عێراقچیەتی لە ٣١ ئاب-دا
هونەر تۆفیق
2019-08-30   1709
لەزمانی سەرۆکی دەزگای موخابەراتی عێراقی سەردەمی سەدام حسێنەوە (فەریق تاهیر خەلیل حەبوش)ەوە، دەگێڕێتەوە ، مەسعود بارزانی پێی گوتم دوجار هەستمکردووە کەمن عێراقیم. جارێکیان لە ٣١ ی ئابدا کە سوپای عێراق هەولێری بۆ گرتمەوە. جاری دووەمیش کە لەساڵی ٢٠٠٠ دا لە ناوچەی شێخان لەسەر بازگەیەکی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا خەریک بو کێشە دروستببێت، بەڵام سەدام بەحەبوشدا جوابی بۆ بازرانی ناردووە لەبەر خاتری ئەو فەرمانی کردووە بازگەکەی سوپای عێراق بکشێنە دواوە.
بەخشینەوەی تۆمەتی عێراقچیەتی لەلایەن ئەو ڕەوتەی تەبەنی ڕێبازی کوردایەتی دەکاتو پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگی دەکات، جۆرێکە تەخوینکردن لە هەرێمی کوردستاندا. بەڵام کۆی ڕەوتە بەهۆی سوپای عێراقو عێراقچیەتیەوە لە ٣١ ئابی ١٩٩٦دا دەستەڵاتیان گرتە دەست.
لەدوای ٣١ ی ئابەوە تا ئەمڕۆ، ئەوەی نەمانگوتووەو نایڵێین، هەڵوێستی سوپای کورد (پێشمەرگە)یە لەکایە سیاسیەکانی کوردستاندا. پێشمەرگە کە هێزێکی چەکدار، ئەرتەشێک سەرباز، سوپایەکی کوردییە بەمانا عەسکەریەکەی، لەمێژووی نوێ ی کوردستاندا بڕبڕەی پشتی سیاسەتو بکەرە کاریگەرەکانی بون. ئەو هێزەی کە سیاسەتی کوردی لەسەر بیناکراوە، هیچ کاتێک هەڵوێستی سیاسی تایبەت بەخۆی نەبووە . هەمیشە سیاسیەکان بزواندویانەو ئاڕاستەیان کردووە. زیاتر لە نیوسەدەیە ئەم سوپا کوردیە پارێزەری حیزب و سیاسیە کوردیەکانە، نەیتوانیووە خۆی ڕایەکی سیاسی هەبێت، بیرێک لەخۆی بکاتەوەو لەخۆی بپرسێت لەکوێ ی کۆمەڵگە و مێژوو و سیاسەتی کوردیدایە؟!
سوپا لەبەر ئەوەی شەرەفی سەربازی تایبەت بەخۆی هەیە، زۆرجار ڕویداوە بە(بەڵی یان نەخێر) ەکانی ئەوان، پرسی سیاسی یەکلاکراوەتەوە.
فەریق محەمەد جەشعەمی دەگێڕیتەوە لەشەڕی شەلەمچەدا کوشتارێکی زۆرهەبوو لەنێوان ئێمەو ئێرانیەکاندا. لەپێناو کۆکردنەوەی جەنازەکانی نێوانیماندا لەگەڵ هێزە ئێرانیەکەی بەرانبەرمدا ڕێکەوتم هودنەیەکی سێ رۆژی بکەین. کاتێک سەدام ئەمەی بیست ناردی بەشوێنمدا، دڵنیابووم کە دەمکوژێت. لێی پرسیم چۆن سەربەخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی هودنەت لەگەڵ ئێرانیەکاندا کرد ؟ دەڵێت منیش پێمگوت: من پیاوی سوپام و شەرەفی سەربازیم هەیە، جەنازەی سەربازەکانم دەبینم لەبەردەم سەنگەرەکاندا کەوتون، چۆن دەتوانم بجەنگم کاتێک بەردەمم هەمووی ئەو کوڕە کوژراوانەبێت کە رۆڵەی خۆمن. غیرەتی سەربازیم پێم دەڵێت دەبێت ئەو جەنازانە بەڕێزەوە کۆبکەیتەوە بۆ ئەوەی بەخاکیان بسپێرن.
لەزۆربەی ڕوداوو جەنگەکانی کورددا، سوپا لەبکەرێکی فەرمانپێکراو و جێبەجێکاری ئەمری سیاسیەکان هیچ هەڵوێستێکی تری نەبووە.
ئەرکی سەرەکی سوپا، شەرەفی پاراستنی خەڵکو خاکو بەرژەوەندیەکانی هەردووکیانە. لەهەندێ ڕوداودا، ٣١ ئاب بەنمونە، سوپای کوردی شانبەشانی سوپا نەیارەکەی خۆی دژ بەو بەرژەوەندیانە دەجەنگێت کە سوپاکەی لەپێناودا دروست بووە. رۆژێک لەڕۆژان بەبریاردەرە سیاسیەکانی نەگوتووە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکو خاکدا، ئامادەنیم فەرمانەکەت جێبەجێ بکەم.
دەبوو وەک پرەنسیبی سەربازی کە سوپا هەیبەتی دەوڵەتە، تەنیا ئەرکی سەرەکی سوپا پاراستنی خەڵکو خاک بایە، بەڵام سوپاکەی هەرێم بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن ئەرکە سەرەکیەکەیان بووە بە پاراستنی سیاسیەکانی کوردستانو لەپرەنسیبدا جێبەجێکاری فەرمانەکانی ئەوانن. بۆیە لەپاش ٢٣ ساڵ، هێشتاکە دەرگای ٣١ی ئاب دانەخراوەو چەندبارە بوونەوەی (لەشەنگالو لەهێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەرهەرێم) لەسیاسەتی کوردیدا هێشتا بەردەوامە.