فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن

کامەران قازی
  2020-01-14     333
بەخێرای بەسەر مێژوویەکی درێژی ناوچەکەدا باز دەدەم لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەوە مێژووە و دەبێت خوێنەر خۆی بۆ سەرچاوەکانی بگەڕێتەوە و لە وتارێکیشدا ناتوانم ئەو مێژووە بگێڕمەوە بۆ خوێنەر.

لەم ناوچەیەدا کە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، زۆر فۆڕمی بەڕێوەبردن یا پێشنیاز کراوە یا بە زۆری سەپێنراوە بە سەر خەڵکدا. بەڵام ئایا بیرکردنەوە و لێ تێگەیشتنی خەڵکی چ ڕۆڵێکیان هەبووە بۆ بەردەوام بوونی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە؟!. ئەم پێرۆزبوونەی سەرکردە و سەرۆک لە کوێوە لە زەینی خەڵکدا ڕیشەیان داکوتا؟!

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لانکەی سێ کتێبی ئاسمانییە، کە بریتین لە تەورات و ئینجیل و قورئان. کە بەدوای یەکدا لە کات و شوێنی جیاوازدا بۆ پەیامهێنەرەکان نێردراون. ئەمە بەو واتایە دێت کە ئاین ڕۆڵی گرنگ و سەرەکی هەبووە لە ژیانی مەعنەوی خەڵکدا کە بۆتە بنەمای ژیانە مادییەکەشی، واتە ژیانی ڕۆژانەی. 

لێکدانەوەکان بۆ ئەم پەیامانە و وتە و مەبەستەکانی یەزادن، جودا بوون و بوونەتە هۆی دروست بوونی مەزهەبەکان، کەواتە دەتوانین بڵێین کە مەزهەب ئاین نییە، بەڵکو لێکدانەوەیە بۆ ئاین، کە بۆتە هۆی گرفتاری گەلێک مەزن، لێرەدا مەبەستی من ئەوەیە کە شیکاریی بۆ پیرۆزکردنی  (کەس) بکەم و پەڕینەوەی ئەم پیرۆزییە لەم ساڵانەی دوایدا لە لێکدانە ئاینییەکانەوە بۆ ناو پرۆژە سیاسییەکان کە بووە هۆیەکی بنەڕەتی مانەوەی دەیان ( دیکتاتۆر) لە وڵاتانی جودای ئەم ناوچەیەدا.

سەرەتا ئێمە ئەوە دەزانین کە زۆرینەی گەلانی وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست موسڵمانن، منیش بۆ لێکدانەوە و شیکاریی لە باسەکەمدا پشت دەبەستم بە بۆچوون و لێکدانەوەکانی زانایەکی کورد (کاک ئەحمەدی موفتی زادە) کە بیرمەند و توانایەکی لە ڕادەبەدەر خودادای هەبووە، ڕاستگۆ و حەق بێژ و نموونەی لە ڕەوتی ژیانی مەعنەوی ئەم سەدە زۆرانەی مێژووی ئاینی ئیسلامدا، نایاب و دەگمەنە، هەروەها لەبەر ئەوەش لەنەتەوەکەی خۆمە، باشتر لە هەڵوێست و بۆ چوونەکانی تێ دەگەم، ئەو دادخوازییەش کە لە لای ئەو دەیبینم لای کەم لە زانا و ڕێبەرانی تری ئاینیی لە نەتەوەکانی سەردەست بەدی دەکەم، ئەمەش ئاساییە، چونکە ئازارەکە لای چەوساوەکە زیاتر دیاری دەدات و باشتر و وردتر بەداوی ڕاستییەکاندا دەگەڕێت بۆ چارەسەرەکەی.

بەپێی بۆ چوونی کاک ئەحمەد بۆ دانانی یاساکانی وڵات بەڕێوە بردن، یەک سەرچاوە هەیە کە (شورا) یە، شوراش لە زانا و بیرمەندانی گەلان پێک دێت بەهەموو بیرکردنەوە و بۆچوونەکانیانەوە چ ئاینی بن چ غەیرە ئاینی، واتە ئاین نابێت بکرێتە پێوەر بۆ باشی کەسێک یا ناباش بوونی و تەرازوویەک بۆ وەرگرتنی بۆچوونی یا ڕەتکردنەوەی . 

