دەوڵەتی کوردی لەبەر ڕۆشنایی شیکارییەکانی بیرمەندی گەورە مامۆستا (مەسعود محەمەد)دا

کامەران قازی
  2019-09-03     1192
چەپکێک بۆسەر خەرمانەی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

کوردەواریء کوردایەتی
بەدەر لە سیاسەتی حیزبەکانی کوردستان، ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد ( ئەدیبانیش هەر هونەرمەندن) ڕوونتر، فراونتر و بەماناتر،  توانیویانە ئەم تێگەیشتن و دەلالەتە دەرببڕن و خزمەتی بکەن، بە جۆرێک ئەگەر هونەرمەندان فریای زمان، بەتایبەتی و کلتوری کوردی بە گشتی نەکەوتبان، ئەوا چارەنووسی کلتورەکە بەدەست حیزبەکانەوە، دەبووە دەوارە شڕی دەم ڕەشەبای ناکۆکیە بەکۆتایی نەهاتووەکەی ئەوان. 

کوردایەتی وشەیەکە داهێنراوی ئەو سیاسەتە ناکۆکیخوازەی حیزبەکانە کە هەر لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونیانەوە، ئەم وشەیەیان لە لاشەی ئەسڵەکە کە (کوردەواری) یە، دابڕی و بەبەرخۆیاندا بڕی و کردیانە وێردی سەر زمانیان و پاساوی هەموو تێکشکانەکانیان، لەو ڕۆژەوە ئێدی ئەم وشەیە کرایە موڵکی ئەوان و تا هات ناشرینتر و بڵحتر پیشاندرا، چونکە شەڕی نێوان سەرکردەی حیزبەکان کە ناویان نابوو( شەڕی برا کوژی، وەک پاکانەیەک بۆ خۆیان)، هەر بەناوی کوردایەتیەوە ئەنجام دەدرا، کوشتنی براو خوشکانی کوردی پارچەکانی تر، هەر بەناوی کوردایەتییەوە ئەنجام دەدرا و....هتد، بۆیە ئەم وشەیە ڕۆژبەڕۆژ دەبووە هۆی لێکدابڕان و درز خستنە ناو جەستەی نەتەوەکەوە، لەبەر ئەو هۆیانەی لەسەرەوە باسم کردن، مانای کارکردێکی پێچەوانەی بووە، چونکە خۆی دەبوو زەمینەی فکریی بێت بۆ یەکخستنەوەی نەتەوەکە.

بەڵام بیری یەکخستنی نەتەوەکە لای ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد، دروستر و فروانتر کاری لەسەرکراوە و شوبهاندن و خزمەت پێکردنەکەش دڵسۆزانەتر و بێخەوشتر بوون، ئەوەتا مامۆستا هێمنی شاعیر ئاوا فراوان و قوڵ و گشتگیر باس لەم فکر و وشەیەدەکات و دەڵێت:

" کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم........"، دەبینین هێمن لێرەدا کوردەواری بە وڵات چوواندووە، کە ئێمەیش دەزانین، وڵات میللەت یا نەتەوەیەک لە خۆ دەگرێ کە زمانی تایبەت و داب و نەرێتی تایبەت بەخۆیان هەیە و ئەو وڵاتەش سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، کە لەهیچ جێگایەتی تری ئەم دنیایە ناچێت. کەواتە تێگەیشتنەکەی هێمن کە شاعیرێکی دڵناسکیی هەڵوەدای ئازادیی نەتەوەکەی بوو، لە تێگەیشتنی هەموو حیزبەکان فراوانتر و قوڵترە و کوردەواری شیرینتر و گشتگرترە لە 
( کوردایەتی)، کوردەواری گشتە و کوردایەتی بەشێکی ناقۆڵای دروستکراو، کوردەواری نوێنەری نەتەوەیەکە و کوردایەتی نوێنەری سیاسەتی چەوتی حزبگەلێک. 

