی سەردەمیانە دێتەدی، کە تێیدا لەپاڵ زامنکردن و تەوزیفکردنی ماف و ئەرکەکان و ڕێزگرتن لەو سەرمەشقە فیکرییانەی لە ئەلفوبێی یەکەمەوە فێری ئەم پەیام و هێما مەعریفییانەیان کردووین، کە ئێستا گوزارشتی لێ دەکەین کار بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی جێگرەوە و ستراتیژییەکی ئەرکداری بکرێت هەرچەندە خوێندنی ئۆنلاین وەک ئامراز بوونی هەیە بەڵام ئەوەی پێویستە بونیادنانی سیستمێکی تەکنەلۆژی توندوتۆڵی پابەندکارە سیستمێک لەناوەڕۆکیدا هەمان ئەو پاندبوون و رێکارە فەرمییانەی نێو پۆل و قوتابخانەکان بگوێزرێتەوە بۆ نێو کایە دیجیتاڵییەکان و چیتر پرۆسەکە بە شێوەیەکی بێسەرووبەر بۆ قەدەرێکی نادیارو وون جێنەهێڵدرێت.

 

هەنگاونان بەرەو بـە دیجیتاڵیکردنی پابەندییە مەعریفییەکان تاقە ڕێگەیە بۆ ئەوەی تا ئەو کاتەی غوباری ئەم جەنگە نەگریسە دەڕەوێتەوە هاوسەنگییەک لەنێوان هەردوو کایەکەدا دروست بکرێت بە جۆرێک  هەم گیانی مامۆستا و قوتابی لە مەترسییەکان بپارێزرێت و هەم پرۆسەی فێربوون وەک پابەندییەکی ڕەهای نیشتمانی لە دەرەوەی ناوەندەکانی خوێندنیش بەردەوام بێت.

 

لەکۆتایشدا پێویستە ئەم ڕاستییە درک پێ بکرێت، کە هەر جۆرە ڕانەمان و ڕادەستبوونێک بە وەستانی کاتی پرۆسەی خوێندن تەنها پشوویەک نییە بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ کوژانەوەی ئەو مۆمەی، کە کۆڵەکە مەعریفییەکانمان لە سەختترین سەردەمەکانی بێ‌ قەوارەییدا بە گەشاوەیی هێشتیانەوە، کاروانێک، کە لە ژێر گوشار و مەینەتییە مێژووییەکاندا نەوەستا ناکرێت ئەمڕۆ لە سایەی فەرمانڕەوایی خۆماڵیدا تووشی سستی و داهێزران  و دابڕان بێت بۆیە زەروورەتە بونیادی نیشتمانی و جەوهەری سەربەخۆیی ببێتە بزوێنەرێک بۆ تێپەڕینێکی مەعریفی و گەشەی ژیری نەک زەمینەیەک بۆ پاشەکشەی فیکری و خولانەوە لە نێوان بژاردەکانی بایکۆت و پشووی درێژخایەندا.

 

چارەسەری ئەم دۆخەش تەنیا لە ڕێگەی بونیادنانی سیستمێکی سەردەمیانەوە دەبێتە هەقیقەتێکی حەتمی، کە تێیدا هەموو پلان و تواناکان بۆ تێپەڕاندنی ئافاتەکانی بایکۆت و پشوو کۆبکرێنەوە تا پرۆسەی خوێندن وەک هێزێکی بێ‌وەستان لە بەرامبەر هەر هەلومەرجێکدا بمێنێتەوە ئەمەش تەنیا وەزیفەیەکی مەجازی نییە بەڵکو پابەندییەکی بۆ ماوەیی و وماکیە بۆ ئەوەی ئەو مەشخەڵەی خانی و نالی و مەحوی و ئەوانی دیکە گەیاندیانە دەستی ئێمە ئێمەش بە ئەمانەتەوە بیگەینینە دەستی نەوەکانی داهاتوو، باچیتر ڕێگە نەدەین تەمی بایکۆت و پشوو ئەو ڕووناکییە خامۆش بکات، کە سەدەها ساڵە شوناسی ئێمەی لە تاریکی پاراستووە.

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×