مرۆڤ لەدوای سەرەتاکانی تەمەنەوە مێشکی توانای هەڵگرتنی یادگاری درێژخایەن پەیدا دەکات، ڕاستە سەرەتای منداڵیمان بە لێڵی دێتە بەرچاو بەڵام لە هەرزەکاری و سەرەتای گەنجییەوە یادگارییەکان دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە ئێمە.
شێوازی دروستبوونی یادگاری لە مێشکی مرۆڤدا سەرنجڕاکێشە، خانەکانی مێشک بە یەکترەوە بەستراونەتەوە و لەگەڵ هەر بیرکردنەوەیەکدا کارەبا لەنێوان ئەم خانانە دەگوازرێتەوە.
یادگاری بریتییە لە شێوازێکی دیاریکراوی ڕۆیشتنی ئەم کارەبایە لەنێوان چەند خانەیەکی دیاریکراوی مێشکدا.
خۆی لە بنەڕەتدا مێشک لە ملیارەها خانە پێکهاتووە کە تریلیۆنەها پەیوەندیان لەگەڵ یەکتر دروستکردووە بەڵام بۆ تێگەیشتنی ئێمە با وای دابنێین مێشک لە 10 خانە پێکهاتووە، ئەم خانانە هەموویان بەیەکترەوە بەستراون و ژمارەیەکی زۆر پەیوەندیان لەگەڵ یەکتر دروستکردووە، کاتێک کەسێک بیر دەکاتەوە کارەبا بەنێو ئەم پەیوەندیانەدا دەڕوات و هەندێ ماددەی کیمیایی یارمەتی گەیاندنی کارەباکان دەدات.
یادگاری بریتییە لە ڕێگایەکی دیاریکراوی نێوان ئەم پەیوەندیانە.
ئەم پەیوەندیانەی کە بوونیان هەیە ڕیزبەندی جیاوازی ڕۆیشتنی کارەبا بەنێویاندا بیرکردنەوەی جیاوازمان پێ دەبەخشێت.
کاتێک چەند جارێک بیر لە شتێک دەکەیتەوە یان بە شتێک کاریگەر دەبیت و هەستت لەگەڵی دەجوڵێت هەندێ پەیوەندی دیاریکراوی نێوان خانەکانی مێشکت ئەستورتر و بەهێزتر دەبن، بۆ جارەکانی تر ئاسانتر کارەبایان بەنێودا دەڕوات.
لەبەر ئەمەشە دەکرێت بە شتێکی جیاواز مێشکت یادگارییەکی کۆنی بیر بکەوێتەوە چونکە ڕەنگە ئەو پەیوەندییە کارەباییە نوێیە هاوشێوە یان نزیکی پەیوەندییەکانی یادگارییە کۆنەکەت بێت.
شتە سەیرەکە لێرەوە دەستپێدەکات، مێشک ئامێرێکی کارەبایی بێ خەوش نییە هەموو جارێک بە شێوەیەکی نموونەیی کارەبا لەنێوان پەیوەندییە کۆنەکانی خانەکانی مێشک تێپەڕێنێت.
زانست پێمان دەڵێت هەرجارێک بیر لە هەمان یادگاری بکەیتەوە کەمێک دەیگۆڕیت!
لەگەڵ یادکردنەوە هەرجارێک پەیوەندی نێوان خانەکانی مێشکی تایبەت بەو یادگارییە کەمێک دەگۆڕێت بە جۆرێک ئەگەر دوو کەس هەمان ڕووداو ببینن دوای 10 ساڵ بە شێوەیەکی جیاواز دەیگێڕنەوە، هەیە هەندێ شت دەپەڕێنێ و هەیە هەندێ شت بۆ یادگارییەکەی زیاد دەکات بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت.
مێشک هەمیشە لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی خۆی و پەیوەندی نێوان خانەکانیدایە و مرۆڤ ڕۆژانە داتای زۆر وەردەگرێت کە مێشک ناتوانێت هەمووی بۆ هەمیشە هەڵبگرێت لەبەر ئەوەش ناچارە ڕۆژانە تەنیا هەندێکی بهێڵێتەوە و ئەوانی تر فڕێ بدات.
دوو ڕێگای کاریگەری هێشتنەوەی یادگاری بریتین لە (دووبارەکردنەوە) و (هەستەکان).
کاتێک خوێندکارێک وانەکانی خۆی دووبارە دەکاتەوە لەگەڵ هەر دووبارەکردنەوەیەک ئەو پەیوەندییە لە نێوان خانەکانی مێشکی بەهێزتر دەکات کە تایبەتە بەو وانەیە.
کاتێک ئەو پەیوەندییە بەهێز بوو دەمێنێتەوە و لەدوای ئەوەوە خوێندکارەکە ئەو زانیارییەی بیر دەمێنێت.
کاتێک قسەیەکی ناخۆش دەبیستیت یان کاتێک بۆ یەکەمجار شتێک دەکەیت و دڵت زۆر پێی خۆشە مێشکت بەهۆی ئەم هەستانەوە پەیوەندیی تایبەت بەم ڕووداوانە بەهێز دەکات.
لەکاتی جوڵاندنی هەستی ترس و سۆزی زۆر و هەستەکانی تر ئەو هۆڕمۆنانەی لە ئەنجامدا دەردەدرێن دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندی تایبەت بەم داتایانە لە مێشکدا.
ڕاستە ئەم میکانیزمە ورد و ڕێکخراوە بەڵام بەتەواوی جێی ئومێد نییە!
چونکە گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی تایبەت بە هەر یادگارییەک حەتمییە.
تا ئێستا ئەوە تێگەیشتین کە بیرکردنەوە تەنیا جوڵەی کارەبا و جوڵەی هەندێ ماددەی کیمیاییە لەنێوان ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان خانەکانی مێشکمان هەن و کاتێک پەیوەندییەک دووبارە دەکەیتەوە بەهێزتر دەبێت یان کاتێک هەستەکان بە شتێک دەبزوێن پەیوەندی تایبەت بەو شتە لە مێشکدا بەهێزتر دەبێت.
ئەگەر یادگارییەکیش بهێنیتەوە یادی خۆت جار بە جار دەیگۆڕیت و ئەگەر مێشکت بزانێت پەیوەندییەک هیچ گرینگییەکی نییە فڕێی دەدات و دەیپوکێنێتەوە بەپێی کات.
واتە ئەگەر یادگارییەک زۆر بهێنیتەوە یادی خۆت دەیشێوێنیت و ئەگەر هیچ بیری لێ نەکەیتەوە لاوازی دەکەیت و لەناوی دەبەیت!
لێرەوە چەند پرسیارێک دروست دەبێت.
ئایا ناتوانین بە زانینی ئەمانە کۆنترۆڵی بیرکردنەوەی ئێستا و یادگارییەکانی ڕابردوو بکەین؟
ناتوانین لە مێشکماندا تەنیا ئەو پەیوەندییانە بەهێز بکەین کە دەمانەوێت؟
ناتوانین خۆمان پەیوەندی نوێ دروستبکەین کە لە ئەسڵدا ڕاستی نەبن بەڵام بەدڵی ئێمە بن؟
ناتوانین ئەو پەیوەندییانە لاواز بکەین کە دڵتەنگمان دەکەن؟
ئەگەر تاکە شوێنەواری زۆربەی ڕووداوەکانی ڕابردوو تەنیا لە مێشکی خۆماندا بێت و ئێمەش بتوانین گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی مێشکماندا بکەین، ئەوکات چۆن بزانین "ڕابردوو وەهمە یان ڕاستی؟"