قەرزەکان کازمی دەڕوخێنێت یان بەرهەم؟
هونەر تۆفیق
2020-10-30   1093
ساڵی ئاییندە 2021 ئەگەر بۆ عێراق قەیران بێت بۆ هەرێم دەبێتە کارەسات.
لەئێستادا جگە لەوەی عێراق دراوی یەدەکی نزیکە لەسفر، کورتهێنانی بوجەی پەسەندکراوی بەو گوژمە قەرزانە پڕ دەکاتەوە کە لە پارلەمانەوە ڕەزامەندی مەرجداری پێدەدرێت.
مەرجی کوتلەکانی پارلەمان بەپێی حیزبەکانی پشت کوتلەکان لادانی سەرۆکی ئەو دەستەڵاتانەن کەبەتەوافوقی سیاسی بەو پلەوپایە گەیشتوون. حەلبوسی سەرۆکی پارلەمان لەگەڵ یەکەم گوژمە قەرزدا کورسیەکەی کەوتە لەرزەو تا سەری ساڵ پرسی لادانی لەسەرۆکایەتی پارلەمان یەکلادەبێتەوە.
ساڵی ئاییندە ئەگەر نرخی نەوت بەموعجیزەیەک نەگات بەبەرمیلی 100 دۆلار، هەر لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە، بودجەی عێراق بەتەقەشوفەوە کورتهێنانی زۆر دەبێت کە بەقەرزی گەورە نەبێت پڕ ناکرێتەوە.
ئەو قەیرانە عێراقیە بۆ هەرێم دووجار کارەساتە. لەلایەک چونکە بەهۆی نەبوونی دراوی یەدەکەوە بانکی ناوەند ناتوانێت پشتیوانی لەدینار بکات و نرخی دینار دابەزینی زۆر بەخۆوە دەبینێت، لەلایەکی ترەوە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنی مانگانەی 320 ملیارد دینار بۆ هەرێم تا کۆتایی ساڵی 2020 بەردەوامە، لەو قەیرانە عێراقیە چاوەروانکراوەدا پێناچێت بۆ ساڵی ئاییندە بەغدا بتوانێت لەنەبونی بودجەدا ئەو بڕەپارەیە بدات بەهەرێم.
ناکۆکی داهاتوی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر بودجەو ئەو قەرزانەی پارلەمانی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەدات پێگە سیادیەکانی کورد دەخاتە نێو کێشەی سیاسیەوە.
ئەم دوو گوژمە قەرزەی ئێستا چۆن حەلبوسی لەکورسیەکەی دوردەخاتەوە، گوژمە قەرزی داهاتوو ئەو مەرجە سیاسیە دەبێت کە کوتلەکانی پارلەمان سازشی لەسەر لادانی سەرۆک کۆمار پێدەکەن.
هەولێریش هەتا ئێستا دەرگای ئاشتبونەوەی بۆ د. بەرهەم نەکردۆتەوە، بۆیە لەو دۆخە چاوەڕوانکراوەشدا هیچ پشتیوانیەکی لێناکات.