ئاوێنە بچکۆلەکان

کامەران قازی
  2020-12-02     579
چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی( گەنجینەی نەتەوەیی کورد)


ژمارەیەک ئاوێنەی وەڵامگەلیی گفتۆگۆی ڕۆژانەیە بۆ پرسیارە کوردستانییەکان
یەکەم- ئەگەر کەوتمە سەر دووڕێیانێک .......
سڵاوێکی کوردستانی، لەو بڕوایەدانیم، کوردێک ھەبێت دژی دەوڵەتی کوردی بێت، ئەگەر وا بوایە ھیچ دایک و باوکێکی کورد، ڕێگەی بە منداڵانەکانی نەدەدا بڕۆن و لە زۆر حاڵەتیشدا گۆڕغەریب بن!!
 بەھەزاران کوڕ و کچی تاقانەی خیزانی کورد، گیانیان بەخشی بە سەربەخۆیی نەتەوەکەیان و بیستویشمانە و بینیویشمانە کە دایکی کورد، ھەناسەی ھەڵکێشاوە کە ھەر ئەو کچە یا کوڕەیان ھەبوو بیبەخشن بە سەربەخۆیی نیشتمان، خۆزیا زیاتریان ھەبایە تا جێگای کچی شەھید یا کوڕی شەھیدیان چۆڵ نەبایە.
ئەوا بۆ حەفتاساڵ دەچێت، مێژووی ئەم نزیکانەی نەتەوەکە، ھەرگیز ئەوەندە خوێنی لەبەر نەڕۆیشتووە، بێگومان، کورد بە ئەندازەی دروستکردنی چوار دەوڵەت خوێنی دا، ئەی بۆ ھیچی دیار نییە؟!
دایکی کچ و کوڕی شەھیدی کورد، دەپرسێت و پرسەکەیشی ڕەوایە.
ئێمە کە دەنووسین و خەم دەخۆین و نیگەرانی بارودۆخی بەتالوکەی نەتەوەکەمانین، ئەرکی کورد بوونمانە بەر لەو دایک و باوکانە بێینە دەنگ، بپرسین، ڕەخنە بگرین، لێپێچینەوە بکەین، ڕێ بگرین، ئەوە ئەرکی قەڵەم و فکری ئێمەیە، ئەوان کچ و کوڕەکانیان بە ئێمە سپارد، بۆ بەدیھاتنی ئەرکێکی پیرۆز، (سەربەخۆیی!!).
وەلێ نەک سەربەخۆیمان بەدیاری بۆ دایک و باوکەکان نەھێنا، لە پاش ئەو ھەموو دەوڵەتە کوردییەی لە مێژوودا بوومانە، ئەوا ئێستا بە شوێن بەھانەوەین، تا لایەنە کوردییەکی بەرانبەرمان تاوان بار بکەین و شیر و تیر لە یەک دەسووین، بە ناوی نەتەوەوە!!
-  تۆ، مافی خۆتە،
- من، ئەرکی سەرشانمە و
- ئەو، کورد بوونیی کردویەتییە ئەرک: تۆ بپرسی و من ئاگام لێتان بێ و ئەو بەھی خۆیمان بزانێ.

ئەوەی تا ئێستا کراوە، لە وشیارییەوە بێ یا نەزانینەوە، خولانەوە بووە لە بازنەی سۆزدا، نەک ھەنگاونانی سیاسی تۆکمە کە شایان بەو تێکۆشانە بێت بۆ نەتەوەیەکی برینداری تاسەر ئیسقانی وەک کورد.
ئەوەی ھەبووە چەند ئەڵقەی پێکەوەگرێدراوی حیزب گەلێک بووە کە لەھەناوی یەکترەوە چاویان بەم زامە قوڵە ھەڵھێناوە و ساڵ لە دوای ساڵ، برینەکەیان قوڵتر کردۆتەوە، چونکە ئێدی، کوردەوای بوویە کاڵایەکی ڕەواجدار بۆ حیزبەکانی باشوور و ڕۆژھەڵات، چۆنیش لە بەرژەوەندیان بوو، بە گەلیان فرۆشتەوە،  ئەنجامەکەش وەستان و ڕامان بوو لەھەمان بازنەی حیزبەکاندا، ھەمان سەرکردایەتی و ھەمان بەرنامەی تاوانبارکردنی ئەوی دی.
ئیمپراتۆریەتی ڕۆما بە سی ساڵ دامەزرا ، ئەی ئەگەر خەڵک لە پاش سی ساڵ لەباشوور یا ھەر پارچەیەکی تر، پرسیار لە حیزبەکان بکەن و بڵێن کوا: ئازادی، سەربەخۆیی، نان، ژیانێکی شایستە، خوێنی منداڵەکانمان،
-  ئایا ئەوان کفری دوژمنایەتی حکومەتیان کردووە؟!!!.