ئەو حیزبانەی کە بیری نەتەوییان بووە لە کوردستاندا هەوڵیانداوە ئەم هەڵەیە ڕاست بکەنەوە و ئەو بەشە تێکەڵ بە گشتەکە بکەنەوە، وەلێ زۆر بە توندی بەڕەنگاریان بوونەتەوە، چونکە کوردایەتی ببووە کۆمپانیایەکی پشکداریی  کە خەڵکانێکی زۆری دەوڵەمەند کردن، ئەو بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییانە، هەرگیز بەوە ڕازی نەبوون کە کوردایەتی لە خانەی خۆیدا دابنرێتەوە و شەڕەزۆرەکان بنەماکانیان ئەم بەرژەوەندیانە بوون کە ڕەگیان سنووری پارچەکانی کوردستانی بڕی بوو، لە ڕەگ و ڕیشاڵی بەرژەوەندی هەرێمیی و تەنانەت لەگەڵ بەرژەوەندی دوژمنی کوردیشدا تێکەڵ بوون.
دوو هۆی بنەڕەتی بۆ دروست نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کورد
بیرمەند و ڕابەریی فکریمان مامۆستا مەسعوود، لە ڕامانە قولەکانیدا بۆ مێژووی نەتەوەکەی و لە خوێندنەوەی دەفتەری هەزاران ساڵەی نەتەوەکەیدا، بە ئەنجام گەل و ڕاستی گەلێک دەگات کە بوونەتە ( فەرمان و ڕاسپاردە) و تێگەیشتن لێیان و بەجێهێنانیان ئەرکە.

مامۆستا لەمەڕ نەتوانینی کورد بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک ئاماژە بە دوو هۆی بنەڕەتی و سەرەکی دەکات کە لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانیدا، دەتوانین دەستوور گەلێکی لێ هەڵهێنجین وەک هێڵ و بەرنامەی بیرکردنەوە و کارکردنمان:
نەبوونی ئابوورییەکی یەکگرتووی بەهێزلە ناو کوردا.
هەڵکەوتەی سەرزەمینی کوردان.
ئابووری بنەمای گەشەکردن و خۆڕانان و دامەزراندنی وڵاتێکی بەهێزە، کە دەوڵەتان و وڵاتانی تر ناچار دەکات، لە داڕشتنی سیاسەتیاندا، بەرژەوەندی هاوبەشی ئەو ئابوورییە بەهێزە ڕەچاو بکەن و هەڵویستی ئەرێنیان هەبێت و هەوڵ بدەن بۆ مامەڵەی بەرانبەر لەگەڵیدا.
نەتەوەیەک کە ئابووریەکی دابەشکراوی هەبێت، حاڵی شپرزە و هەوڵەکانی بۆ هەر دامەزراندنێک، سست و بێ ئاکام دەبێت و هیچ دەسەڵات و ولاتێکیش، خۆی بە گێژاوی( زیان زۆر و قازانج کەم) ەوە کە لە پلەی نەبووندایە، خەریک ناکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی نابەستێتەوە بە ئابوورییەکی پاشکەوتووی نەخۆشەوە، کە تەنانەت خۆی پێبەخێو ناکرێت چ جای ئەوەی چاوەڕێی قازانجی لێ بکەن.

مامۆستا یەکەم گرفت لەبەردەم دروست نەبوونی سنوورێکی ڕەسمی دانپیانرا و کە نەتەوەی کوردی لە خۆ گرتبا، بە نەبوونی ئابوورییەکی بەهێز لەدەستی کوردا کە خۆی خاوەنی سەرمایەکە بوایە، دەزانێت.
بیرمەندی گەورەمان ئابووری کوردستان لە هەزاران ساڵەوە تا ئیستا: " بە کانییەک کە سێ جۆگەی لەبەر دەڕوات " دەشوبهێنێ و دیارە کانی ئاواش هەرگیز چاوڕوانی پڕ بوونی لێ ناکرێت.

ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە کوردستانیان داگیر کردووە، هەرگیز ڕێگەیان نەداوە، کە بنەما ئابوورییەکان لە سەرزەمینی کوردستاندا دامەزراو و بەهێز بێت، کانزای فراوانی ئەم خاکەیان وەک ماددەی خاو گواستۆتەوە بۆ کارخانە زەبەلاحەکانی شارەکانی خۆیان و توانا فکریی و تەنانەت جەستەییەکانیان ناچار بە کۆچ کردووە بۆ پایتەخت و شارە گەورەکانی خۆیان، تا سود لە داهێنانە فکریی و زانستی و جەستەییەکانیان بکەن بۆ گەشە پێدانی ئابووریەکەی خۆیان و خزمەتکردن بە خەڵکی خۆیان، تەنانەت ئەو ئابوورییە دزراوەیان داوە بە تفاقی شەڕ و جەنگی قەڵاچۆکردن و ڕەشەکوژیی کوردشیان پێ ئەنجام داوە/ ئەنجام دەدەن.

لەم لاشەوە لەبەر نزمیی ئاستی وشیاریی و وشیاریی نەتەوەیی خاوەن سەرمایەکانی کورد کە بە پەنجەی دەست ئەژمار کراون، ئەو سەرمایە کەمەش کە لە گیرفانی کوردا بووە، سەرمایەداری جاوچنۆکی کورد، یا گوستویانەتەوە بۆ پایتەختی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، یا مامەڵەیان لەگەڵ سەرمایەدارانی پایتەختدا بووە و قازانجی گەورەیان بە ئابووری دەوڵەتی داگیرکەر گەیاندووە و ئەگەر پێویستیان بە دەستی کاریش بووبێت، ئەوا لە دەستی کاری نەتەوەی سەردەست سوودیان وەرگرتووە و کاریان بە بێانی و تاکی غەوارە داوە نەک بە لاوانی بێکاری شارەکانی کوردستان.

هەم کاری زاڵمانەی دەوڵەتانی ناوەند و هەم چاوچنۆکیی کەمە سەرمایەداری کورد، بوونەتە هۆی وێرانکردنی بەرهەمی خۆماڵی کوردەواری و کوشتنی فەڕ و پیتی خاکی کوردستان. خاک وەک منداڵیکی ساوایە بە ئاگا لێ بوون و خزمەتکردنی دەگەشیتەوە و بەرهەم دەدات و ئاوادان دەبێتەوە، لە سایەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتانی ناوەند و چاوچنۆکی کەمە سەرمایەدارانی کوردا، خاکی ئەو نیشتمانە بە قەوڵی جوانی ئەدیبانی کورد " ئاوی کەوسەر و خاکی گەوهەرە" وەک هەتیوێکی بیناز تا هاتووە و لاوازتر و بێ توانتر و شڕتر بووە. لە چاوی هەموو تاکێکی کوردا تەمی خەمێکی قوڵ دەبینیت و لەسەر ڕوخساری نێشانە گەلی بێ پەنایی دەخوێنییەوە.

کورد دەبوو بە ئەندازەی ئەو بەرگرییەی کە بۆتە هۆی مانەوەی هەتا ئیستا لەناو زۆر لە میللەتانی ناوچەکەدا کە لە ناو میللەتی سەردەستدا توانەوە و زمان و کلتوریان بووە بەشێک لە زمان و کلتوری ئەو میللەتە سەردەستانە، بەئەندازەی ئەوە، دەبوو فکری دامەزراندنی ئابوورییەکی کوردستانی مێشک و دەست و بیرکردنەوەی مژوڵ بکردبایە و دانووسانی ئابووری لە سنووری شارەکانی کوردستان تێنەپەڕاندایە و سەرمایەکەی لە گیرفانی کوردەکەدا بهێشتباوە، خۆ میللەتان لە ئاسمان بۆیان دانەبەزی و لە زەوییەوە بۆیان هەڵنەقوڵا، لە بەرگریدا تاوەی ئاسنی ماڵەکانیان تواندەوە و کردیان بە چەک و لە سەرکەوتنیاندا وەک شانە هەنگ و میللەتی مێروولە، کاریان کرد و لە زۆر خۆشی و ئاسوودەیی نەوەیەک و دوو نەوەیان بواردن و وڵاتی سەهۆڵبەندانیان کردە بەهەشت و خوای گەورەش پشتیوانیان بوو، چونکە شایان بەو پشتیوانە ئاسمانی و پیرۆزیانە بوون، ئاوادانکردنەوە کارێکی یەزدانی و فەرمانێکی ئاسمانی و ئینسانییە کە شایان بە ڕێز لێگرتن و سەروەر بوونە.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×