ئایا ئازادی مافە؟ یان ماف ئازادییە؟

هونەر تۆفیق
  2021-02-19     1063
ماف (حقوق) پێوەرێکی ڕەهایە لەحەقەوە سەرچاوە دەگرێت. گەرچی حەق بەڕەهایی لای هیچ کەس و هیچ بیرکردنەوەو هیچ بوونەوەرێک نییە. بەڵام وەک بوون و سروشت و گەردوون، حەقیقەت حاڵەتێکی ڕێژەنەگۆڕی هەموو زەمان و مەکانێکە. کۆکردنەوەی دوو ژمارە دوو لەهەر زروف و دۆخێکدابێت هەر دەکاتە حەقیقەتێک کە ژمارە چوارە. ئەو حەقیقەتەیە کە بۆتە سەرچاوەی ماف ( حقوق).

لەهەر دۆخ و شوێنێکدابێت مرۆڤ مافی قسەکردنی هەیە. مافی ژیان و فێربوون و زانینی هەیە. مافی داکۆکی کردنی لەبوون و کیان و مانەوەی خۆی هەیە. مافیش وەک بەشێک لەحەق و حەقیقەتی مرۆڤبوون پێوەرە بۆ ئازادی مرۆڤ.

تا ماف وەک پێوەری ئازادی بەهەند وەرنەگیرێت، ئازادی هیچ مانایەکی نابێت. چونکە ئازادی بەبێ ماف مەرجداردەبێت بەو کۆت و بەندانەی دەستەڵاتدار دیاری دەکات. 

دەستەڵات لەهەرێمی کوردستاندا بەردەوام باسی داکۆکیکردن لەئازادی دەکات. بەڵام ئەو ئازادیانەی دەستەڵاتی کوردایەتی بەمەرجەکانی خۆی دیاریکردووە کەمترین ماف (حقوق)ی مرۆڤی لەپشت نیە. 

مافی قسەکردن و ڕەخنەگرتن، مافی کارکردن و لەبەرانبەردا پاداشتی کار (موچە) وەرگرتن نیە. مافی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بەمرۆڤ لەوپەڕی خراپیدایە. مافی پاراستنی کۆمەڵگە لەلایەن دەستەڵاتەوە (سەروەری نیشتمانی) بوونی نیە لەهەموو لایەکەوە کۆمەڵگە لەلایەن هێزی دەرەکیەوە بەڕەزامەندی دەستەڵات خەرقکراوە. نەبوونی ئەم مافانە پرسی ئازادی بێ ماناکردووە. لەناو فەزایەکی قەیراناوی و بێ مافی وەک هەرێمی کوردستاندا، داکۆکیکردن لە ئازادی وەک ئەو مردووە وایە، بەدیاریەوە دانیشتبیت و باسی ژیانی بۆ بکەیت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×