ڕەوتی ڕاست‌و چەپی فیکری سیاسی کوردی

هونەر تۆفیق
  2020-07-06     1058
بەشی دووەم 
پێش پەیدابوونی ڕەوتی ڕاست و چەپ لە سەردەمی شۆرشی فەرەنسیدا ، ڕەوتی لیبیریاڵ و عیلمانیەکان بۆداواکاری گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی پەیداببوون . چەندین فەیلەسوفی فەرەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی وەک مۆنتیسکۆ و رۆسۆ و ڤۆڵتێر ، هیۆم و لۆک ، تیئۆریزەی چۆنیەتی دابەشکردنی دەستەڵاتیان کردبوو . لیبریاڵ و عیلمانیەکان داوای جیاکردنەوەی ئایینیان لە دەوڵەت دەکرد و دەیانگوت دەبێت سیستەمی پادشایەتی ڕەها و دەستەڵاتی مەلیکی ئیلاهی ، چاکسازی و گۆڕانکاری تیادابکرێت . فیوداڵ و باڕۆنەکان ، جوتیارەکانیان وەک کۆیلە دەڕەتانەوە ، کڵێساش پشتیوانی لەو جۆرە دەستەڵاتەدەکرد و پیرۆزی کردبوون .  

لەپاش شۆرشی فەرەنسیەوە ، کارڵ مارکس 1818-1883 بەتەواوی ڕاست و چەپی لەیەک جیاکردەوە . لەبەر ئەوەی چەپەکان بەپێ ی تیئۆرەکانی مارکس بۆ چۆنیەتی گۆڕانکاری لە سیستەمی دەستەڵات و ئابووریدا خۆیان لە ئایدیۆلۆژیەکەی ئەودا ڕێکخستبوو،  بەرەیەکی توندیان لەدژی ڕاستڕەوەکان کردەوە ، مانیفێستی کرێکارانی جیهان یەکگرن لە دژی حوکمی ڕاستڕەوەکان کرایە دروشمی کۆمۆنیستەکان ، دروشمەکەیان جیهانگیربوو . 

هاوکات بەو  گۆڕانکاریانەی مارکس بەسەر چەپبووندا هێنابووی ، لەپاش شۆرشی فەرەنسیەوە گۆڕانکاریش بەسەر ڕاستڕەوەکاندا هاتبوو . شۆرشی پیشەسازی دەستی پێکردبوو .  سەرمایەداری ( بۆرجواز) و چینی کرێکار ( پرۆلیتاریا) پەیداببوون . خاوەن سەرمایەکان لەپێش شۆرشەکەدا لەپاڵ چەپڕەوە لیبریاڵ و عیلمانیەکاندابوون . بەڵام دوایی شۆرش بوون بە بەشێک لەدەستەڵات ، دایانە پاڵ ڕاستڕەوەکان و مارکس زۆر بەتوندی لەدژیان وەستایەوە و زۆرترین ڕووبەری چۆنیەتی گۆڕانکاری لەدژی ئەوان ( سەرمایەداری ) تەرخانکرد . هانی کرێکارانی دا لەدژیان ڕاپەڕین بکەن . 

ڕاستڕەوەکان لە پاش مارکس ، بەهانەیەکی تریان بۆ دروستبوو لەدژی چەپرەوەکان بەکاریبهێنن ، ئەوەیش کافراندنی چەپەکان بوو ، گوایە مارکس و تیئۆرە فەلسەفی و ئابووریەکانی ، کۆمەڵگە توشی داڕمان دەکات وخەڵک لە ئیمان دادەبڕێت . لەهەمان کاتدا تۆمەتی گوێنەدان بەشکۆی نەتەوەیی و پرەنسیبە نیشتمانیەکانیان دایە پاڵ چەپەکان . و بەخەڵکی گێرەشێوین و ئانارشیستی دژە دەوڵەت وێنایان کردن . 

ڕاستڕەوەکان بەپێ ی ئەوەی دۆست و پشتیوانی دەستەڵاتن و بڕوایان بە گۆڕانکاری و چاکسازی لەسەرەخۆ و مەرجدارهەیە ، لەهەر کۆمەڵگەیەکدابن ، دژ بە خواستی گۆڕانکاری خێرا و ڕیشەیی چەپەکانن . لە پاش پەیدابوونی مارکسیەتیشەوە ، هەموو چەپێک بە لیبریاڵ و عیلیمانیەکانەوە بە چەپی مارکسی و کۆمۆنیست دەناسێنن و ناکۆکیەکانیان لەگەڵ چەپەکاندا  لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەستەڵات ، پێ ی نایە قۆناغێکی پڕ لە جیاوازی قوڵترەوە ، لە سەدەی بیستەمدا ، ڕاست و چەپی فیکری سیاسی  لەتەواوی جیهاندا ، هەموو کۆمەڵگەکانی تری گرتەوە . جیهانی دابەشکرد بەسەر دوو بەرەی ڕاستڕەو و چەپڕەودا ..

ماویەتی ...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×