پێشمەرگە دێرینەکان‌و تانکەرەکانی نەوت

شنۆ عوسمان
  2019-01-29     1665

ئەوەی خاوەنی خەباتی پێشمەرگایەتی بێت دەزانێت ئێوە کێن و ڕۆژگارێک چیتان بۆ سەربەرزبوون و خۆڕاگری ئەم میللەتە کردوووە، دەزانێت چەندە برسێتی و نەھامەتییتان چەشتووە، دەزانێت  بەدەست بێ دەرمانی و نەبوونی چارەسەر لەکاتی نەخۆشکەوتنی خۆتان و ماڵ و منداڵەکانتاندا چەند ڕۆژتان بەسەربردووە، لەساتەوەختی تاریکی شەواندا ئومێدی ڕووناک بوونەوەی رۆژێکتان خواستووە، ھەڵە نیم ئەگەر بڵێم زۆربەی رۆژنامەنووسانیش لەھەستی ئێوە تێدەگەن کە چەندە بۆتان گرنگە رێز لە ماندووبوونی ساڵانی رابردووتان بگرین. ڕێزگرتن لە خەباتی ئێوە رێزگرتنە لە ڕابردووی ئێوە ڕێزگرتنە لە شۆڕشێک ئاوێتە بەخوێن و ئەنفال و کیمیاباران. 


ھەمووان رێزی ئێوە دەگرن، لەبەرئەوەی ئێوە بەرپرسی کارگێڕی و دارایی ئەم وڵاتە نین، لەبەرئەوەی ئێوە خاوەنی ھیچ کۆمپانیا و تانکەرە نەوت و کەشتییەکی بازرگانی نین، ئێوە خاوەنی ھۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکان نین، ئێوە فڵان دەوڵەمەند نوێنەرایەتیتان ناکات بۆکاری بازرگانی، بەڵکو ئەوانەی خەباتیان  نیوەی خەباتی ئێوە نیە و ھێندەی ئێوە ماندوو نەبوون خاوەنی بەشێکی زۆری داھاتی کوردستانن لەھەردوو حزبی دەسەڵاتدار.


گرنگە لەلای ئێوە شتێک ڕوون بێت، کاتێک ڕەخنە لەخەبات و لەئێستای ئەم بەرپرسانە دەگیرێت مانای ئەوە نیە ڕەخنە لە خەباتی ئێوە دەگیرێت. ئەم بەرپرسانەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستان بەرێوەدەبەن ڕەنگە زۆریان ھاوخەباتی ئێوەبن و ئێوەش بە چەند نوسینگەیەک بگەنە لایان، ئەوان کارێکیان کرد خەبات و شۆڕش و گیانی نیشتیمان پەروەرییان لەدەرونی کۆمەڵگەدا کاڵکردەوە. ئەوان نەک بەرامبەر خاک و ئێوە تەنانەت بەرامبەر بیرۆکەی کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان و نەتەوەش پێچەوانە بوونەتەوە و لەخۆیان گۆڕاون . 
لێرەوە دەبێت ئێوە لەھەستی ھەمووان تێبگەن، جیاکردنەوەی ڕەنگی ڕەش لە سپی دەستپێبکات، کەسێکی نەزان رەشوسپی پێکەوە دەسوتێنێت کەسی زاناش کام ڕەنگی مەبەست بێت جیایدەکاتەوە.


ئێمە چاوەرێی ھاوهەڵوێستێک بووین لە سایەی ھیممەتی ئێوەدا نەوتی ھەرێمەکەمان کە نەوتی نەوەی داھاتووە بپارێزرێت، ھەرزانفرۆش نەکرێت داھاتەکەی بۆمیللەت بێت نەک بۆتایبەت، ئێمە چاوەرێی ئێوەین کە ھەنگاو بنێن بۆداواکاری کەمکردنەوەی گەندەڵی و کۆتایی ھێنان لەدەست خستنەقوتی خەڵک، چاوەرێی کاردانەوەی ئێوەین بۆپێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە لە دوای (چوارمانگ) ھەڵبژاردن پێکنەھاتووە ھەڵوێستتان ھەبێت.

 

ئێمە چاوەرێی ئێوەین داوابکەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە چەکی سەردەم ئامادەبکرێن بۆبەرگری، ھێزی پێشمەرگە برسی نەبن، ڕۆژەکان نەژمێرن بۆ وەرگرتنی مووچەکەیان، چاوەرێی ئێوەین بەجیاوازی حزبیتانەوە  داوابکەن ھێزی پیشمەرگەی کوردستان یەکبخرێن لەپێناو ھێزی نیشتیمانیدا، ئێمە چاوەرێی ئێوەین بێنە سەرشەقامەکان و داوابکەن خانەنشینان مووچەکانیان وەربگرن لە کاتی خۆیدا  کە یەک ساڵە مووچەیان وەرنەگرتووە.

 

ناز بەسەر ئەو حکومەتەدا بکەن کە پشکی سەرەکی ئێوەی تێدایە، بێن بۆداواکاری و باشکردنی ژیانی ئەم کۆمەڵگەیە، ئێوە داوای ئازادی نەتەوەتان کرد لەڕۆژگارێکدا ئێمەش داوای ئازادی بۆتاک بۆکاری میدیا و ڕاگەیاندن بۆ مافە مەدەنییەکان دەکەین.


پێکەوە داوای پاراستنی دێھاتە سنوریەکان بکەین، پێکەوە داوای  باشکردنی گوزەرانی کەمئەندامانی پێشمەرگە و مەدەنی بکەین، پێکەوە داوای بەرزڕاگرتنی ژیانی خێزانی شەھیدان و بەرزکردنەوەی ژیانی خێزانی پێشمەرگە و بەتایبەت ئامادەبووانی شەڕی داعش بکەین. 


بۆ تەواوکردنی زۆر ھەنگاوی دیکە پێویستمان بە ئێوەیە، بەڵام ئایا ئێوە ئامادەن بەدوورلە ھەنگاوی بیری حزبی ھەنگاو بنێن  لەم خەباتەدا کە پیرو منداڵ وژن و گەنجی ئەم کۆمەڵگەیە چاوەرێی باشکردنی ژیانی دەکات؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×