لە قورئاندا باس لە (أولی الأمر) هاتووە کە کاک ئەحمەد دەفەرمێ لێکدانەوە و خیانەتی مێژوو نووسان بووە هۆی تێکدانی چەمکی (أولی الأمر).

لای کاک ئەحمەد بەهیچ بارێک و لەهیچ حاڵەتێکدا ئەم چەمکە بۆ یەک کەس، تاقە کەس بەکار نایەت و مەبەست لەم چەمکە (شورا)یەو هەرگیز بەمانای تاقە کەس نایەت، ئەگەر چی ئەو کەسە، دڵسۆزترین، زاناترین، چاککترین، ئازاد، ئازاترین و بە تەقواترین کەسیش بێت لە وڵاتدا، نابێت و ڕێگە نەدرواوە کە تەنیا یەک کەس بڕیاردەر بێت، لە کێشە و ژیانی گەلاندا. چونکە (أولی الأمر) لە قورئاندا بۆ کۆیە نەک تاکە کەس.

من پێم وایە کە ئەو لێکدانەوە هەڵەیە کە کاک ئەحمەد ئاماژەی پێ دەکات بۆ (أولی الأمر)، کە چەند سەدەیە کاری لەسەر دەکرێت، پاش دروست بوونی حیزبی مۆدێرن، گوێزرایەوە بۆ ڕوانین و تێگەیشتن لە پلەی سەرۆکی حیزبەکان، یا بۆ سەرۆکی دەوڵەتەکان هەر بەو جۆرە پیرۆز کران و ئەوانیش ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەیان قۆستەوە بۆ بەردەوام بوونی دەسەڵاتەکەیان، ئەوەش لەبەر چاومانە، ئەگەر سەرۆک زەلیل و داما و ئیفلیجش بێت، واز ناهێنێت و دەیەوێت تا ڕۆژی قالوبەلا هەر سەرۆک بێت و بڕیاردەر. بەهۆی ئەو تێگیشتنە هەڵەیەوە لەلایەن خەڵکانێکی زۆرەوە کە سوود و قازانجیان لە مانەوەی فەرمانڕان و سەرۆک دایە، فەرمانڕانەکان پشتیوانی دەکرێن، دیارە تا زەمینەی مانەوەی شتێکیش نەبێت، بۆ نمونە فەرمانڕانێک، توانای مانەوە و بەردەوامبوونیشی نابێت.

تەنانەت گوێشمان لە مەلای ئێستای کورد بووە کە ئەم لێکدانەوە هەڵەیەیان بۆ ئەو چەمکە کردوە، لە باسکردنیاندا بۆ پشتیوانی سیاسەتی فەرمانڕانان. یا بۆ سەرۆکێکی بێگانەش کە بەشێکی کوردستانی داگیر کردووە و پەلاماری بەشێکی داگیرکراوی تری کوردستانیشی داوە، ئەمە چەواشەکارییە و تەفرەدانی تەنانەت شوێن کەوتووانی هزر و بیرکردنەوەی خۆشیانە.

ئێستا پاش بە ئاکام نەگەیشتن و شکستهێنانی پڕۆژەی: 
چەپەکان، ئیسلامییەکان، ڕۆشنبیرییەکان و نەتەوەییەکانی وەک ئومەی عەرەبی و بانگەشەی ڕەگەزپەرستیی نەتەوە سەردەستەکانی تر. پێدەچێت هەموو فۆڕمێکی بەڕێوە بردن کە لە دنیادا پەیڕەو دەکرێت، لەو سەر زەمینەدا شکست بێنێت، نوێترینیان، فۆڕمی دیمۆکراسییە، کە هەر کردیان بە پەند* و کارێکیان پێکرد کە بووە لەکەیەکی زۆر ناشرین لە مێژووی ئەم بزوتنەوەیەدا.

