بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق

هونەر تۆفیق
  2019-07-08     1573

بەشی سێهەم : نەوەکانی ڕوشدیە
لەسەردەمی خەلافەتی سوڵتان عەبدولحەمید ١٨٧٦-١٩٠٩دا ، کۆمەڵێک ڕیفۆرم لەیەکەئیداریەکانی سەڵتەنەت و ویلایەتەکانیدا کرا. ریفۆرمەکە بەهاوکاری ئەڵمانەکان بوو لە چەندین کایەدا . لەوانە ڕیفۆرمی ئابووری، پەروەردەیی، پیشەسازی و سەربازی بوون. 

چەندین خوێندنگەی ڕوشدیەی سەرەتایی لەشارە گەورەکانی ویلایەتەکاندا کرانەوە . نوێنەرایەتی حیزبی ئیتحادو تەرەقیش لە زۆربەی شارەکانی سەڵتەنەتداکرایەوە کە حیزبێک بوو لەژێرکاریگەری فەلسەفەی ئەڵمانیدابوو بۆ دەوڵەت و بیسمارکیانە لەپرۆسەی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەییان دەڕوانی. دامەزرێنەرەکانی ئیحاد و تەرەقی زۆربەیان خوێندکاربوون لەئەڵمانیاو سەرسامبوون بەدیدی ئەڵمانی بۆ دەوڵەت.

لەهەردوو ویلایەتی بەغداو موسڵدا هاوکات بە خوێندنگە ڕوشدیەی سەرەتایی، دوو خوێندنگەی ئامادەیی سەربازی کرانەوە بەناوی ڕوشدیەی سەربازی. یەکێکیان لەبەغدا ١٨٧٠ و ئەویتریان لە سلێمانی ١٨٩٣ بوو. مەدحەت پاشای والی بەغدا بەپشتیوانی ڕاستەخۆی سوڵتان سەرپەرشتی ئەو ڕوشدیە سەربازیانەی دەکرد. دەرچووەکانی لەئەکادیمیای ڕوشدیەی بەغدا وەردەگیران کە لەساڵی ١٨٧٨ دا بۆ پێگەیاندنی ئەفسەر دامەزرابوو. لەدوای ئەوەی ئەکادیمیای ڕوشدیەی سەربازی بەغدایان تەواودەکرد، ئەفسەرکان دەنێردران بۆ کۆلیژی حەربی ئەستەنبوڵ. لەپاش کۆلیژی حەربی زۆرێک لەو ئەفسەرانە دەنێردران بۆ ئەڵمانیا درێژە بەخوێندنی سەربازی بدەن، تا فێری زانستەکانی سەربازی و شارەزای ستراتیژیەکانی جەنگ بن. پاشان لە جومگە سەربازی یان ئیداریە گرنگەکانی سەڵتەنەتدا دادەمەزران.

خوێندکارەکانی ویلایەتەکانی بەغدا و موسڵ ، ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ ئەفسەریان لەو خوێندنگە سەربازیانەوە دەردەچوون. ویلایەتی بەسرە کەمترین خوێندکاری بەشداری لە ڕوشدیە سەرەتایی و سەربازیەکاندا هەبوو، لەبەر ئەوەی حەوزەی ئایینی لە نەجەف تەحریمی خوێندنی لەهەر خوێندنگەیەکدا دەکرد، جگە لە خوێندنگەکانی حەوزە خۆی نەبێت . تا پاش دروست بوونی دەوڵەتی عێراقیش ١٩٢١، حەوزە هەر خەڵکی هاندەدا نەچنە خوێندنگەکانی سەر بەدەوڵەت و بەپەروەردەی کوفری دەزانی، بۆیە لەکاتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا، کەمترین ئەفسەری شیعە مەزهەب لەدروستبوونی سوپای نوێ ی عێراقدا هەبوون.

نەوە سەرەکیەکانی روشدیە سەربازیەکانی بەغدا و موسڵ ، لەناو سوپای تورکیادا رۆڵ و پێگەی هەستیاریان هەبوو، هەندێکیان بوونە حاشیەی نزیک لە سوڵتان خۆی، وەک عەبدولموحسن سەعدون کە دواتر بوو بەسەرۆک وەزیرانی عێراق. لەو ئەفسەرانەی پاشتر لەگەڵ ئەشراف و ساداتەکاندا لە سەڵتەنەت هەڵگەڕانەوە و دایانە پاڵ بەریتانیەکان و دەوڵەتی عێراقیان دروست کرد : نوری سەعید ، جەعفەر عەسکەری، یاسین هاشمی، مەولود موخلیس ،جەمیل مەدفەعی، بەکر سدقی، ڕەشید عالی گەیلانی، سەڵاحەدین سەباغ، کامیل شەبیب.. هتد. لەکوردیشدا کە دواتر رۆڵیان لەحکومەتەکانی عێراقدا هەبوو . تۆفیق وەهبی و محەمەد ئەمین زەکی بەگ و جەمال بابان ...هتد، لەنەوەی روشدیەی عەسکەری عوسمانیەکان بوون کە دواتر بوونە یەکەمین دەستەی دامەزرێنەری وەزارەتەکانی دەوڵەتی نوێ ی عێراق.
ماویەتی..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×