بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
هونەر تۆفیق
2019-07-01   1413
بەشی یەکەم
سەدەیەک لەنێوان کۆکس و برێمەردا
لەناوەڕاستی ١٩١٨ دا، بەریتانیەکان بەتەواوی عوسمانیەکانیان لەمیزۆپۆتامیا (عێراقی ئێستا) کردە دەرەوە. لەسەر پێشنیاری ئارنۆڵد ویڵسن ناوی ئەو سێ ویلایەتە عوسمانیە داگیرکراوە (موسڵ، بەغدا، بەسرە)یان لەمیزۆپۆتامیاوە گۆڕی بۆ ناوێکی عەرەبی کە عێراقی ئێستایە.
کۆکس بەڕاوێژەکانی میسس دیترۆت بێڵ، پێشنیاریان بۆ تاجی بەریتانی کرد لەناو ئەو بنەماڵە (سەید، شەریف، شێخ)ە دەسترۆیشتوانەی ناوچەکەدا کەسایەتیەک بدۆزنەوە، بیکەن بەپادشای عێراق کە جێگای ڕەزامەندی هەم نەتەوە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیا - عێراق بێت و هەم بەریتانیەکانیش متمانەی پێ بکەن. بۆ ئەوەی چارەسەری ڕاپەڕینەکانی گەلانی عێراقی پێ بکەن کە بەشۆرشی بیست ناسراوە لەدژی داگیرکاری بەریتانیەکان بەرپاببو.
کۆکس وەک عەرابی یەکەمی دروستکردنی عێراق، بەم نەخشە و شێوە سیاسیەی ئێستاوە، پایە سەرەکیەکانی دەوڵەتی دامەزراند، هەر لە دروستکردنی سوپا و پۆلیس و دادگا و خوێندنگەوە تا سیستەمی سیاسی پەرلەمانی پادشایەتی.
بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیە هۆزایەتی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی ناو ئەو دەوڵەتە تازەیەش ، جۆرێک لە دەستەڵاتی (محاصصە)فرەبەشی بەسەر سەرۆک هۆز و بنەماڵە ئایینی و شێخ و سەیدەکاندا دابەشکرد . هەروەها ئەفسەر( کەلە سوپای عوسمانیەکان هەڵگەڕابوونەوە ) و رۆشنبیرە قەومیەکانی دەوری شا فەیسەڵی کوڕی حسەینی شەریفی مەککەی دەرکراو لەلایەن ئالسعودەوە ، کۆکردەوە کە بەهۆی بەشداریان لە هەیکەلە ئیداری و سەربازیەکانی عوسمانیەکاندا شارەزایی دەوڵەتداریان هەبوو ، کۆکس لەو تێکەڵەیە حکومەت و نیزامە سیاسیەکەی عێراقی پێکهێنا .
نزیکەی سەدەیەک لەپاش پێرسی کۆکس ، لە ٢٠٠٣ دا ئەمریکا ، عێراقی داگیرکردەوە . حاکمێکی بە سەر مەدەنی و بە پێ عەسکەری (چونکە تا لە عێراق بوو بە پۆستاڵی سەربازی و پۆشاکی مەدەنیەوە مایەوە )بۆ عێراقیەکان نارد کە ئەویش پۆڵ بریمەربوو . برێمەر لەیەکەم هەنگاودا هەموو میراتە ئیداریەکەی کۆکسی هەڵوەشاندەوە بە سوپا و پۆلیسیشەوە . بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری و ئەمنی گەورەی لەناو عێراقدا دروستکرد کە تا ئێستاش پڕ نەکراوەتەوە . لەهەمان ئەو بنەماڵانەی سەدەیەک پێشتر کۆکس حکومەتی لێ پێکهێنان ، بریمەر مەجلیسی حوکمی لێ دروستکردن . لەو ٢٥ ئەندامەی مەجلیسی حوکمەکەی برێمەر ، ١٣یان عەرەبی بنەماڵەی سیاسی ساداتی شیعەبوون ، ٥ یان نوێنەرانی شێخە عەرەبە سونەکان بوون . ٥ یان کوردی نوێنەری هەم ئایینی و هەم بنەماڵەی سیاسی کوردەکان بوون . یەک مەسیحی و یەک تورکمانیش .
لەپاش ١٦ ساڵ لە دروستکردنی ئەو پێکهاتەیەی برێمەر لە مەجلیسی حوکمدا هێشتاکە ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان ، بە ئاڵۆزی و بێ چارەسەر ماوەتەوە .
عێراقی مەجلیسی حوکم لەسەر دەستی برێمەردا بوو بە عێراقی ئەو بنەماڵە سیاسیانەی لە مەجلیسەکەدا بەشداربوون . کە نەیانتوانی نە پێکەوە عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکراسی دروست بکەن ، نە ژیانێکی شایستەش بۆ خەڵکەکەی ناوچەکانیان دابین بکەن . ئەو بنەماڵانەی لە سەرەتای دروستبوونی ئێراقەوە ، سەدەیەکە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ( بە دەستەڵاتداریەوەبێت یان بە ئۆپۆزسیۆن بوون ) لە ناکۆکی و ململانی ی کوشندەدان کە گەلانی عێراقی پێوە گیرۆدەبووە .
ماویەتی ...