لە بیرکردنەوەدا لە گرفتی فەرمانڕانەکان و بەردەوام بوونی دەسەڵاتەکەیان و ئەو لێکدانەوە هەڵەیەی بۆ ئەو چەمکەی سەرەوە کراوە، دەشێ کە گەلانی ناوچەکە فۆڕمێکی تر تاقی بکەنەوە ئەویش ئەمەیە:

دوو هەڵبژاردن دەکرێت بۆ دوو دەسەڵاتی جودا، دەسەڵاتی یاسادانان کە سەرچاوەی هەموو کاروبارێکی وڵات بێت. هەڵبژاردنی دووەمیش بۆ حکومەت دەکرێت کە لێرەدا حکومەت فەرمانبەری دەسەڵاتی یاساییە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە، جگە لە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کردنی دەزگای بەڕێوەبردن، کە فەرمانگە و پڕۆژە و دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیە، ئەمانەش دەبێت خەڵکانی دەرەوەی حیزبەکان بن، بریتین لە پسپۆڕان، تەکنۆکراتەکان کە شایستەیی و توانای خۆیان هەم بە دۆکیومێنت و هەم بە پراکتیک سەلماندووە.

هەموو گرێبەست، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کاروبارە سیاسیی، سەربازیی، داراییەکان و بازرگانی لە سەرچاوەی یاسا دانانەوە، ئاڕاستە دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت، مانای حیزب بەهیچ جۆرێک نابیت ڕۆڵی لە دەزگای بەڕێوەبردندا هەبێت. کۆمیتەیەکی بەدەسەڵات و بڕیاردەر چاودێریی هەموو کاروباری دەزگای بەڕێوەبردن دەکات و هەموو فەرمانگە و پڕۆژەیەک دەشێ لە وەخت و نا وەختدا ئەندامانی کۆمیتەی چاودێری سەردانیان بکەن و لە کاروباریان بکۆڵنەوە.

دەزگای بەڕێوەبردن توانای دامەزراندن و ئاڵۆگۆڕی نابێت لە پلەو پایەکاندا و دوای چوار ساڵ دیسان هەڵدەبژێرێننەوە و خەڵکانی شایستە ئەگەر هەڵبژێررانەوە تا چوار ساڵی تر دەتوانن کارەکان بەڕێوە بەرن و هیچ خاوەن پلەیەکی وەزارەتەکان و سەرەک وەزیرەکان، پلەکانی تری بەڕێوەبەرایەتییەکان، بە دەزگای یاسا دانانیشەوە، ناتوانن لە دوو خول زیاتر بەردەوام بن.

بۆهیچ ئەندامێکی پەرلەمان ( سەرچاوەی یاسادانان) یا هیچ وەزیرێک و سەرەک وەزیرێک، بەرێوەبەرێکی گشتی و سەربازیی، ئیمتیاز و شایستەگیی تر نابێت هەبێت، بەو مووچە دیاریکراوەی کە هەیانە ژیانی خۆیانی پێ دەگوزەرێنن، وەک هەموو فەرمانکار و خزمەتگوزارێکی تری کۆمەڵگا. 

لە ئێستادا ئەوەندەی وەزارەت و پەرلەمان ( سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا ) تەخەروج پێدەکات، چارەکی ئەوە کۆڵیجەکانی بازرگانی و بەڕێوەبردن، ئەم کارەی بۆ ناکرێت، ئەمەش ستەمە. 

هەوڵدانی حیزبەکان بۆ ئەوە دەبێت کە بە پڕۆژەکانیان بتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە کە تەنها بریتییە لە هاوبەشیکردن بە پێی دەنگەکانیان لە ( سەرچاوەی یاسادانان و کۆمیتەکانی سەر بەو سەرچاوەیەدا)، ئەمە ڕێگە دەگرێت لەوەی کە ڕێکەوتن لەسەر پۆست و پلەو پایە بکرێت ژێربەژێر یا بە ئاشکرا، چونکە دەزگای بەڕێوەبردن و جێبەجێکردن، خەڵک هەڵیان دەبژێرێت نەک حیزب. 

