بۆ ئەنجومەنی فەتوا، بیرخستنەوەیەکی مێژویی!

هونەر تۆفیق
  2020-03-03     1185
لەناوەڕاستی سەدەی چواردەهەمدا، بەهۆی پەتای تاعونەوە کە پێیان گوتووە مەرگی ڕەش، تەنیا لەنێوان ساڵانی ١٣٤٧ - ١٣٥٠، نزیکەی لەسەدا شەستی ئەوروپیەکان دەکوژێت. ئەوروپا ژمارەی دانیشتوانەکەی لەو سەردەمەدا پەنجا ملیۆن کەس بووە، تەنیا پانزدە ملیۆن کەسی لێ دەمێنێتەوە.

ڕۆڵی کڵێسا لەو سەردەمەدا هۆکاری بڵاوبونەوەی ڤیرۆسی تاعونەکە بووە. چونکە ئەو پەتایە لەدیدی کڵێساوە تاقیکردنەوەی یەزدان بووە بۆ مرۆڤ. لەبەر زۆری خەتاکانی مرۆڤ خواوەند سزای ئەوکەسانە ئەدات کە تاوانبارن. پێیان وابووە کڵێساو راهیبەکانی مرۆڤی پاکن و بەر ئەو سزایەی خواوەند ناکەون. لەهەمانکاتدا بڕێکی زۆر لەچەکی غوفرانیان بەخەڵک فرۆشتەوە تا پێ ی بچنە بەهەشت.

بەڵام کڵێسا درەنگ پێی زانی کە زیانی پەتاکە خۆشیانی گرتۆتەوە. بەهۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لەقەشەو راهیبەکانەوە، زۆربەی کڵێساکانی شارو گوندەکانی ئەوروپا بەبێ قەشە مانەوە. متمانەی خەڵکیش بەکڵێسا کەمبوەوە کە ئاسەواری ئەو متمانە شکاندنەی لەو سەردەمەدا ڕویدا درێژبوەوە بۆ دروستبونی ئەم سەردەمەی بیرکردنەوە لەئینسانی ئەوروپیدا، سەرەتای دابڕانی ئینسان و کڵێسابوو، لەو هەڵەیەی پاپاکانی ئەو سەردەمەدا، لەناحاڵی بوونیان بۆ پەتاکەو فەتوادانیان بەوەی کڵێسا پیرۆزەو تاعون ناتوانێت پیسی بکات، هەم خۆیان و هەم خەڵکەکەشیان بەکوشتدا.

خوانەکردە ئەگەر پێش بەبڵاوبونەوەی ڤیرۆسی کورۆناش نەگیرێت بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە کۆبونەوەو قەرەباڵەغی خەڵکی تیادا ئەنجامدەدەرێت، مەلاکانمان، وتارخوێنەکانی مزگەوتەکانیش ڤیروسەکە لێیان ئەدات. ئەوکاتە وەک کڵێسا پێویستان بەسەدەیەک دەبێت تا نەوەیەکی تر لەوتارخوێن بۆ مزگەوتەکان بەرهەمبهێننەوە، رەنگە ئەو کاتەش نەتوانرێت شوێنیان پڕ بکرێتەوە بەهۆی دابڕانی ئینسان لەمزگەوت، وەک ئەو دابرانەی لەنێوان ئینسان‌و کلێسا لەئەوروپادا ڕویدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×