ئاوێنە بچکۆلەکان

کامەران قازی
  2020-12-04     589
چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی( گەنجینەی نەتەوەیی کورد)
کامەران قازی
ژمارەیەک ئاوێنەی وەڵامگەلیی گفتۆگۆی ڕۆژانەیە بۆ پرسیارە کوردستانییەکان
دووەم - ئەوەی سەر بە کوردە، منیش دەگرێتەوە....
سڵاوێکی کوردستانی، ئێستا پاش سی ساڵ دەسەڵاتی کوردیی لە باشووردا، کە لە ھەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو بەشەی نەتەوەکە لە ناوخۆدا، شکستی ھێناوە و لە دەرەوەشدا زۆر سووک و بێ بایەخ بۆی دەڕوانن ( بوارە دیبلۆماسییەکە)، یەکێک لەو قسە بێ مانا و چەواشەکارانەی سەرانی حیزبەکانی باشوور و ئەو بەشەش لەنەتەوەکە لە ڕۆژھەڵات ( کە سەرانی داڕزاوی حیزبەکانییەتی و وەک پاشکۆیەک شوێن حیزبە باشوورەیەکان،کەوتوون ئەوەیە کە دەڵێن: 
•ئێمە نابێت، خۆمان لە کاروباری یەکتر ھەڵقورتێنین!!!!
ئێمە بەدرێژایی سەد ساڵ، لەسەر ئەوە کارمان کردووە، کە زمانەکەمان بەھۆی زاراوە زۆروزەوەندەکانییەوە، دەوڵەمەند بکەین و ستاندارێکی بۆ وەدۆزین.
لەسەر خانی، مەستوورە و جگەرخوێن، لەسەر زەمبیل فرۆش و شەرەفنامە، بەدرخانییەکان و گیوی موکریانی، پیرەمێرد و مەولەوی، شێخ مەحموود و سمکۆ، عوسمان سەبری و عارەبی شەمۆ، نالی و سوارەی ئێلخانی زادە، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و لورنەژاد، مامۆستا مەسعوود و عەبدولڕەحمانی زەبیحی( مامۆستا عولەما)، ژ. ک و پاسۆک، تۆفیق وەھبی و ڕەفیق حیلمی، ھەژار و ھێمن، حەسەن زیرەک و ئەحمەد شەماڵی سنەیی، دەروێش عەبدوڵا و دیلان، ڕەفیق چالاک و ئەحمەد موختارجاف، عادیلە خانم و مارگرێت، لەیلا قاسم وبێریتان.......
ھەر بەو زمانەی دایکی خۆمان کە کوردییە، شەونخوونیمان کێشا و لەگەڵ دەنگیان گەورەبووین و لەگەڵ مەرگیان گریاین و بە شیعرەکانیان ئارام بووینەوە و بەلاوک و بەستە و سروودەکانیان گەشەمان کرد...
زۆر و سیاسەت نەیاتوانی لێکمان دابڕن، ئەوەی کوردێکی سلێمانی نووسی کوردێکی سنەیی خوێندییەوە، ئەوەی بەدرخان دەستی پێکرد، گیوی موکریانی درێژەی پێدا، ئەوەی زەبیحی بیری لێ کردەوە، بوویە ڕێچکەیەک لەھەرچوارپارچەکە، ئەوەی ئایشەشان چریکاندی، بوویە لایلایە لە ھەولێر، 
•ئەوەش مامۆستا مەسعوود، وتی و نووسی، بوویە شێواز و بیرکردنەوە و ڕێگای بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون بۆ نەتەوەکە: 
ئێستا لەم سەردەمەی ئاگرباران و یەکتر دۆزینەوەیەی کورددا و ھاربوونی گورگەکاندا، بە ئێمە دەڵێن: ئەوانەی خوێندووتانەوە، فێری بوون و خۆشتان ویستن و بوونە ناسنامەی بوونتان، ھیچ نەبوون و تراویلکەبوون.
ئەوەی ئێمە دەیڵێین و دەیکەین، ئەوە کوردەواری و( کوردایەتی)یە و وەرن و خۆتان لە ئاوی پاکژبوونەوەی چەمی، ھزر و ڕێبازی تێکۆشانی ئێمەدا هەڵکێشن و جارێکی تر لە دایک ببنەوە!!!.
لەھیچ قۆناغێکی مێژوویی کوردا وەک و ئێستا، نەتەوەکە، سنوورە دەسکردەکانی دوژمن و حیزبی ناوخۆیی نەناسیووە و پێی پێدا نەنانەوە، ھیچ کاتێک لەدەرەوەی نیشتماندا ھێندەی ئێستا، چاو بە چاو و زار بەزار و دەست بە دەستی، کورد بە کورد نەگەیشتوون.
ئێستا ئەوەی لای حیزبەکانی خەیاڵە، لای نەتەوەکە بۆتە واقعێکی ڕۆژانە، سەرسام مەبن، لەناو ھەموومیللەتاندا، نامۆبوون لە نەتەوەی خۆ و خۆ بەبچووک زان و میللەت فرۆشیی، بوون و دەبن.
ئەوان لێیان شێواوە و نازانن، ئەوەی سەر بەکوردە منیش دەگرێتەوە، تابلۆیەک لە سنە کێشرابێ، شیعرێک لەسابڵاخ وترابێ، فرمێسکی دایک و منداڵێ لە مێرسین ڕژابێ، ھەڵمەتی خوشکێکم لە كۆبانێ و لە حەفتانین، ڕوخانی لانەی پەڕەسیلکەیەکم لە خانەقین، گەمەی دوو منداڵی کورد لە ھەندەران، دارە سووتاوەکانی چیاکانی مەریوان، تەرمی بێنازی کۆڵبەران، سترانی (ئاسۆ ڕوونە)ی زیندانیان، 
-وەڵامی پرسیاری: کوا کوردستان؟!
•دەست لەسەر دڵ دانانی براکانمان.
•ئەوانە گشت وا سەدساڵە، ماڵی منن، کەسی منن، ژینی منن و گیانی منن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×