واتە  بەدانان و ڕێکەوتن نابێت لە نیوان حیزبەکاندا، حیزب هیچ دەسەڵاتێکی نابێت لە دەزگای بەڕێوەبردن و جێ بەجێ کردندا، هەروەک ئەو دەزگایەش هیچ ڕۆڵێکی نابێت لە مەسەلەی یاسدانان و بڕیارداندا. دەزگای جێبەجی کردن دەتوانێ بە بەڵگە و دوکیومێنتەوە تەنها پێشنیاز بکات لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا. دەبێ ڕاپۆرتی وەرزی بەرزبکاتەوە بۆ کۆمیتە تایبەتییەکانی ناو سەرچاوەی یاسادانان سەبارەت بە پڕۆژەکان.

ئەمە فۆڕمێکی نوێی بەڕێوە بردنە، کە ڕێگر دەبێت لە دروست بوونی گەندەڵیی و هەموو خوارییەکانی تر.

لەبەر ئەوەش بودجە لەلایەن ( سەرچاوەی یاسادانانەوە ) بۆ هەر فەرمانگەیەک دیاری دەکرێت، بەپێی پێویستی ناوچەکە، ئەوا دەزگای بەڕێوەبردن و جێبەجێکردن، هیچ بڕە پارەیەکی لەبەر دەستدا نییە، تا بتوانێ بۆ مەرامی حیزبیی و گەندەڵی کردن، بەکاری بێنێت.

دەزگای دادوەریی باڵا توانای لێپرسینەوەی لەهەموو ورد و درشتێک دەبێت ( چ حکومەت چ دەزگای یاسادانان) و هێزی پۆلیس سەر بە دەزگای دادوەری دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و ئازادی هاوڵاتییان، هەموو کێشەکان لەدادگادا چارەسەر دەکرێن و پۆلیس ئامڕازی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دادوەرییە. 

ئەمە فۆڕمی گشتی ئەو شێوەی بەڕێوەبردنەیە، کە ڕەنگە بتوانێ تا گەیشتن بە کەنارێکی ئارام و پێگەیشتنی نەوەیەک و دوو نەوە کە بگەنە ئاستی بەرپرسیاری و تێگەیشتن لە ئینسان و ڕۆڵی ئینسان لە ژیانی کۆمەڵگادا  بۆ دروست بوونی زەمینەیەک بۆ گەشەکردنی ئەو فۆڕمە ئاساییەی کە هەموو وڵاتانی دنیا دەبات بەڕێوە. 

مەودای نێوان گەلانی پێشکەوتوو لە ڕووی دادی کۆمەڵایەتیی و تەکنیکییەکەوە لەگەڵ ئەو ناوچانەی ئێمەدا بۆ بەراورد ناشێت و هیچ کاتێکیش گونجاو نییە بەراوردکاریی بکرێت، چونکە کارەکە هەڵەیە و ئاکامەکەشی هەڵە دەبێت، لەبەر ئەوەی وێرانییەکە هەمەلایەن و گشتگیرە، هەموو بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە،  بەر لە هەموویان بوارە عەقڵییەکە، بیرکردنەوە لەوەی دەیڵیین و دەیکەین و شوێنی دەکەوین و وەک میراتی باوک و باپیرەمان بەرگری لێ دەکەین، تا بێکۆتاییە، ڕەنگە ئەم فۆڕمە بتوانێ ئەو گەلانە ڕزگار بکات، لە فەرمانڕانیی پشتاو پشت و بۆماوە. 

سەرنج:
* لە وتندا دەبێتە ( پەنگ ) بەوجۆرەی کە کورد ئەدای دەکات، بۆ نموونە لە زاراوەی سلێمانیدا.
  بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، ڕێگەی پێداوین لە ئاخافتندا زاراوە بەکار بێنین، بەڵام ڕێگەی نەداوە،      لە نووسیندا بەکاری بێنین، بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ئەو زمانە تا ڕادەیەکی باش ستانداردەی کە هەیە، دەبێت دەستوور و فەرمانەکانی مامۆستا جێ بەجی بکەین. 
  

ئەم وتارە 14/03/2019  نووسراوە، ئێستا داواکارییەکانی خەڵکی عێراق، بەشێک لە دروستی ئەم وتارەیان سەلماند.
خەڵکی لوبنان، لەبەر ئەو پێشینە دیمۆکراتییەی هەیان بوو، داواکارییەکانیان ڕوونتر و نزیکترە لە بۆچوونەکانی نێو ئەم وتارەوە.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×