مارشا و (هیوا)

هاوکار حسێن
  2021-06-20     366
هەندێکجار هەستەکەم دەستێکی ئاسمانی شتەکان رێکدەخات، بۆ خۆیشم قورسە بڕوابکەم چۆن ئەمە بەرێکەوت رودەدات. مانگی حوزەیرانی 2012، بەڵای شێرپەنجە بۆ دایکم نازڵ بو. روداوەکە بەجۆرێک بۆ خێزانەکەمان شۆکهێنەر بو، بەرد نەما ژێرەوژوری نەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەیەک، دەوایەک. بەڵام مەخابن دەردەکە کاریی بو، کاتیش زۆر درەنگ بوبو. لەو سەروبەندەدا بەرێکەوت پەیوەندیم لەگەڵ خاتو مارشا بەست لەئەمریکا کە سەرۆکی رێکخراوێکە بەناوی (International Cancer Advocacy Network)، رێنوێنی کردم چی بکەین بۆ دایکم. یەکێک لەو شتانەی ئەوکات سەرسامیکردم ئەوەبو، لەو دورەوە مارشا ناوبانگی نەخۆشخانەی هیوا و یەک دوانێک لەپزیشکەکانی بیستبو، بیرمە پێیوتم: " شانست هەیە کە لەشوێنێکیت نەخۆشخانەی هیوای لێیە، ئەو چارەسەرەی لەوێ دەدرێت بە نەخۆش، هەمان ئەوانەن کە لە ئەمریکا هەن"، ئەمە ئەو قسەیە بو کە ئاوێکی کرد بە ئاگردا.
زەمەن هات و رۆی، من و مارشا بەردەوام لەپەیوەندیدا بوین، ساڵی 2014، شێرپەنجە دایکمی برد و منیش بەهۆی تەمەنەکەی و لێکچونەکەی، بۆنی دایکمم بە مارشاوە نا. ئەو بەردەوام رەوشی هیوا و نەخۆشانی دەپرسی و منیش هەرچیم دەزانی بۆم باسدەکرد و وەسف و سەنای دکتۆر و خزمەتە مەزنەکانی نەخۆشخانەکەم بۆ دەکرد، ئەمەش بەحوکمی ئەوەی دوو ساڵی رەبەق، هیوا ببوە رێی کانیم، هەر لە کارمەندانی پرسگەوە هەتا بەڕێوەبەر ببونە دۆست و هاوڕێ.
ساڵی 2017، بەهۆی سەفەرکردنم بۆ دەرەوەی وڵات، هەرچەندە لەروی جوگرافییەوە تا رەگی بناگوێ لە مارشا نزیکبومەوە، بەڵام پەیوەندیمان تا رادەی نەمان رۆیشت، ئەو هەواڵی نەپرسی، منیش کە ناوبەناو دەمویست هەواڵی بپرسم، هەر نەمکرد. هەفتەی رابردو کە نیگەرانیەکان بۆ نەخۆشخانەی هیوا بەرزبونەوە، تای منیش بۆ هەواڵپرسی مارشا بەرزبۆوە. بۆیە دوێنێ دوای چوار ساڵ، ئیمەیڵێکم بۆ نارد و ویستم لەپاڵ هەواڵپرسی پێی بڵێم، ئەو نەخۆشخانەیەی کە تۆی ئەمریکی و منی کورد بەشانازیەوە باسماندەکرد، ئێستا وەک لاکە مەڕێک کەوتۆتە بەر کەڵبەی گەلەگورگی حوکمڕانی کوردی. ویستم ئاگاداریبکەم، کە دوای ئەوەی هیچ گیرفانێک، بستە خاکێک، سامانی بن زەوییەک، قاچاخچێتیەک نەما نەیکەن، ئێستا لۆردانی کوردایەتی مڕیان لەشکاندنی دەغیلەی نەخۆشانی شێرپەنجە خۆشکردوە. بەڵام ئەمەم هەڵگرت بۆ دوەم نامەی دوای هەواڵپرسین.
مارشا دەمودەست نامەیەکی ناردەوە، سەرباری شاگەشگەیی بەوەی دوای چوار ساڵ سەروسەدام دەرکەوتەوە، پێیڕاگەیاندم کە لەگەڵ ژمارەیەک پزیشکان و چالاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پڕۆژەیەکیان دەستپێکردوە بۆ گەیاندنی چەند ئامێرێکی پێشکەوتوی پشکنینی پزیشکی و داوودەرمان بە ژمارەیەک وڵات و دە پێشیانەوە بەعێراق، داوایلێکردم منیش بەشداربم. بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئامادەییم دەربڕی. لەگەڵ ئەو دۆستانەشم لەنەخۆشخانەی هیوا دوایین پێداویستی و کێشەکانمان باسکرد تا لەکاتی کۆبونەوەکەدا بیخەمەڕو.
ئەمڕۆش لەڕێگەی کۆبونەوەیەکی ڤیدیۆی بەبەشداریی شەش پزیشک و ئەندام، کۆبونەوەکەمان ئەنجامدا، کە دکتۆر لوبەیب لەبەغداوە بەشداریکرد. من لای خۆمەوە، داوامکرد پشکی هەرێمی کوردستان لەناو هاوکارییەکانی عێراق دیاریبکرێت و ناوی سیان لەو دەرمانانەی کە ئێستا هیوا زۆر پێویستی پێیەتی، گەیاندمە تیمەکە. بڕیاریشە سبەی لە کۆبونەوەیەکی هاوشێوەدا، پلان بۆ گەیاندنی ئەو هاوکارییانە دابنرێت. سوپاس بۆ خواو پاشان بۆ مارشا کە لەم بێهیوایەدا دەیەوێت هیوایەکمان پێبەخشێت.
لەهەمان کاتدا ئینسان دڵی کەفدەکات کە دەبینێت بێگانەیەکی ئەمریکی لەو دورەوەو بێبەرامبەر لەخەمی ئەوەدایە خزمەتێکی بچوک بە ئێمە بکات، کەچی هاوزمان و هاودین و هاوڵاتیەکەی خۆت وەک قومارچییەک بە چەکوشێکەوە هەڵدەکوتێتە سەر دەغیلەی ئەو بێدەرەتانانە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×