ڕەوتی ڕاستو چەپی فیکری سیاسی کوردی
هونەر تۆفیق
2020-07-03   1542
بەشی یەکەم
دابەشبوونی بۆچوونە سیاسیەکان لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، بەر لەوەی دابەشبوونی بەرژەوەندیەکانی حیزبو کەس بێت، لەڕیشەیەکی مێژووییەوە سەرهەڵدەداتو سەرچاوە دەگرێت.
لەڕەچەڵەکدا هەموو جیاوازیەکان دەچنەوە سەر دوو بەرەی ڕاستڕەو و چەپڕەوی فیکری سیاسی.
بۆئەوەی ئێمە لەچۆنیەتی دروستبوونی ڕاستو چەپی فیکری سیاسی کوردی تێبگەین، هۆکاری جیاوازیە سیاسیەکانی ئێستای پێ بخوێنینەوە، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی فیکری ڕاستڕەو و چەپڕەو. چونکە هەتا ئێستە پێمانوایە هەموو چەپێک دەکاتە کۆمۆنسیتەکانو هەموو ڕاستێکیش مانای ناسیونالیستەکان دەکات! کە لەڕاستیدا دابەشبوونەکە بەو جۆرە نیە.
سەرەتای دروستبوونی دەستەواژەی ڕاست و چەپی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆرشی فەرەنسی 1789. فەرەنسیەکان دابەشببوون بەسەر دوو بەرەدا . یەکێکیان پێ ی وابوو دەبێت پادشای فەرەنسە لویسی شانزەهەم لە دەستەڵاتدا بمێنێتەوە و حوکمداری وڵات سیستەمی پادشایەتی بێت ، ئەم بۆچوونە لەلایەن دەرەبەگ و سەرکردەکانی سوپا و پیاوانی ئایینەوە پشتیوانی لێدەکرا و لەکاتی کۆبوونەوەکانی کۆشکی تویلێریدا ، کەوتبوونە لای ڕاستی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانەوە.
ڕایەکی دیکەش هەبوو ، کەنابێت سیستەمی پادشایەتی بمێنێت ، دەبێت فەرەنسا بکرێت بەکۆمارێکی جەماوەری و مافی هەژار و کرێکار و جوتیارانی تیادا دەستەبەرکرابێت .ئەم بۆچوونە لەلایەن شۆڕشگێڕەکان و ڕۆشنبیرانەوە پشتیوانی لێدەکرا . لەکاتی کۆبوونەوەکاندا کەوتبوونە لای چەپی سەرۆکی ئەنجومەنەکەی تویلێری یەوە. لەوێوە هەردوو ڕەوتەکە ڕاستڕەو و چەپڕەو ، وەک زاراوەکی سیاسی و فیکری دروستبوو.
بەرەی لای ڕاست، چەپەکانیان بەهاندەری هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی پادشایەتی فەرەنسی تاوانباردەکرد. لەبەر ئەوەی بەرەی چەپ داوای نەهێشتنی دەستتێوەردانی کڵێسای لەسیاسەت و دەستەڵات دەکرد، پیاوەئاینیەکانی بەرەی ڕاست بەکافرو خەڵکی دژە ئایین و دابونەریت تۆمەتباریان دەکردن . عەسکەرەکانیش لەلای ڕاستەوە هێرشی توندیان دەکردە سەر چەپەکان چونکە بەنەمانی دەستەڵاتی پادشایەتی ، پێگە و پلەوپایە سەربازیەکانیان نەدەما، چەپەکانیان بەتێکدەرو روخێنەری فەرەنسا تاوانبار دەکرد.
ئەو تۆمەتو تاوانبارکردنانە لەلایەن بەرەی ڕاستەوە لەدژی بەرەی چەپ هەتا ئەمڕۆ لەهەموو کۆمەڵگە سیاسیەکاندا بەردەوامە.
چەپەکان (سۆسیالیست، ژینگە پارێز، مارکسیەکان، ئەوانەی داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی و مافی مرۆڤ دەکەن، ئەوانەی بڕوایان وایە بە شۆرش گۆڕانکاری دەکرێت) بڕوایان بەدەستەڵاتی ڕەها و پادشایەتی و خێڵی سیاسی نیە، دەیانەوێت ئایین و دەوڵەت لەیەکتر جودابن. ئەم خواستانەی چەپەکان هەمیشە توشی بەرەنگاربوونەوەیان دەکاتەوە لەبەرامبەر ڕاستڕەوەکاندا. چونکە ڕاستڕەوەکان دەستەڵات بەلایانەوە شکۆی خۆی هەیەو نابێت پرسە چینایەتیو کۆمەڵایەتیەکان تێکەڵاوی پرسی دەوڵەت و دەستەڵات بکرێت، لەبەر ئەوەی دەستەڵات و دەوڵەت قەوارەیەکی پیرۆزن و هێنانە ناو باسی کۆمەڵایەتی و چینایەتیەوە، پیرۆزیەکەی دەشکێنرێت.
ماویەتی ....