ھەر حیزبێک نەیتوانی و نەیویست، بەرانبەرێکی ژیری جیاواز لە بۆچوونی ئەو بۆ چارەسەری گرفتەکانی نەتەوەکە، ھەبێت و ھەوڵی دروست کردنی نەدا، ئەو حیزبە دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە و لارییە فکرییەکانی دروست بکاتەوە، ئەگەر بۆی نەکرا دەبێت، بە شانازییەوە، داوای لێبووردن لە گەل بکات، یا ھیچ نەبێت، داوای یارمەتی لەگەل بکات بۆ ڕزگار بوون، لەو گێژاوەی تێی کەوتووە، ئەوە خۆی سەرەتا و دەسپێکێکی زۆر دروستە.

من، لە ژێر کام دار، ئاڵا، لە داوێنی کام دایک و لە سێبەری کام باوکی کوردا چاوم بۆ ژیان ھەڵھێنا و گەورە بووم، ھیچ ئیمتیازێک بە من نابەخشێ و پسوڵەی خۆ بەزلزانین و لە سەرووبوونی نەتەوەکەمەوە، پێ نادات و مۆڵەتی دەربازبوونم نییە لە لێپرسینەوە!!!
نەتەوە، لەھەموو کەسایەتی، خێزان، دایک، باوک، خێڵ، عەشیرەت، دار، ئاڵا...ھتد مەزنترە و قۆناغە ھەرە گەشەکردووەکەی، ئەو پێکھاتانەیە، ھەرچەندە عەشیرەت و عەشیرەتبازی( کە حیزبەکان نوێنەرایەتیی دەکەن)، تا ئێستایش، ڕێگر بووە لە کۆکردنەوەی کوردا لە چوارچێوەی نەتەوەیەکدا.

بیرمەندی گەورەی ئێمە، مامۆستا مەسعوود دەڵێت:
" ئەگەر کەوتمە سەر دوو ڕیانێک، نەمزانی کام ڕێگایە ھەڵبژێرم، پرسێ بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگایەیان پیشان دام، من ملی ڕێگاکەی تریان دەگرم و دڵنیام کە ڕاستم ھەڵبژاردووە".
ئێمە کە ئێستا ئەم قسەیە وەک پێوانەیەکی بێخەوش، بۆ ڕەفتاری ئەم حەفتاساڵەی حیزبەکان، بەکاردێنین، کە ھەر دەبێ وایش بکەین، ئەوا دروست بەو ئاکامە دەگەین، کە دەبێ ڕێگایەکی تر بگرین.
 خۆ قسەی ئەو سۆز و کاری سۆزداریی نییە، پوختەی خوێندنەوەی دەفتەری ھەزارساڵەی کوردە، کەواتە بۆ ئێمە ئێدی بۆتە حوجەت، فەرمان و دەستوور.
چون ئێمەیش خەریکین، قەڵەم بەکاردێنین و بۆ گەلەکەمان دەنووسین، ئەگەر نووسین و وتنمان، ئازادی، بەرھەم نەھێنا، ئێمەش دەبێت بە فکر و ڕوانینماندا بچینەوە، تا چیدی تاوانی یاریکردن بە سۆزی نەتەوەکە، لە ئێمەشەوە نەگلێ.
ھیچ کەسایەتی، ناودار، زانا، بنەماڵە، خێڵ و سیاسەتمەدارێکی کورد، کوردەوای، تاپۆ نەکردوە، کەس بۆی نەبێ پەرژینەکەی ببەزێنێ!!
دەبێت ئەم یاریکردنە بە سۆزی نەتەوەکە، لە ئێمەدا کۆتایی پێ بێت و وەک میراتێک بۆ منداڵەكانمانی نەگوێزینەوە، با نەوەکانی ئێستا و داھاتوو، بە ئازادی درێژە بە نەرێتە جوان و مرۆییەکانی ئێمە بدەن و فکر و ڕەفتارمان لە بێژنگ بدەن، ئەوە مافی خۆیانە، ئەوان نابێ وێنە ڕەنگینەکەی باوانیان بن، دەبێ خۆیان بن، بۆوەی دەوڵەتێک بۆ نەتەوە ستەمدیدەکەیان بنیات بنێن، ئەمانە ڕاستی تاڵن، کە ئاکامێکی شیرینیان دەبێت

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×